رێبین عومەر
لە ماوەی (26) ساڵی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا دەسەڵاتی كوردی تەنها لە فۆڕمی دو بنەماڵەدا بەرجەستە ببو، وەك دو تیمی هاوتەریب بۆ یەك بەرژەوەندی، بەسروشتی خێڵی خاوەن هێز، بە پاساوی شەرعیەتی خەباتی شاخەوە، مافیائاسا خۆیان بەسەر ئەو هەرێمەدا كردبوە حوکمڕان.
ئەو نەهامەتیەی گەلی كورد لە باشور، دەرەنجامی عەقڵی حكومڕانی بنەماڵەیە هەر لە فەرهودكردن و بە تاڵان بردنی هەرچی داهاتی ئێستا و موقەدەراتی نەوەی داهاتوە، تا دەگاتە قۆرخ كردنی هەمو سێكتەرەكانی كایەی ژیان بە كارەكتەری حیزبی، كە تا ئێستا لە عورف و فەرهەنگی هیچ حوكمێكی هەمەجیشدا بەو شێوەیە دەسەڵاتی خۆماڵی وای بە وڵاتی خۆی نەكردوە، بەتایبەتیش لە دووساڵی رابردودا ناشرینترین و خراپترین سیاسەتیان پەیڕەو كردوە .
هەر لە كودەتا بەسەر ئیرادەی گەلدا لە داخستنی پەرلەمان و هەر لە سیاسەتی بە ناو ئابوری سەربەخۆوە لە دزینی نەوت، تا دەگاتە سوتاندنی دوا كارتی دەوڵەتی كوردی كە لەسایەیدا تەواوی دامەزراوەکانی هەرێم لە شەرعیەتی یاسایی خاڵی كران و بونە قوربانی كورسی دەسەڵات. بەجۆرێك ئابوری هەرێمیان داڕوخاند لە ژێر زەبری گرێبەستی ساختەو شەریكە بەشی بەرژەوەندی بۆ گروپێكی دیاریكراوی بنەماڵە، كە هەرێمیان خستە ژێر قەرزی ملیارەها دۆلارەوە.
تەنانەت ئەو حكومەتە فاشیلە توانای دابین كردنی چارەكە موچەشی نەماوە سەرەڕای دۆڕاندنی زیاتر لە نیوەی خاكی هەرێم، ئەوەی ئەوان كردیان لە ماوەی ئەو چارەکە سەدەیە، هەرگیز رژێمەكانی پێشو لە ماوەی چەندین ساڵی حكومڕانیدا وایان بە وڵاتیان نەكردوە .
بۆیە لە سایەی ئەو سیاسەتە سەقەتە جوت حیزبیە بو هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە فۆڕمی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، كەچی لە زەمەنێکی خراپی ریفراندۆمدا هەرێمیان لە نیمچە دەوڵەتەوە فڕێدایە گۆشەی پەراوێزەوە.
ئێستا كاتی هاتوە پرسیارە جددیەكە روبەڕوی ئەو تاخمە حكومڕانە بكرێتەوە، ئەگەر فاكتەری مانەوەی ئێوە یەكسان بێت بە شكانی شكۆی هەرێم و ئیفلاسی سیاسی بێت لە ئیدرەدان، چ ئۆفەرێكی دیكەتان پێ ماوە بۆ زیاتر زەلیل كردنی هاوڵاتی و بەتاڵانبردنی كوردستان؟ لەكاتێكتدا مانەوەتان خۆی لە خۆیدا مایەی سزا بێ بۆ هاوڵاتیان!
بۆیە حوكمی بنەماڵەیی جوت حیزبی لەكوردستان گەیشتە دوا وێستگەی پڕ لە شەرمەزاری خۆی، كە مەحكومە بە كۆمەڵێ فایل و دۆسیەی خیانەت و گەندەڵی، نەك هەر حوكمەتی ناوەند، تەنانەت هاوڵاتی كوردستانیش داواتان لەسەر تۆمار دەكات .
هەربۆیە ئێستا كوردستان دابەش بوە بۆ دو بەرە، بەرەیەك (26) ساڵە كوێخایەتی بە هەرێمەوە دەكات وەك دو مافیا بەربونەتە گیانی ئەو هەرێمەی هەر رۆژەی ژمارەیەك ملیاردێرو ملیۆنێری بەناشەرعی لێ هەڵدەتۆقێ و لە سایەیدا خەڵكیش زیاتر هەژارو بێ دەرەتان دەبن، بەرەیەكیش هاتۆتە پێش دەبێتە بەدیلی ئەو دەسەڵاتە شكستخواردوە، ناترسێ لە ئیعلان كردنی فەشەلی حكومڕانیتان و دوابزمایش دەدات لە تابوتی دەسەڵاتە شكستخواردوەكەتان! ئیدی مێژوش بەخەتێكی زبر دەنوسێ، ئێرە دوا وێستگەی حكومڕانی بنەماڵە بو لە كوردستان و یەكەم وێستگەی گۆڕانكاریشە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات.