گۆڕان بۆ هیچ ناکات؟ توندوتیژی نا، ئەی چی؟

لەیلا جەمال

هەمومان دەستکراوەین لەبەرامبەر توندوتیژی، ئاسانترین شت ئەوەیە خەڵک جۆش بەیت، تۆ پێشکەویت بۆ شۆڕش، خەڵکیش وەک مێگەل دواتکەون. خەڵک کە ئەپرسن گۆڕان بۆ هیچ ناکا، مەبەستیانە ئەمە بکات.

کاتێک تۆ ئەبیت بە سەردارو خەڵکیش بە مێگەل، مێگەل هەمیشە پێویستی بە شوانە.

گۆڕان بۆ ئەوە دروست بو ئەمە تێک بشکێنێ، تا شتێکی تر چەکەرە بکات ئەویش گێڕانەوەی ئیرادە بۆ تاک و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لای تاک بە تاکی خەڵک، نەک دواکەوتنی خەڵک و خۆشت پێشیان بکەویت، بێ ئەوەی بزانن ئەو تونێلەی تۆ تێیان ئەکەیت سەر لەکوێوە دەرئەهێنێ، وەک تونێلی شۆڕش و راپەڕین و حوکمڕانیەکەی پارتی و یەکێتی بە ناوی کوردایەتیەوە.

توندوتیژی بە زمانی موسەقەفەکان مۆتیڤەیشنی زۆرە، بەزمانی زۆرینە  پشتی قایمە بە سەدان رایەڵە کە پاشخانێکی باشی کردەی توندوتیژین.

مەنتقی هێز، ئامادەییەکی گەورەی هەیە، لێدان و کوشتن و هەڕەشە، لە زمان و کرداری ئێمەیا پاڵپشتە بەو کلتورەی لە پێش بەعسەوە دەستپێدەکات بۆ بەعس و لە بەعسەوە درێژ ئەبێتەوە بۆ پارتی و یەکێتی و شەڕەکانیان لەگەڵ پەکەکەو ئیسلامیەکان.

لە نەستەلۆژیایی هەر کەسێکمانا تەموتومی خێڵی حەمەو سزای کوشتنی جاشەکان، لەگەڵ ئەو ئەتککردنانەی پارتی و یەکێتی و پەکەکە و ئیسلامیەکان لە شەڕەکانیاندا بەرامبەر روح و گیانی یەکتر کردیان نەنیشتۆتەوەو پاڵنەرێکی زۆر چالاکی غەریزەی توندوتیژی و ویستی پەلاماردانە لە ئێستادا.

ئێستا سەردەمی ئێمەیە، ئێمەی پاشماوەی جەنگی ئەوان. ئەوان لە هەڕەتی مناڵی و لاوی ئێمەدا، یەکتریان کوشت و توندوتیژیان چاند، ئەمڕۆ ئێمە چی بکەین و چی لە بیرو هۆشی مناڵەکانماندا بچێنین؟

توندوتیژی رەتئەکەینەوەو ناتوندوتیژی ئەچێنین، پرۆسەکە کاتی ئەوێ، پێویستی زۆری بە دان بەخۆدا گرتنە. رێک پێچەوانەی توندوتیژی.

دروستکردنی کەلێنی زیاتر دابڕانی زیاتر دروست ئەکات، لە دۆخی دابڕانیشا ناتوانین گوێ لەیەک بگرین، یان رق یان وەهم جێی تێگەیشتن ئەگرێتەوە، چونکە گفتوگۆ رونادات. ئەمە گەوەترین مەترسی توندوتیژیە، توندوتیژی حیزبەکان لە رابردودا ئەم دابڕان و پارچە پارچەبونەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دروستکرد، ناتوندوتیژی بۆ ساڕێژکردنی ئەو زامەیە.

دوبارە رەتکردنەوەی توندوتیژی، واتە ناتوندوتیژی، پرۆسەیەکی دورودرێژە، ئەم پرۆسەیە لە دەرونی ئێمەوە دەست پێدەکات و دەچێتە ناو زهنیەتی مناڵەکانمان، ئایندەی ئەم گەلە دیاری دەکات، بەڵام توندوتیژی بەردەوام تێکی ئەدات.

ئەریک فرۆم لە کتێبی لەودیو زنجیرەکانی وەهمەوە شتێکی کاریگەر ئەنوسێ، لە بارەی ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی دەرونشیکاری، لە ئەمەریکا بەدیهێناوە.

ئەوەی لە نوسینەکەی فرۆم گرنکە ئەوەیە، چەندە حاڵەتی دەرونی مرۆڤەکان دەتوانێ رەنگدانەوەی واقعی نوێ بێت و مرۆڤ لە دەرونی خۆیەوە دەتوانێ شۆڕشێک بەرپا بکات.

نمونەی شۆڕشە سپیەکان لە جیهاندا زۆرن، و مرۆڤە مەزنەکانی خاوەن خەباتی ناتوندوتیژیش هەروا.

بەڵام ئەوان بە بارەگا سوتاندن و بە جنێو و پاڕانەوە دەستیان پێنەکرد، بەڵکو بە ئایدیایی مەزن دەستیان پێکرد و بە دانبەخۆداگرتن و پێداگری لەسەر ئایدیاکانیان سەرکەوتن.

رەنگە ئەو پرسیارە بکەن ئایدیای گۆڕان بۆ ئەمڕۆ چیە، من ئەڵێم ناتوندوتیژی. ئەگەر توندوتیژیمان نەنواند دواتر ئەتوانین بیربکەینەوە، بەڵام ئەگەر توندوتیژی رویدا دواتر هەر ئەبێ بەدیار زامەکانەوە بتلێینەوە، ئەمەش دو دەرەنجامی جیاوازن.

شۆڕشە ناتوندوتیژەکان بۆ کۆتایی هێنان بون بە ستەم. مادام لێرە ستەم هەیە، خەڵکێکیش هەیە رەتی ئەکاتەوە، کەواتە هیچ هێزێک ناتوانێ بەر بە ئاڕاستەی مێژو بگرێ، وەک فۆکۆ یاما ئەڵێ: “ئایندەی مرۆڤایەتی دیموکراسیە”، دیموکراسیش حوکمی ماف و ئازادی و دادپەروەریە، نەک حوکمی هێندێک بەسەر ئەوانی دیکەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە