بایکۆتەکەی پارتی لە کەرکوک و گەرمیان؛ نیشتمانپەروەری یا راکردن لە کەمایەتییبون؟

د.بورهان یاسین

بڕیاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە کەرک و گەرمیان قسەی زۆر هەڵدەگرێ. ئەوەی لەم پۆستەدا دەخوازم بیڵێم هەر شەن و کەوکردنی هەندێک لە بۆچونەکانی پێشومە کە لە وتارەکانی پێشومدا، بە تایبەتی لە وتاری هەرە دواییمدا، پیادەم کردوە ئەویش ئەم تێزەیە: هەر کاتێک پارتی بو بە کەمایەتی بایکۆت هەڵدەبژێرێ: لە رابردودا ئەوەی کردوە، ئەمڕۆش ئەوەی کرد بەڵام بە ئەگەری زۆر لە داهاتوشدا هەر هەمان مێتود و ئامراز بەکار دەبات بۆ راکردن و خۆشاردنەوە لە کەمایەتییبون. لەم پۆستەدا هەوڵ دەدەم بە چەند سەرنجێک تێڕوانینێکم لە ئەم هەنگاوی بایکۆتکردنەی پارتی لە هەڵبژاردن لە کەرکوک و دەوروبەری هەبێ:

1) شکستەکەی 16ی ئۆکتۆبەر برینێکی گەورە بو لە جەستەی کورد و کوردایەتیدا، بەڵام گومانی تیا نییە کە بەشی شێر لەم برینە بەر کورکوک و ناوچەی دەوروبەر، بە تایبەتی خورماتو، کەوت. لە لایەکی ترەوە لە بری هەوڵی جیددی چارەسەرکردن و ساڕێژکردنی ئەم برینە، پێش هەمو کەس و لایەنێک، مەسعود بارزانی لەیەکەم راگەینادنە پەشۆکاوەکەیدا، تەنها چەن کاتژمێرێک دوای هەرەسی 16ی ئۆکتۆبەر، پەنجەی تۆمەتی خیانەتی بۆ یەکێتی درێژکرد (یا راستر بڵێین بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی). ئەمە رێک جۆرێک بو لە تێزابکردن بە برینەکەی کورد و کوردایەتی و کەرکوکی و خورماتوەکان. . .

2) ئەو دو هێزەی (واتە پارتی و یەکێتی) کە بەردەوام باس لەوە دەکەن هەر ئەوانن کە لە بەرپرسیارێتی دەگەن، باری هەرە قورس لە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی ئەوان و هەر لەبەر ئەمەش، هەڵبەتە بە لۆژیکی خۆیان، هەر ئەوان لە ئێستا و تەنانەت لە داهاتوشدا توانای ئەوەیان هەیە کە ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەن. بە کورتی و بە چڕی دەخوازن بڵێن: تەنانەت گەر هێزەکانی تر دەنگی زیاتریش لە هەڵبژاردنەکان بهێنن ئەوا دەبێ هەر ئەو دو هێزە پشکی شێریان لە دەسەڵات لە دەستدا بێت! کەچی هەمو ئاماژەکانی دەسەڵاتێکی کرمی و کڵۆڵ کە زیاتر بەرهەمی سیاسەتی ئەو دو حزبەیە و لە شکستەکەی ریفراندۆم و کاریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەر گەواهی پێچەوانەی بانگەشە و بۆچونەکانی ئەو دو حزبەن: بەم مانایەش لەبەر ئەوەی پشکی شێر لە شکستی دەسەڵاتی کوردی لە 27ی ساڵی رابردودا و بەشی شێر لە شکستەکەی 16ی ئۆکتۆبەریش هەر بەر ئەم دو حزبە دەکەوێت. کەواتە شتێکی لۆژیکییە کە شکستی هەرە گەورە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوشدا هەر بەر ئەو دو حزبە بکەوێت، ئەوا هەڵبەتە ئەگەر لانیکەمی لۆژیک لە سیاسەت و سیاسەتکردن لە پانتایی سیاسی باشوری کوردستاندا هەبێت.

3) بایکۆتکردن وەک مێتودو ئامرازێک بۆ راکردن و خۆدزینەوە لە کەمایەتی بون و پەراوێز کەوتن: هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، پێشتریش پارتی چەند جارێک لە رێگای بایکۆتکردن خۆی لە کەمایەتییبون و پەراوێزکەوتن دزیوەتەوە. لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە 23ی حوزەیران بۆ خوێندنەوەی یەکەم لە یاسای سەرۆکایەتی، پارتی بایکۆتی کرد و چوە پێگەی کەمایەتییبون، ئۆپۆزیسیۆن بون و پەراوێزکەوتن، ئەمەش هەڵەبەتە یەکێک بو لە تاڵترین ئەزمونەکانی پارتی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی. جاری دوەم پارتی بایکۆتی هەڵبژارد لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی دەنگادن لەسەر بودجەی 2017، کە من بەم بایکۆتەم وتوە 23ی حوزەرانێکی تر بەڵام ئەم جارەیان لە بەغدا، یا 23ی حوزەیرانی دوەم. هەڵبەتە ئەم پەراوێزکەوتنەی پارتی لە بەغدا کاریگەریەکی سیاسی و نەفسی زۆری لەسەر ئەو حزبە هەبو. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر پارتی لە رێگای کودەتاکەی 12ی ئوکتوبەر، هەڵبەتە بە شێوازی خۆی، تا رادەیەک سەرکەوتو بو لە چارەسەرکردنی حاڵەتی کەمایەتییبون و پەراوێزکەوتن لە کوردستان، بەڵام بەرامبەر ئەمە لە بەغدا نەیتونی هەمان شت بکات. وەک پێشتریش لە هەندێ وتار جەختم لەسەر کردۆتەوە، دەستبردنی پارتی بۆ سەربەخۆیی و ریفراندۆم جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە بو لە پەراوێزخسنی ئەم حزبە لە بەغدا، هەڵبەتە زۆر هۆی تریش بۆ ئەم ریفراندۆمە هەن کە لێرەدا بواری باسکردنیان نییە. . . بەڵام بە پێچەوانەی حەز و خواستی پارتی، کە دەیویست سەربەخۆیی و ریفراندۆم بەکار ببات بۆ گەڕانەوە بۆ باڵادەستی و هەیمەنە، ئەوا پارتی بە هۆی شکستی ئەو پرۆسەیە ئەمڕۆ لە هەمو رۆژێک زیاتر رو لە کەمایەتیبون پەراوێزکەوتنێکی زیاترە!

کەواتە ئەوەی بەدەستییەوە ماوە چەند بژاردەیەکن: أ- بەردەوامبون لە دەستبردن بۆ بایکۆتی زیاتر لە داهاتودا؛ ب- هەڕەشەکردنی ئاشکراتر بە هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی و دو ئیدارەیی؛ ج- تێکدانی “گەمە سیاسییەکان”: کاتێک پارتی بۆی دەردەکەوێ کە هێزە سیاسییەکانی دیکە لە گەمە سیاسییەکاندا براوەن، نەک خۆی، ئەوا هەوڵدەدات تا بۆی بکرێ گەمەکە تێک دەدات؛ د- ئاماژەدان بە بەکاربردنی هێز بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات و باڵادەستی تیایدا لەدەستی خۆیدا، هەر وەک بە ئاشکرا چەند رۆژێک پیاوە هەرە هاوپەیمانەکەی پارتی (واتە مەلا بەختیار) ئاماژەیەکی لەم شێوەیەی دا.

4) بەهانەی پارتی لە بایکۆتکردن لە هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک و دەوروبەری ئەوەیە کە گوایە کەرکوک داگیر کراوە! پێم وایە جارێ پێویستە بە لای کەمەوە ئەم بەهانەیە بخرێتە ژێر نیشانە پرسیارو گومانێکی جددییەوە، تەنانەت هەر زو پێویستە ئەم بەهانەیە رەدبکرێتەوە: بە بۆچونی خۆم ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت دەسەڵاتی پارتی، باڵادەستی ئەم حزبە و هەیمەنەی ئەم حزبە هی دەنگی جەماوەر و کورسییەکانی پەرلەمانی ئەو حزبە نییە، بەڵکو هی ئەو راستییەیە کە ئەم دەسەڵاتەی پارتی بە تایبەتی لە هەولێر زیاتر لە هەر شتێکی دیکە دەرهاوێشتەی داگیرکردنی هەولێرە لە 31ی ئابی 1996 لە لایەن بەعس و رادەستکردنی دەسەڵاتی داگیرکراوە بە پارتی لە لایەن هێزە داگیرکارەکانی بەعسەوە. کەواتە پرسیارە جددییەکە رێک ئەمەیە: ئایا کاتێ خۆت ماڵت لە شوشە بێت، چۆن دەتوانی بەرد لە ماڵێ خەڵکی دیکە بگریت! لە راستیدا نەک هەر جۆرە شوشەیەکیش بەڵکو شوشەیەک کە زۆر ناسکە و شتەکانی دیوی ناوەوەی ئەم ماڵە لە شوشەیە بۆ هەمو کەس و لایەنێک رون و ئاشکرایە، وەک رۆژی روناک!

 

لە فەیسبوکی نوسەرەوە…

15/1/2018

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە