كورد دەتوانێت تورکیا تێکبشکێنێت؟

شەڕڤانان بەرامبەر لەسەر سنورى باکورى کوردستان

(سبەى):

نوسەرێکى ئەمەریکى لەبارەى دۆخى عەفرین و لەشکرکێشى تورکیاوە رایدەگەیەنێت؛ سوپاى تورکیا ئەو سوپایە نیە کە پێش هەوڵى کودەتاکەى ئەو وڵاتە هەیبو، هێزە كوردەكانی سوریاش كارگەرترین هێزی سەرزەمینی بون لەدژی هێزە تیرۆرستییەكانی قاعیدە و داعش ئەگەر روسیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل و سوریا یەپەگە پڕچەك بكەن چی رودەدات؟

مایكڵ رۆبن نوسەری بەشی نهێنی بێڵوێیە  لە پێگەى (واشنتۆن ئێگزامینەر) لە وتارێکى شیکاریدا لەبارەى ئەو دۆخەى لە عەفرین دەگوزەرێت، ئاماژەى بەوەکردوە لە دواى هەوڵى کودەتاکەى (2016) و دەستگیرکردنى بەشێکى بەرچاو لە پلەدار و ئەفسەرانى سوپا؛ هێزی سەربازی و ئاسایشی توركیا وەك بەشێكی گرنگ لە رێكخراوی ناتۆ، تەنها تارمایی تواناو هێزی دەسەڵاتی پێشویان لەبەرچاوە و چیتر ناتوانن بەهەمان پێوەری توانای پێشوی خۆیان مامەڵە بكەن بەو پێیەى هەمان توانای راهێنان و ئەزمون و دیسپلینی  پێشوتریان نیە، لەهەرچوار فڕۆكەوانێكی توركی یەكێكیان لەزینداندان، زۆربەی فرۆكە ( ئێف-16)ەكانیان كاریان پێناكرێت لەبەر نەبونی فرۆكەوانی راهێنراو شارەزا.

لەگەڵ ئەوەشدا رونیکردوەتەوە؛ لە بەرامبەردا هێزە كوردەكانی سوریا كارگەرترین هێزی سەرزەمینی بون لەدژی هێزە تیرۆرستییەكانی ئەلقائیدە و داعش. چەندین ساڵ بەتەنها جەنگان، لە كۆبانێش دیسپلینی بەهێز و یەكدەستی و بنەمای ئەخلاقی بەرزیان هۆكار بو بۆ سەركەوتنیان.

وەك چۆن ئەردۆغان قاعیدە و داعشی پرچەك كرد، ئایا گەر روسیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل و رژێمی سوریاش بەهەمان شێوە یەپەگە پرچەك بكەن چی رودەدات؟

 

ئایا كورد دەتوانێت تورکیا لە سوریا تێکبشکێنێت؟

 

پاش هێرشێكی سەربازی چەند رۆژە، سوپای توركیا هەنگاوەكانی بەرەو ناوشاری عەفرین دەستپێكرد كە ناوچەیەكی سوریایەو پاش كۆنترۆڵكردنەوەی لەدەستی رێكخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی، ئێستا لەلایەن كوردەكانەوە حكومداری دەكرێت.

دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن ناوچەیەكی جیاكەرەوە بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكان دروستدەكەن و بۆ ئەو مەبەستەش لەسنوری توركیاوە 20 میل دەچنە ناو خاکی سوریاوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەلێدوانێكی توندوهەڕەشە ئامێزدا هۆشیاری دایە كوردەكانی توركیا كە ئەگەر لەسەر هاوڕێبازە سورییەكانیان بێنە دەنگ، ئەوا لەكەمترین ماوەدا سەركەوتنی گەورە بەسەر عەفریندا تۆماردەكات.

ئەوە هەڵسەنگاندنێكی هەڵەیە  بەجۆرێك كە سەرەنجام توركیا لە پەلوپۆ دەخات، هاوكات ترسی زۆری ئەردۆغان و تێكەڵكردنی كایەی سیاسی و سەربازی زیانی زۆر بەتوركیا دەگەیەنێت.

هێزی سەربازی و ئاسایشی توركیاش وەك بەشێكی گرنگ لە رێكخراوی ناتۆ، تەنها تارمایی تواناو هێزی دەسەڵاتی پێشویان لەبەرچاوە و چیتر ناتوانن بەهەمان پێوەری توانای پێشوی خۆیان مامەڵە بكەن.  ئەوان هەمان توانای راهێنان و هەمان ئەزمون و دیسپلینی  پێشوتریان نیە، لەهەرچوار فڕۆكەوانێكی توركی یەكێكیان لەزینداندان، زۆربەی فرۆكە ( ئێف-16)ەكانیان كاریان پێناكرێت لەبەر نەبونی فرۆكەوانی راهێنراو شارەزا. لەساڵی 2012 دا هێزەكانی سوریا فرۆكەیەكی (ئێف-4 )ی توركییان خستەخوارەوە، كوردەكانیش چەندین جار هێلیكۆپتەری توركیایان خستۆتە خوارەوە.

تائێستاش رون نیە كە ئایا سوپای توركیا دەتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر شەڕبكات یان نا. رەنگە توركیا بتوانێ چەند ناوچەیەكی كەم لەسوریا داگیربكات، بەڵام بونیان لەوناوچانە زیاتر سمبولی دەبێت نەك مانەوەیەكی راستیانە و كاریگەر.

 

یەكێك لەهۆكارەكانی ئەوەی كە دەزگای میتی توركی یارمەتی بەرەی نوسرەی دا و رێگەی بە هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) دا لەسنورەكانی توركیاوە جموجوڵ بكەن بێبەرامبەر نەبو، هەوڵێك بو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەناو سوریادا.

بەكورتی ئەردۆغان ویستی پێگەی فەرماندەیی هێزەچەكدارەكانی توركیا بەكاربهێنێت و خۆی وەك فەرماندەیەكی بەتوانا نمایشبكات بەبێ ئەوەی وەك كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیا  بەشداری شەڕو روبەروبونەوە قورسەكان بكات بۆ دەركەوتن و دروستكردنی ناوبانگ.

لەچەند روداوێكی وڵاتانی عێراق و سوریادا، ئەو بۆشایی گەورەی توانا و دەسەڵاتی توركیا دەركەوتوە. لەساڵی 2016 دا داعش دو سەربازی توركی سوتاند كە لەسوریا دەستگیركرابون،  داعش توانیبوی لەشوێنی نمایشكی سەربازی خۆیان ئەو دو سەربازەی توركیا بڕفێنێت كە زۆرترین چاودێری ئاسایشی لەسەر بو، تەنانەت حكومەتی توركیا و دەزگای هەواڵگرییەكەشی تا دوای كوشتنیان نەیانتوانی شوێنی مانەوەیان ئاشكرابكەن، ئەمەش بەڵگەی بونی بۆشاییەكی گەورەیە لەتوانای دەزگای هەواڵگرییەكەیدا. لەبری داننان بە كوشتنیاندا، ئەردۆغان رەتیكردەوە كە وێنەڤیدیۆییەكان راستبن و تەنانەت بڵاوكردنەوەی وێنە ڤیدیۆییەكەشی لەمیدیاكاندا بڵاوكردەوە.

بەهەمان شێوە، لاوازی توركیا لەخراپتربونی دۆخی ناوخوێی ئەو وڵاتەدا رەنگدەداتەوە. چەندین دەیەیە تیرۆرستان توانیویانە توركیا بكەنە ئامانج بەڵام هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە ناتوانن سەركەوتوانە شوێنپێی تیرۆرستان ئاشكرابكەن و پلانەكانیان پوچەڵبكەنەوە. پاش ئەوەی ئەردۆغان ژمارەیەك بەرپرسی ئاسایش و سەربازی لەپۆستەكانیان دورخستەوە و بەخەڵكی تر جێگەكانیانی پڕكردەوە، تیرۆرستان دۆخەكەیان هەڵگێڕایەوە و توانیان بگەنە ئارامترین و ئاسایشترین شوێنەكان لەهەریەك لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە.

ئەمەش پێناچێت بەدەربێت لەئەزمونی سەركردەكانی دیكە لەمێژودا. بۆنمونە، هێزی سوری سۆڤیەت كاریگەری خۆی لەدەستدا پاش ئەوەی دیكتاتۆر (ستالین) بەرپرسە سەربازییەكانی دورخستەوە پێش داگیركاری نازییەكان لەجەنگی جیهانی دوەمدا.

هۆكاری سەرەكی لەشكركێشی و بەزاندنی سنورەكانی ئێران لەلایەن عێراقەوە لەساڵی 1980 دا تەنها كردەیەكی سەرسوڕهێنەرانە نەبو، بەڵكو پەیوەندی بەدەركردن و دورخستنەوەی چەند بەرپرسێكی سەربازییەوە هەبو لەلایەن (ئایەتوڵا خومەینی) لەسەردەمی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیدا. لەعێراقیش داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، پاش ئەوە هات كە نوری مالیكی چەندین بەرپرسی پرۆفێشناڵی سەربازی لەكارەكانیان دورخستەوە و جێگەكانیانی بە شوێنكەوتە سیاسییەكانی خۆی پركردەوە.

لەساڵی 1984 ەوە توركیا شەڕی پەكەكەدەكات، ئەو گروپە لەساڵی 1999 زەربەیەكی كوشندەیان بەركەوت كاتێك سەركردەكەیان (عەبدوڵا ئۆجەلان)، بەهاوكاری دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستگیركرا. پاش ئەوەی بەرپرسانی توركیا بۆ ماوەی زیاتر لەدەیەیەك بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئۆجەلان بەتەواوەتی لەكایەی سیاسی دورخراوەتەوە و هیچ كاریگەرییەكی نەماوە، بەڵام ئەردۆغان بەدەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان جارێكی تر سەلماندی كە ئەو سەركردەیە فیگەرێكی دانەبڕاوە لەكایەی سیاسی توركیا. هەرچەندە ئەردۆغان هەوڵی زۆری داوە كە پەكەكە وەك تیرۆرست بناسێت و وای نیشانبدات كە دەستیان لەتیرۆردا هەبوە، بەڵام ئەوان توانیویانە زیاتر وەك هێزێكی یاخی ئاسایی خۆیان نیشانبدەن. هەرچەندە پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بەرپرسانی توركیا زۆر زەحمەتە بتوانن هیچ هێرشێكی ناوخۆیی توركیا ببەستنەوە بەكوردەكانی سوریاوە.

لەگەڵ ئەوەی هێزی سەربازی توركی وەك رابردوی نیە، ناتوانرێت هەمان وێنە بۆ یەپەگە بكێشرێت و هەمان پێناسەی بۆبكرێت.  هێزە میلیشیا كوردەكانی سوریا كارگەرترین هێزی سەرزەمینی بون لەدژی هێزە تیرۆرستییەكانی ئەلقائیدە و داعش. چەندین ساڵ بەتەنها جەنگان، لەلایەن ئەمەریكا و روسیاوە گرنگییان پێنەدرا، گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەش پەراوێزخران و توركیاش سزای ئابوری و سەربازی بەسەردا سەپاندن، لەكۆبانێش دیسپلینی بەهێز و یەكدەستی و بنەمای ئەخلاقی بەرزیان هۆكار بو بۆ سەركەوتنیان.  ئەگەر بیانتوانییایە بەتەواوەتی دژی داعش بجەنگێن و لەهەمو رویەكەوە روبەڕوی ببنەوە، ئەوا دەبونە ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت بۆ توركیا.

پەكەكەش هێزێكی ناپرۆفێشناڵ نیە، بەتایبەتی چاش چەندین ساڵ لە شەڕ و خەباتی سەخت. لەروبەروبونەوەیەكی دیكەدا، كە لەلایەن توركیاوە سەپێنرابو،  پەكەكە توانی دو گەورە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا دەستگیربكات.

ئامانجەكانی سوپای توركیا رون نیە، یەك دوكاندار و شوانێكی كورد نیە- بەپێی هەڵسەنگاندنی كوێربینی رەگەزپەرستی- كە بەرپرسانی توركیا بە تیرۆرستیان نەزانن.

ئایا بنەبركردنی تیرۆرستان لەلایەن توركیاوە بەواتای سرینەوەی رەگەزی دێت لەسوریا ؟ ئەگەر ئەوە ئامانجەكە بێت، ئایا چی رێگری لەگەرانەوەی دەیان تەرمی سوپای توركیا دەكات لەناو تابوتی مەرگدا؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆی وروژاندنی هەستی نەتەوەیی كوردی چەوساوە لەناوخۆی توركیادا ؟ ئەگەر توركیا نەتوانێت روبەروی پەكەكە ببێتەوە لەهەكاری و دیاربەكر، ئایا لەئەستەمبوڵ و ئەنقەرە دەتوانێت روبەرویان ببێتەوە ؟

وەك چۆن ئەردۆغان قاعیدە و داعشی پرچەك كرد، ئایا گەر روسیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل و رژێمی سوریاش بەهەمان شێوە یەپەگە پرچەك بكەن چی رودەدات؟

ئەگەر كوردەكان جەنگەكە بگوازنەوە بۆناوخۆی توركیا، ئایا ئابوری توركیا دەتوانێت وەك ئابورییەكی ملیارەها دۆلاری بەردەوامبێت لەگەشەكردن، لەگەڵ ئەوەی كە پیشەسازییەكەی بەڕێژەی لەسەدا 75 كەمیكردوە ؟

ئەردۆغان لەخەیاڵی خۆپەرستی و خەیاڵدانی بێ ناوەرۆكی ئەوتۆدا دەژی كە لەسنورەكانی راستییەوە دوره. سەرزەنشتی هەمو ئەوانە دەكات كە وەك تیرۆرست مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، وەك سەركردە باڵاكانی نزیكی خۆشی ئاماژەی پێدەكەن، ئەو كەیفی بەوەدێت كە ئەو شتانەی پێبوتریت كە خۆشحاڵە بەبیستنیان.  ئێستاش ئەنجامەكە ئەوەیە كە توركیا لەشكركێشی دژی هێزێك دەكات كە لەوە بەهێزترە ئەردۆغان بیری لێدەكاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی كارەساتێكی تر بۆ توركیا.

رەنگە ئەردۆغان پێشبینی سەركەوتنێكی خێرا بكات، بەڵام ئەوەی بۆ روندەبێتەوە كە ئەو گروپە پەراوێزخراوەی كە ئەو بەتیرۆرستیان دەزانێت هێندە بەهێزن كە بتوانن خوێنی داگیركەرە توركەكان لەسەر زەوی خۆیان وشكبكەنەوە و ئابوری توركیاش بهێننەوە خاڵی سفر.

ئەردۆگان نەك سەرناكەوێت، بەڵكو وڵاتەكەی توشی شۆكێكی وەها گەورەی دۆڕان دەكات كە نەتوانن پێشبینی بكەن.

 

مایكڵ رۆبن

سەرچاوە: واشنتۆن ئێگزامینەر

وەرگێڕانی : بەهمەن ئەحمەد

مایكل رۆبن نوسەری بەشی نهێنی بێڵوێیە  لەماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەر.

ئەو شیكەرەوەی پەیمانگای پرۆژەی سەركێشی ئەمەریكی و بەرپرسی پێشوی پنتاگۆنە.

 

 

 

 

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە