ناوەڕۆکی کۆبونەوەی وەفدی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی لەگەڵ عەبادی

(سبەی):

کۆبونەوەی وەفدی هاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆتایی پێهات و کەمێکی دیکە لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبنەوە.

په‌یامنێری‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان) له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردو وه‌فدێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی کوردستان‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپەروەری گه‌یشتنه‌ به‌غدا، نێوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كۆبونه‌وه‌.

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاند: لە کۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک حیزبی کوردستانی، حەیدەر عەبادی جەختی کردوەتەوە کە حکومەتی ناوەندی یەکلابوەتەوە لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی رون و ئاشکرا و دادپەروەرانە و بەپێی میکانیزمێکی ورد.

رونی کردەوە؛ عەبادی فەرمانی کردوە بۆ بەدواچونی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە تەرخانکراوە.

لەبەرامبەردا وەفدی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردوەتەوە لەسەر بنەمای دەستوری عێراق.

دوابەدوای کۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، د.شۆڕش حاجی ئەندامی وەفدە هاوبەشەکە رایگەیاند: وەفدەکەی ئێمە وەفدێکی سیاسییە، لە سێ لایەنی سیاسی پێکهاتوە، دانیشتنی یەکەممان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بوە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبینەوە.

وتیشی :” هەرسێ لایەنەکە راگەیەندراوێک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بڵاودەکەینەوە کە هەواڵی دڵخۆشکەری تێدایە بۆ هاوڵاتیان کوردستان و موچەخۆران و فەرمانبەران و جوتیاران”.

پیشتر، ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید ئه‌ندامی‌ وه‌فده‌كه‌ به‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگه‌یاند: ئامانجی یه‌كه‌می چونی‌ وه‌فده‌كه‌ بۆ به‌غدا، داواكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی موچه‌خۆرانی هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌ كه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی (16)ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كێشه‌كان قوڵتربونه‌ته‌وه‌.

وتیشی :”بۆ مافی خه‌ڵك له‌ ده‌رگای هه‌مو كه‌سێك ده‌ده‌ین، جیاوازی ئه‌م وه‌فده‌ له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كانی پێشو كه‌ به‌ناوی حكومه‌ته‌وه‌ رۆیشتوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م وه‌فده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ناچێته‌ به‌غدا”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە