دانیشتنى پەرلەمان، بۆ دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن دەستی پێکرد

(سبەى):

دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە.

پاش نزیكەی سەعاتێک دواخستنی لە وادەی دیاریكراوی خۆی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبونی نزیكەی (230) پەرلەمانتار دەستیپێكرد، هەرچەندە دواتر بۆ ماوەیەک دانیشتنەکە راگیرا، بەڵام دواتر دەستیپێکردەوە.

بەپێی زانیاریەكان تائێستا رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی وادەی بەرێوەچونی هەڵبژاردنەكان نەكراوە، بەڵام لە دانیشتنەكەدا پێشنیاركراوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت.

هاوكات سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە دادگای فیدراڵی كردوە بەپێی دەستور دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریبكات سەبارەت بەوەی كە دەتوانێت هەڵبژاردنەكان دوابخات یان نا.

لاى خۆیەوە شوان داودى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى وت:”پرسى دیارکردنى وادەى هەڵبژاردنەکان گۆڕەپانى سیاسى پەرلەمانیشى کردوەتە دوبەشەوە

بەشێک پێیوایە دەبێت هەڵبژاردنەکان دوابخرێت و بەشەکەى دیکە پێداگرى لە ئەنجامدانى دەکەن لەکاتى خۆیدا، هەردولا پاساوى خۆیان هەیە و هەردولاشیان تواناى ئەوەیان هەیە رێگرى بکەن لەوەى نیسابى یاسایى دانیشتنەکان تەواوبێت، بۆیە ئەو پرسە پێویستى بە تەوافوق هەیە”.

لەبارەى ئەوەى ئایا لە پێنجشەممەى رابردوەوە هیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەنێوان لایەنەکاندا، داودى ئەوەى خستەڕو؛ ئێستا پێشنیازى دیکە هەیە بۆنمونە بەشێک لە سوننەکان باس لەوە دەکەن؛ ئەگەر هەڵبژاردنەکان لە تەواوى عێراقیش دوانەخرێت لە پێنج شارى سوننە کە تازە لە دەست داعش رزگارکراون دوابخرێت بۆ ماوەیەکى دیکە.

هەروەک وتى:”بەداخەوە تائێستا لە فراکسیۆنە کوردستانیەکانیش رایەکى گشتگیر نیە لەسەر ئەو پرسە، بەڵام بەگشتى پێویستە تەوافوق هەبێت لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان لە وادەى خۆیدا یان دواخستنى”.

بەپێى زانیاریەکان پێشنیازێکى دیکەش هەیە بەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەوادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام هەلبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بۆ کاتێکى دیکە دوابخرێت، بەڵام ئەوانە هێشتا پێشنیازن و رێککەوتنیان لەبارەوە نەکراوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە