(سبه‌ی):
سوپای توركیا به قوڵایی (10) كیلۆمه‌تر له ده‌ڤه‌ری برادۆست سنوری هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌زێنێت و ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كان به‌چاو ده‌بینرێن و سه‌رقاڵی دروستكردنی سه‌ربازگه‌ی نوێن له سنوره‌كه‌دا.
دانیشتوانی ناوچه‌كه نیگه‌رانن له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم هیچ هه‌ڵوێستێكی نیه و بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه.
رۆژی (14)ی ئه‌م مانگه له‌م ده‌ڤه‌ره‌وه سوپای توركیا به قوڵایی (10) كیلۆمه‌تر هاته ناو سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
بۆ ده‌ستخستنی زانیاری له‌سه‌ر هاتنه‌پێشه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای توركیا، تیمی رۆژنامه‌وانیی تۆڕی میدیای گۆڕان به‌ره‌و گوندی (به‌رمیزه)ی سه‌ربه ناحیه‌ی سیده‌كانی ده‌ڤه‌ری برادۆست به‌ڕێكه‌وتن، سوپای توركیا هاتۆته ناو ئه‌م گونده‌وه كه سنوری نێوان هه‌رێم و توركیایه له ده‌ڤه‌ری برادۆست.
ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا به‌چاو ده‌بینرێن، ئه‌وان سه‌رقاڵی دروستكردنی سه‌ربازگه‌ن له ناوچه‌كه.
رۆژێك به‌رله‌هاتنه پێشه‌وه‌ی سوپای توركیا، تۆپخانه‌كانی توركیا به‌سه‌ختی تۆپبارانی گونده‌كانی ئه‌م سنوره‌یان كرد، به‌هۆی تۆپبارانه‌كانه‌وه زیانی زۆر به‌ر هاولاَتیانی ئه‌م گوندانه كه‌وت.
دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه نیگه‌رانن له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا، ئه‌وان ترسیان هه‌یه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردومانیان بكاته‌وه.
رۆژانه به‌به‌رده‌وامی فڕۆكه‌ی جه‌نگیی و فڕۆكه‌ی چاودێریی به‌ئاسمانی ده‌ڤه‌ری برادۆستدا ده‌سوڕێنه‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تائێستا وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له چه‌ند ساڵی رابردودا به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیاوه چه‌ندین گوند چوڵكراون و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتیش شه‌هید بون.