سەرۆكێك؛ پەرلەمانی كرد بە دامەزراوەیەكی گرنگ

(سبەى):

دەستبردن بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نەیارە سیاسییەكانی ناچاركرد دەرگای پەرلەمانی لەسەر دابخەن، ئەو ماوەیەكی كەمتر بەراورد بە هاوتاكانی سەرۆكی پەرلەمان بو، بەڵام لەدوای خۆی ژمارەیەك یاسای جێهێشتوە كە دەكرێت رۆڵی گەورەیان هەبێت لە ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، ئەمە چیرۆكی یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانە.

دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی كاری پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان، قۆناغێك پڕ لە جموجوڵ و كێشمەكێش لەنێوان دو ئاڕاستەی جیاوازدا، ئاڕاستەیەك كە دەیەوێت پەرلەمان ئەو رۆڵەی خۆی ببینێت كە لە بنەڕەتەوە بۆی دامەزراوە، ئاڕاستەیەكی تر كە دەیەوێت درێژە بە دۆخی خولەكانی پێشتر بدات.

ئەم قۆناغە نوێیە کە د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكایەتی كرد، نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگی خایاند، ئەوەش دواى ئەوەى پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر بە “کودەتا” پرسیارێكی گەورەی لەسەر مێژوی خۆی دروستكردەوە و شەرعیترین دامەزراوەی هەرێمی كوردستانی پەكخست.

پەکخستنى پەرلەمانى کوردستان وەک تاکە دامەزراوەى شەرعى و نوێنەرى خەڵکى کوردستان، بەرئەنجامی دەستبردن بو بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، یاسایەك كە لە بنەڕەتەوە هەر دەبو پەرلەمان بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات، ئەو لە تاقیكردنەوەكەدا سەركەوتو بو، جگە لە داخستنی دەرگای پەرلەمان هیچ رێگایەتی تری لەبەردەم نەیارە سیاسییەكانیدا نەهێشتەوە.

لەماوەی ساڵێك و نزیكەی حەوت مانگدا كە د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانى دەكرد، جگە لەوەى پەرلەمان نەچوە ژێر رکێفى بەرژەوەندیە تەکس و حیزب و کەسییەکان، ژمارەیەك یاسای گرنگ دەركران كە دواتر رۆڵی گرنگیان دەبێت لە گۆڕینی ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، گرنگترین ئەو یاسایانەی كە تەنیا لە ساڵی یەكەم دەستبەكاربونی ئەم سەرۆكەدا پەسەندكراون بریتین لەم یاسایانە:

  • یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی (ئەم یاسایە هەرێمی كوردستانی كرد بە خاوەنی كۆمسیۆنێكی خۆی و وایكرد چیتر هەرێم پێویستی بە كۆمسیۆنەكەی بەغدا نەبێت)
  • یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان

لەرێگەی ئەم یاسایەوە بەپێی رێژەی كورسی و دەنگی حزبە سیاسییەكان بودجەیەكی دیاریكراو بۆ هەر پارتێك دیاریكرا.

  • یاسای خۆپیشاندان

لەماوەی سەرۆكایەتی یوسف محەمەددا پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ زامنكردنی مافی خۆپیشاندان پەسەندكرد، ئەم یاسایە دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبو، بۆیە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم ڤیتۆی كرد و رێگەی نەدا یاساكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەماوەی حەوت مانگی ساڵی (2015)دا واتە بەر لە پەكخستنی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە، پەرلەمانی كوردستان چەند یاسایەكی گرنگی پەسەند كرد، لەوانە:

  • یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان

ئەم یاسایەكی گرنگ بو بۆ پاراستنی داهاتی گشتی لە دزی و گەندەڵی و شەفافیكردنی لەبەردەم دامەزراوەی چاودێریكردندا كە پەرلەمانە.

  • یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان

ئەمەش یەكێكی تر بو لەو یاسایانەی كە لە هەمان ساڵدا پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كرد، یەكەمجار بو لە هەرێمی كوردستان بە یاسایەك زامنی مافی پێكهاتەكان بكات لە هەرێمی كوردستان.

جگە لە یاساكان، لەماوەی سەرۆكایەتی یوسف محەمەددا، پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری مێژویی دەركرد كە گرنگترینیان بریتین لە:

– بڕیاری ناونانی پارێزگای هەڵەبجە وەكو پایتەختی ئاشتی

– بڕیاری پاڵپشتیكردنی گەلی رۆژئاوای كوردستان

– رەزامەندی لەسەر بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ

لەماوەی سەرۆكایەتی ئەودا، هەرێمی كوردستان دوچاری كێشمەكێش هات، بەڵام كێشمەكێشێكی دیموكراتیانە، شەڕی چاودێركردنی چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتی خەڵك، تەنیا لەماوەی ساڵێك و حەوت مانگدا كە ئەم پیاوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردوە، بە بەراورد بە چوار ساڵی خولی پێشوی پەرلەمان، پەرلەمانتاران دو هێندە پرسیاریان ئاڕاستەی حكومەت و وەزارەتەكان كردوە.

یەكێك لەو بابەتانەی كە خۆی و بزوتنەوەكەی شانازی پێوەدەكەن لەو ماوەیەی لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا بون، دەستبردنە بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی.

 

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە