(سبەی):
ئاژانسی ناسا ئاشكرای كرد؛ دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی درێژخایه‌ن ده‌ركه‌وتوه، چینی به‌رگه‌هه‌وای گۆی زه‌وی، كه به ئۆزۆن ناسراوه و به‌هۆی گاز و ده‌رهاویشته‌كانی كلۆر و كاربۆنه‌وه كونی تێببو، به‌ره‌و چاكبونه‌وه ده‌چێت و كۆتایی به‌و مه‌ترسییه ژینگه‌ییانه دێت، كه كاریگه‌ری خراپیان له‌سه‌ر زه‌وی و مرۆڤایه‌تی دروست كردوه.
ئاژانسی ئاسمانیی ناسای ئه‌مەریكی، له نوێترین راپۆرتی زانستیدا رایگه‌یاند: دوای تێپه‌ڕبونی نزیكه‌ی (30) ساڵ به‌سه‌ر ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆڵی مۆنتریاڵ و هه‌وڵ و ماندوبونی به‌رده‌وامی ده‌زگا زانستییه‌كان و زاناكان و وڵاتان، چینی ئۆزۆن به‌ره‌و چاكبونه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت و ئه‌و بۆشاییانه پڕ ده‌بنه‌وه، كه له به‌رگه هه‌وای گۆی زه‌ویدا دروست ببون.
به‌رپرسانی ناسا ئاماژه‌یان به‌وه كردوه، ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له رێگه‌ی مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه، چاودێریی ئه‌و بۆشاییه ده‌كه‌ن، كه له به‌رگه هه‌وادا له جه‌مسه‌ری باشوری گۆی زه‌ویدا بوه‌ته دروستبوه و بۆیان ده‌ركه‌وتوه بۆشاییه‌كه ورده ورده پڕده‌بێته‌وه و به‌ره‌و چاكبونه‌وه ده‌چێت.
رێكه‌وتننامه یان پرۆتۆكۆڵی مۆنتریاڵ چییه؟
رۆژی (16)ی ئه‌یلولی ساڵی (1987) له شاری مۆنتریاڵی كه‌نه‌دا واژۆكراوه
نوێنه‌ری (24) وڵات ئاماده‌ی كۆنگره‌كه بون و واژۆیان له‌سه‌ر پرۆتۆكۆڵه‌كه كردوه
ئامانج له پرۆتۆكۆڵه‌كه رێگرتنه له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری گازه زیانبه‌خشه‌كان و كلۆر
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان پرۆتۆكۆڵه‌كه‌ی به گرنگترین هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تی له قه‌ڵه‌مداوه
پرۆتۆكۆڵه‌كه مانگی كانونی دوه‌می ساڵی (1989) خراوه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه
چه‌ند جارێك پرۆتۆكۆڵه‌كه هه‌مواركراوه‌ته‌وه به مه‌به‌ستی به‌رفراوان كردنی كاره‌كان
تائێستا شەش كۆنگره‌ی تایبه‌ت به جێبه‌جێ كردنی پرۆتۆكۆڵه‌كه سازكراوه
سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان و هه‌رێمه دانپێدانراوه‌كانیش ئه‌ندامی پرۆتۆكۆڵه‌كه‌ن
پسپۆرانی ژینگه‌یی و ته‌ندروستی ئاماژه‌یان به‌وه كردوه، چینی ئۆزۆن توێژاڵێكی پارێزگاره بۆ گۆی زه‌وی و مرۆڤایه‌تی، رێگریی ده‌كات له گه‌یشتنی تیشكی سه‌رو وه‌نه‌وشه‌یی بۆ سه‌ر زه‌وی، كه زیانێكی گه‌وره به مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و روه‌ك و ته‌واوی زینده‌وه‌ران ده‌گه‌یه‌نێت.
ده‌شڵێن: دوای ئه‌وه‌ی له ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكاندا، چینی ئۆزۆن كونی تێبو، چه‌ندین نه‌خۆشیی مه‌ترسیدار له جیهاندا بڵاوبونه‌وه و رێژه‌ی توشبون به شێرپه‌نجه و هەستیاریی پێست و چاو زیادیان كرد، بۆیه ئه‌گه‌ر بۆشاییه‌كه‌ی چینی ئۆزۆن به‌ته‌واوی پڕببێته‌وه، ئه‌وا مرۆڤایه‌تی له چه‌ندین مه‌ترسیی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی دورده‌كه‌وێته‌وه.
گاز و ماده زیانبه‌خشه‌كان كه پرۆتۆكۆڵی مۆنتریاڵ داواده‌كات رێگریی بكرێت له بڵاوبونه‌وه‌یان:
سیانه‌ی كلۆر و فلۆر و میتان (3 CFCL)
دوانه‌ی كلۆر و فلۆر و میتان
دوانه‌ی كلۆر و چوارینه‌ی فلۆر و ئیتان
كلۆر و پێنجینه‌ی فلۆر و ئیتان
به‌وته‌ی زانایه‌كی به‌رگه‌هه‌وا له ئاژانسی ناسا پرۆتۆكۆڵی مۆنتریاڵ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی تۆماركردوه و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخستوه، چاكبونه‌وه‌ی به‌رگه‌هه‌وای گۆی زه‌وی و پڕبونه‌وه‌ی ئه‌و كونه‌ی له چینی ئۆزۆندا دروست بوه، زۆر خێراتره له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا.
بەپێی راپۆرتێكی سه‌نته‌ری ئه‌وروپی بۆ توێژینه‌وه له چینی ئۆزۆن، كه سه‌ر به‌زانكۆی كامبریجی به‌ریتانییه، ئه‌گه‌ر وڵاتانی جیهان به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پرۆتۆكۆڵی مۆنتریاڵ، ئه‌وا بۆشاییه‌كه‌ی چینی ئۆزۆن له ساڵی (2060)دا به‌ته‌واوی پڕده‌بێته‌وه، به‌ڵام زاناكانی بواری به‌رگه‌هه‌وا و ژینگه ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كان به‌م ئاراسته‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بن، ئه‌وا چاوه‌ڕوانده‌كرێت، هه‌تا ساڵی (2050) چینی ئۆزۆن به ته‌واوی چاك ببێته‌وه.