موچەی پێشمەرگە و ئاسایش كەمنەكرێتەوە حكومەت موچەی پێنادرێت

(سبەى):

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هەردو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ئاگاداردەكاتەوە، ئەگەر پابەندی سیستمی پاشەكەوتی موچەنەبن حكومەت توانای دابینكردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی نامێنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (تۆڕى میدیاى گۆڕان) كەوتوە، لەبەر رۆشنایی  زانیاری هەردو وەزارەتی دارایی ‌و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەردو وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی پێشمەرگەی ئاگاداركردوە ئەگەر سیستمی پاشەكەوت بەسەر ئەو دو وەزارەتەدا جێبەجێ نەكرێت ئەوا حكومەت توانای پێدانی  چارەكە موچەی فەرمانبەرانی نامێنێت، چونكە حكومەت مانگانە بڕی (600) ملیار دیناری بۆ موچە پێویستە و هەمو مانگێك بڕی (227) ملیار دیناری بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش دەڕوات، بەڵام بە بڕیاڕی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (27) ملیار دیناریان لێبڕدراوە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی بۆ (تۆڕى میدیاى گۆڕان) ئاشكراكرد؛ هۆكاری دواكەوتنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هێزەكانی (70 ‌و 80) زۆرترین كێشەی تێدایە بڕەكەی زۆرە بەشێكی تری ئەوەیە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان رێكناكەون كە بڕی پاشەکەوتەکە چەند بێت كە لە هێزەكان ببڕدرێت بۆ نمونە ئەوان دەیانەوێت بڕی لێبڕین لە پلەدارەكان (50%)بێت نەک (75%)، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران وای پێشنیازكردوە كە بڕی لێبڕین بۆ پلەدارەكان لە (75%) بێت ‌و پێشمەرگە لە (5%) ئەم ناكۆكیە وایكردوە كە موچەی هێزەكانی پێشمەرگە  دوابكەوێت.

هەر بەپێی ئەو زانیارانەی دەستكەوتون؛ بە پێی راپۆرتێكی خودی وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەی فیعلی هێزەكانی پێشمەرگە لە نێوان (35 بۆ 37) هەزار پێشمەرگەدایە، بەڵام بەپێی میلاكات ژمارەکە لە (217) هەزار زیاترە، ئەو سەرچاوەیە وتی: “بەپێی دانپێدانانی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتەكە لە بەردەم سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هەمو ئەو گەندەڵیانەی لە میلاكاتی ناو وەزارەتەكەتدا كراوە لەو ژمارە زۆرەی هێزەكانی پێشمەرگە لە هێزەكانی (70 ‌و 80)دا كراوە، چونكە زۆربەیان پاسەوانی بەرپرسانن جگە لە پاسەوانی باخ ‌و ڤێلاكانیان.

بە پێی لیستی موچە مانگانە وەزارەتی پێشمەرگە بڕی (136) ملیار دیناری پێویستە، بەڵام لەم مانگەوە حكومەت تەنها بڕی (122) ملیار داوە بەو وەزارەتە و پێی راگەیاندون خۆتان چۆنی دابەشدەكەن بیكەن.

وەك پێشمەرگەیەك دەڵێت؛ تا لە سەنگەرەكانی بەرگری بوین هەمو مانگێك یەكەمین وەزارەت بوین و بڕێكی زۆر كۆمەك ‌و هاوكاریمان لەم وڵات ‌و لەو وڵاتەوە بۆدەهات كە هیچیشیمان نەدەبینی!!، ئێستاش كە حكومەت گڵۆڵەی كەوتوەتە لێژی  هەر رۆژە و بەهانەیەكمان پێدەگرێت وەك ئەوەی هەرچی پەیدای دەكات بیكات بە قوڕگی پێشمەرگەدا لە كاتێكدا  هەمو ئەوانەی پێشمەرگەی فیعلین موچەكانیان لە 400 بۆ 600 هەزار دینار تێپەڕناكات.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە