بارزانی ستراتیجی نەتەوەیی قوربانی تاکتیکی مەزھەبکرد

هێرش عەبدولرەحمان

راکێشانی کورد بۆ ناو ململانێ و ئەجندای تایفی و مەزھەبی جگە لەوەی کێشەی کورد وەک کێشەیەکی نەتەوەیی و جوگرافی و شارستانی و مێژویی، ئەرگۆمێنتی رەوایەتی بونی خۆی لەدەستدەدا، بەڵکو دەکەوێتە سەنگەر و بەرەی دژ بەدیموکراتی و پێکەوە ژیان و ئازادی رادەبڕین و ئازادی بیروباوەڕ و مافی مرۆڤ .

لەوێوە لەپاڵ راسیزمی نەتەوەیی فاشیزمی مەزھەبیشی دێتەسەر، لێرەوە لەجیاتی ئەوەی کورد ببێتە فاکتەری ئارامی، دەبێتە ھۆکاری شەڕو شۆڕو ماڵوێرانی و نائارامی و پشێوی و بێ ھێزکردنی بەرەی دیموکراتی لەکوردستان و ناوچەکە، ھەر ئاوڕدانەوەیەک لە راسیستی نەتەوەیی و فاشیزمی مەزھەبی و تایفی، سەرەتای لەدەستدانی ھاوکاری و پشتیوانی دنیای دیموکراتی ئەمەریکاو ئەوروپا بەدوای خۆی دێنێ، بانگەشەکانی ریفراندۆم، شایەتی سەلماندنی ئەو راستیەن کاتێ کورد بانگەشەی سەربەخۆبونی لەسەر ئەو دوتەوەرە بنیات نابو.

کورد لەمێژوی کۆن و نوێدا ھەرگیز لەبابەتی مەزھەبی نەگلاوە، کورد کێشەیەکی نییە بەناوی کێشەی مەزھەب، ئەوە وایکردوە دنیای دەرەوە بەردەوام چاوی لەسەر کوردبێت و رۆژئاوا وەک دۆست مامەڵەی لەگەڵدا بکات و جیاواز لە سوننە و شیعە سەیری کردوە .

بەشێکی زۆری ئەو پشتێکردنەی ئەمەریکاو ئەوروپا لەبارزانی، ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بارزانی ھەوڵیدا ئەم ھەرێمە بەرەو ئەجێندای سوننە مەزھەب یەکلایی بکاتەوە و بەئاشکرا لایەنگرانی پارتی و بارزانی بانگەوازی تێکشکاندنی ھیلالی شیعیان دەکرد، بارزانی ستراتجیەتی نەتەوەیی بەقوربانی تەکتیکی مەزھەب کرد !

بۆیە لە دەروازەی خوێندنەوەمان بۆ سیاسەتی زلھێزەکان و، بۆ بەردەوام بونی سەرچاوەکانی وزە، ھەروەھا بەخستنەڕوی ئەو فاکتانەوە دەتوانین بڵێین، چارەنوسی ئیدارەدانی شاری کەرکوک، بەندە بەخۆ دورگرتن و خۆ یەکلایی نەکردنەوەی کورد لەسەر مەزھەبێک و تایفەیەک، چونکە ھەردو نەتەوەی عەرەب و تورکمان، لەپاڵ راسیزمی نەتەوەیی، بەفاشیزمی مەزھەبی و تایفی، مافی مرۆڤەکانی کەرکوک پێشێل دەکەن! بۆیە کورد گەورەترین چانسی ھەیە لە ئایندەدا ئیدارەدانی کەرکوکی تەسلیم بکرێتەوە، بەڵام ھەرگیز ناھێڵدرێت و رێگە نادرێت بەھەمان میتۆدو شێوازی کاری جارانی پارتی و یەکێتی کورد کاریگەری بەسەر ئەو ھەرێمدا ھەبێت .

لە دواجاردا ھەر ھێزێک بەمیتۆدی بارزانی و بەدواکەوتوانی کاربکات، بەھەمان دەردی بارزانی دەچێت و کێشەی کوردیش رەوایەتی خۆی لەناو ململانێی تایفی لەدەست دەداو دەتوێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە