(12) کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژران

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی تاران

(سبەی):

ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بۆ (12) کەس بەرزبونەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردوە؛ لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی یەکشەممەی شارە جیاوازەکانی ئێران (10) کەس کوژراون و بەوەش ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی چوار رۆژی رابردوی ئەو وڵاتە بۆ (12) کەس بەرزبوەوە.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێرانەوە، دوان لە کوژراوەکان لە شاری دورودی هەرێمی لوڕستانی رۆژئاوای ئێران بون.

ماشائەڵا نیعمەتی، پارێزگاری لوڕستان رایگەیاند: خۆپیشاندەران ئاگریان لەژمارەیەک فەرمانگە و موڵکی گشتی بەرداوە و لەکاتی روبەڕوبونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی وەحدەتی شارەکە دو کەس کوژران کە یەکێکیان تەمەنی (14) ساڵە.

هەر لە خۆپیشاندانی شەوی شەممەی شاری دورودی لوڕستان دو گەنجی دیکە کوژران و دەسەڵاتدارانی شارەکەش دەستی دەرەکی بەهۆکاری خۆپیشاندانەکان دادەنێن.

لەلایەکی دیکەوە، چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە هەرێمی لوڕستانی رۆژئاوا سوتێنراون و ئاشکرایان کردوە کە ئۆتۆمبێلەکان سەر بە هێزی بەسیجی سوپای پاسدارانی ئێرانن.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە