ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران گەیشتە (22) کەس

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران

 

(سبەی):

دژی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێویستی رۆژانە، پێنج رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ژمارەیەک شاری ئێران دەستی پێکردوە و بەپێی ئامارە رەسمییەکان تەنها شەوی رابردو نۆ کەس کوژراون کە بەوەش ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان گەیشتوەتە (22) کەس.

تەلەفزیۆنی رەسمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە کە بە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی رۆژی رابردوی ئەو وڵاتەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێدەچێت ژمارەی قوربانیان بەرز ببێتەوە.

ئاژانسە جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن کە بەهۆی پێنج رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەردەوام لە ئێران (22) خۆپیشاندەر کوژراون زیاتر لە (400) کەس دەستگیر کراون.

لەوبارەیەوە وەزارەتی دادی ئێران بڵاوی کردەوە؛ ئەگەر ئاژاوە و تێکدان بەردەوام بێت هەر کەسێک لە خۆپیشاندەران دەستگیر بگرێت سزاکەی و تۆمەتەکەی قورستر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵگریی ئێران ناسراوە بە (ئیتڵاعات) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ژمارەیەک کەسی تێکدەر خۆیان خزاندوەتەوە ناو خۆپیشاندەرانەوە و بەبیانوی ناڕەزایەتی کاری ئاژەوەگێڕیان کردوە و ژمارەیەکیان دەستگیر کراون کە لە لایەن وڵاتانی بیانییەوە و پشتیوانیی کراون.

لە نوێترین لێدوانیدا جێگری ئاسایشی و ئەمنی پارێزگای تاران-ی پایتەختدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە سێ رۆژی خۆپیشاندانەکاندا (450) کەس لە پایتەخت دەستگیر کراون.

هاوکات عەلی شەمخانی سەرۆکی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە، سعودیە لە پشتگیریی تێکدران و ئاژاوەگێڕانی ناو خۆپیشنادانەکان دەکات بۆیە هۆشداریی دەدەینە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەستبەرداری ئەو جۆرە شێواندن و کاری تێکدەرانە ببن.

بەهۆی گرانی پێداویستییەکانی ژیان و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو پێویستییەکانی ژیان، ماوەی پێنج رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە (12) شاری ئێران دەستی پێکردوە و بەهۆی توندوتیژیی لەو خۆپیشاندانانەدا تا ئێستا (22) کەس کوژراون و زیاتر لە (400) کەس دەستگیر کراون.

لەکاردانەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا یوسف نەژاد، وتەبێژی کۆمیسیۆنی بودجە لە ئێران رایگەیاند؛ کە نرخی ئاو، کارەبا و غاز لە ساڵی داهاتودا بەرز نابێتەوە، ئەم لێدوانەی وتەبێژی کۆمسیۆنی بودجە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند رۆژێکە لە پرۆژەی یاسای بودجەی ساڵی نوێدا ئاماژە بە گرانبونی زۆربەی پێدواویستییەکانی بژێوی و خزمەتگوزاریی لە ئێران کرابو.

لەکاردانەوەی روداو و ئاڵۆزییەکانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی تاران و رایگەیاند: ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەردەوام بن لە سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران، ئەوا گەمارۆی مرۆیی دەخەنە سەر کەسایەتییە سیاسی و ئەوانەی لە پشت سەرکوت کردنی خۆپیشاندەرانەوەن.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە