د.دەرباز محەمەد: بەغدا موچەی پەروەردە و تەندروستى دەنێرێت

(سبەی):

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتى عێراق موچەى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى هەرێم دەنێرێت و وردبینى بۆ لیستى موچەى وەزارەتەکانى دیکەش دەکرێت.

د. دەرباز محەمەد، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا حەیدەر عەبادى جەختیکردۆتەوە کە موچەى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى دەنێرن.

بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەى رۆژنامەوانى وەزیرى کۆچ و کۆچبەران، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران  رایگەیاندوە “دواى تەواو بونى وردبینى لیستى موچەى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى داوا لە وەزارەتەکانى ترى هەرێم دەکرێت بۆ ئەوەى لیستەکان رەوانە بکەن بۆ ئەوەى وردبینى بکرێت”.

هەروەها دەرباز محەمەد داوا لە وەزارەت و فەرمانگە و دەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێم دەکات هەنگاوی پێشوەخشت بنێن بۆ ئەوەى لەدواى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى وردبینى بۆ لیستەکانیان بکرێت.

داواش دەکات بەڕێوەبەرى فەرمانگەکان هاوکار بن لە دەرهێنانى ناوى ئەو فەرمانبەرانەى کە دەوام ناکەن یان بندیوارن بۆ ئەوەى پڕۆسەى وردبینییەکە خێراتر بێت و زانیاری راست و دروست و وردیش بخەنەڕو بۆ ئەوەى مافی کەس نەخورێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە