پایزی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی

د.هەژار مەعروف

خۆپیشاندانەکانی رۆژی (18 / 12) و دواتر کە لە تەقتەق و کۆیە و رانیە و چەمچەماڵ و  سلێمانی و… رویاندا و روداوی توندوتیژیان لێکەوتەوە، بە نەخشە و پلانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی رێکنەخرابون و نەبرابون بەڕێوە، بەڵکو بە دەسپێشخەریی خۆبەخۆ و عەفەویی سەدان چالاکوانی مەدەنی لە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بە تایبەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجامدرا، دکتۆر یوسف محەمەدیش کە بەشداربو لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانی وەک کەسێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداربو نەک وەک هەڵسوڕاوێکی گۆڕان.

لە رەواندز و هەولێر هەوڵدرا بە مۆڵەتی رەسمی خۆپیشاندان سازبکرێ، بەڵام دەسەڵاتی پارتی داوا رەسمیەکەیانی دایە دواوە، لە شیلادزێی نزیک بارزان و لە دهۆک خۆبەخۆ چەند چالاکوانێکی گەنج خڕبونەوەو ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر حکومەتی هەرێم دەربڕی، ئەگەر دەسەڵاتی موتڵەقی تفەنگچیە کرێگرتەکانی پارتی نەبوایە بەدڵنیاییەوە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکانی هەولێر و دهۆک وەک سلێمانی خۆبەخۆ دەڕژانە سەرجادەکان.

کەواتە ئەوەی پاسەوانە کەرەڤات لەملەکانی دەسەڵاتی ستەمگەری پارتی و یەکێتی لە (رۆژنامەنوس، نوسەر، پێشکەشکاری تەلەفیزۆن، دۆلارملیۆندار و ملیاردارەکان…) دەیڵێن گوایە خۆپیشاندانەکان بە پیلان و نەخشەی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەچن قەوانێکی سواوی دەنگناخۆشە کە دەسەڵاتداران خۆیشیان بڕوایان پێی نەماوە. دیارە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی ناتوانن تۆمەتی ناڕەوایی ئەوە بدەنە پاڵ خۆپیشاندەران کە گوایە جاسوسی ئێران یا تورکیا یا عێراق بن، چونکە کەس جاسوسی بە بێ پارە ناکات و ئەو سێ دەوڵەتەش ئەوەندە پارەیان لێزیاد نیە بیدەن بە سەدان هەزار خۆپیشاندەر.

لەڕاستیدا سەیر و سەرسوڕ‌هێن ئەوەیە کە بەسەدان هەزار ژن و پیاو و هەرزەکاری برسیکراو و بێکار و کرێچی و قەرزار و بێلانە و کەمئەندام و نەخۆش و زیندانیی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و خانەنشینکراو… بەردەوام نایەنە سەرجادەکان و داوای دەسبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە و کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ناکەن؟ ‌حکومەتەکەی نێچیروان و قوباد لە ناو کوردستاندا بوەتە بابەتی گاڵتە و لاقرتیی هاوڵاتیان، حەیدەرعەبادی هەر بێزی نایە بەڕەسمی وەڵامی پاڕانەوەکانی نێچیروان بارزانی بداتەوە بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لە گەڵی، لە ئەمەریکاوە پسپۆڕی ناوداری سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (مایکل رۆبن) دەیان جار بە بەڵگە و دۆکومێنت سەلماندویەتی کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی ملیاردەها دۆلاری نەوتی کوردستانیان بردوە بۆ خۆیان و لە بانکەکانی دنیادا خەواندویانە.

دەسەڵاتداران وێڕای ئەو هەمو جاسوس و چەکدار و پارەیەی هەیانە کەچی هەر دەترسن و هەمو جموجوڵێکیان لێدەبێتە پیلان بۆ کۆتایی پێهێنانیان، بەڵام نهێنیی مانەوەیان ئەوەیە کە دژەکانیان لەوان زۆرتر دەترسن! لە دوای رۆژی (20-12)وە کە گۆڕان و کۆمەڵ بەڕەسمی لە حکومەت هاتنە دەرەوە، ئیتر کاتی شکاندنی دیوارەکانی ترسە، ئیتر ئەوە بەس نیە ئەوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و رۆشنبیران و هونەرمەندان و زانایانی ئاینی و حیزبەکانی تر بەیان دەربکەن و لە شوێنی خۆیانەوە بەدەم بڵێن کە پشتگیریی خۆپیشاندانەکان دەکەن، بەڵکو ئیتر دەبێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەمو ئەو هێز و لایەن و رێکخراو و کەسایەتیانە خۆیان دەسپێکەرو رێکخەر و پێشەنگی خۆپیشاندانە ناتوندوتیژەکان بن بۆ ناچارکردنی حکومەت کە هەڵبوەشێتەوە و بە زوترین کات حکومەتێکی رزگاریی نیشتمانی دروستبکرێ لە کەسایەتیی پسپۆڕ و لێزان و دڵسۆز و پاک.

لە مێژوی بیست و شەش ساڵی دەسەڵاتیاندا دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەرگیز وا لاواز و شکاو و بێڕێز و ناڕەوا و دزێو نەبوە! من دڵنیام ئەوەی پێویستمانە تەنیا بوێری و رێکخستن و رابەرایەتیکردنی هەمو شێوازە مەدەنییەکانی خەباتە لە دژی ئەم دەسەڵاتە عەجایب و بێ وێنەیە! بەهاری راستقینەی ئەم گەلە کۆڵنەدەرە بەڕێوەیە!

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە