(سبەی):
ئه‌مڕۆ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی زستانه كرایه‌وه و ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌خایه‌نێت.
هه‌مو ساڵێك له رۆژی یه‌كی مانگی كانونی دوه‌مدا ده‌رگای گواستنه‌وه‌ی زستانه به روی یانه‌كاندا ده‌كرێته‌وه و ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌خایه‌نێت.
هه‌رچه‌نده گواستنه‌وه‌ی زستانه هاوشێوه‌ی گواستنه‌وه‌ی هاوینه بازاڕكردنی گه‌وره‌ی تێدا ناكرێت، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مساڵ جیاواز بێت و گواستنه‌وه‌ی گرانی تێدا بكرێت، چونكه له یه‌كه‌م گواستنه‌وه‌دا لیڤه‌رپوڵ به (75) ملیۆن پاوه‌ند ڤان دیكی به‌رگریكاری كڕی و باس له رۆیشتنی فلیپی كۆتینیۆش ده‌كرێت بۆ به‌رشه‌لۆنه به (150) ملیۆن یۆرۆ، به‌ڵام زۆربه‌ی گواستنه‌وه‌كانی زستانه به شێوه‌ی خواستن ئه‌نجامده‌درێن.
هاوکات سزای كڕینی یاریزانان له‌سه‌ر یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدیش كۆتایی هات و ئه‌و یانه‌یه دو یاریزانی نوێی بۆ ریزه‌كانی گواسته‌وه و پێشكه‌شی هانده‌رانی كردن.
یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید له نێو یاریگای میترۆپۆلیتانۆی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌ریه‌ك له دیگۆ كۆستا و ڤیكتۆر فیتۆلۆی به هانده‌ران ناساند.
دیگۆ كۆستا دوای ئه‌وه‌ی وه‌رزی رابردو له‌گه‌ڵ یانه‌ی چێڵسی نازناوی پرێمه‌رلیگی به‌ده‌ستهێنا له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵه ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ر گرژی و ئاڵۆزی تێكه‌وت و به‌و هۆیه‌وه ریزی یانه‌كه‌ی به‌جێهێشت و په‌یوه‌ندی به ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریده‌وه كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی یانه ئیسپانیه‌كه له‌لایه‌ن فیفاوه سزادرابو نه‌یتوانی یاریی بۆ یانه‌كه بكات، له ئێستاداو دوای كۆتایی هاتنی سزاكه به‌شداری یه‌كه‌م راهێنانی كرد.
له‌لایه‌كی تره‌وه یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید ڤیكتۆر فیتۆلۆی یاریزانی سیڤیلیه‌ی برده ریزه‌كانیه‌وه‌و تا ساڵی (2022) گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا ئیمزاكرد.