(سبەی):
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی نوێ و به‌هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای تۆماركردنی هێزو هاوپه‌یمانی و كوتله سیاسییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، شه‌قامی سیاسی عێراق جموجوڵێكی زۆری به‌خۆوه بینی، هێزو لایه‌نه ركابه‌ره‌كان له هه‌وڵی دروستكردنی گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتیدان تاكو گره‌نتی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی بكه‌ن، به‌و هۆیه‌وه تائێستا چه‌ندین هاوپه‌یمانییه‌تی چاوه‌ڕوانكراو و چاوه‌ڕواننه‌كراو دروستبون و، به‌شێكیشیان به فاكته‌ری جیاواز لاواز بون یاخود ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان له‌ئارادایه.
بڕیار وایه رۆژی (12)ی ئایاری (2018)، هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه بچێت و له ئێستادا زیاتر له (27) هاوپه‌یمانێتی و (143) پارتی سیاسی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه پەسەندکراون، لێره‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر سیستمی هه‌ڵبژاردن و شێوازی دابه‌شكردنی كورسی و نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی هێزه‌كانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.
سیستمی هه‌ڵبژاردن
عێراق كار به سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌یی ده‌كات، له لیستی نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌ییدا (بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و جۆری لیست) ئه‌و دو ره‌گه‌زه‌ن كه فۆرمی جیاواز به‌م سیستمه ده‌به‌خشێت.
یه‌كه‌م: ره‌گه‌زی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌م جۆره سیستمه‌دا: له ره‌گه‌زی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن كار به دو جۆر دابه‌شكاری بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، ئه‌وانیش:
1- سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی ته‌واو: لێره‌دا وڵات یان ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردنی تێدا ده‌كرێت یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و یه‌ك دابه‌شكاری هه‌ڵبژاردنی هه‌یه، دابه‌شكردنی كورسییه‌كان به‌سه‌ر قه‌واره سیاسییه‌كاندا له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و رێژه ده‌نگه‌یه كه هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له كۆی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستی هێناوه، هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1) ساڵی (1992)، له‌سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵه‌كانی (1992، 2005، 2009، 2013) كاری به یه‌ك بازنه‌یی كردوه له هه‌رێمی كوردستاندا.
2- سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی نزیكه‌یی: له‌م فۆرمه‌یاندا وڵات به‌سه‌ر چه‌ند بازنه‌یه‌كدا دابه‌ش ده‌كرێت و هه‌ر بازنه‌یه‌كیش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ دیاری ده‌كرێت، عێراق كار به‌م سیستمه ده‌كات و به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره (16)ی ساڵی (2005) وڵات دابه‌شكراوه به‌سه‌ر (18) پارێزگاكه‌ی عێراق.
دوه‌م: ره‌گه‌زی لیستی هه‌ڵبژاردن له‌م جۆره سیستمه‌دا: نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌یی سیسته‌مێكه له‌بنه‌ڕه‌تدا پشت به لیستی پارتی سیاسی ده‌به‌ستێت، دابه‌شده‌بێت بۆ:
1- لیستی داخراو: پاڵێوراوه‌كان له‌ناو ئه‌م لیسته‌دا له‌لایه‌ن پارتی سیاسییه‌وه به جێگیری داده‌نرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر توانای گۆڕینی ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی ناو لیسته‌كه‌ی هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر له‌ناو كارتی ده‌نگداندا ته‌نها مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌نگ به قه‌واره سیاسییه‌كه بدات. له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵه‌كانی (1992، 2005، 2009) كار به لیستی داخراو كراوه له هه‌رێمی كوردستاندا.
2- لستی نیمچه كراوه: لێره‌دا ده‌نگده‌ر ده‌توانێت له‌یه‌ك كاتدا یان ته‌نها ده‌نگ به لیسته‌كه بدات، یاخود ده‌نگ به‌لیسته‌كه و پاڵێوراوێكی ناو لیسته‌كه‌ش بدات. ئه‌م لیسته ئازادییه‌كی سنوردار ده‌داته ده‌نگده‌ر كه له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوێكه‌وه تاڕاده‌یه‌ك ده‌ستكاری ئه‌و ریزبه‌ندییه بكات كه له ناو لیستی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌دا هه‌یه، به‌مه‌ش ده‌نگده‌ر رۆڵیكی به‌رچاوی ده‌بێت له دیاریكردنی ئه‌و پاڵێوراوه‌ی ده‌یخوازێت بچێته ناو په‌رله‌مانه‌وه، عێراق كار به‌م سیستمه ده‌كات به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره (16)ی ساڵی (2005).
3- لیستی كراوه: له‌لیستی كراوه‌ی ئازاد‌دا ده‌نگده‌ر ته‌نها ده‌نگ به پاڵێوراوه‌كان ده‌دات نه‌ك قه‌واره‌ی سیاسی، تا ئه‌و راده‌یه‌ی ده‌نگده‌ر له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ریزبه‌ندییه‌كی نوێ له‌ناو كۆی پاڵێوراوه‌كانی قه‌واره سیاسییه جیاوازه‌كاندا دروست ده‌كات.
بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و پێوه‌ره‌كانی
مه‌به‌ست له بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و ناوچه جوگرافییه‌یه كه بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سنوره‌كه‌ی دیاری ده‌كرێت و ژماره‌یه‌كی دیاریكراو ده‌نگده‌ری هه‌یه و كورسییه‌ك یان چه‌ند كورسییه‌ك تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان روبه‌ر و ژماره‌ی كورسییه‌كانی هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به‌پێی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی ده‌وڵه‌تان و بنه‌ما یاساییه‌كانی دابه‌شكردنی كورسییه‌كان ده‌گۆڕێت.
له عێراقیدا وڵات دابه‌شكراوه بۆ (18) بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌ر پارێزگایه‌ك بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه، ئه‌و پێوه‌رانه‌ی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، بریتین له:
1- پێوه‌ری ده‌ستوری و قانونی: واته به‌پێی ده‌ستور یان یاساكانی هه‌ڵبژاردن و قه‌باره‌ی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و ژماره‌ی كورسییه‌كان دیاری ده‌كرێت، بۆ نمونه له یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره (16)ی ساڵی (2005)ی هه‌مواركراو، هه‌ر پارێزگایه‌كی بۆ بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن دیاری كردوه‌و بۆ هه‌ر پارێزگایه‌كیش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان ژماره‌یه‌ك كورسی ده‌ستنیشان كردوه.
2- پێوه‌ر كارگێڕی: واته له‌به‌رچاوگرتنی یه‌كه‌ی كارگێڕی بۆ ده‌ستیشانكردنی سنوری بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئیدی ئه‌و سنوره شاره‌وانی شار بێت یان سنوری یه‌كه‌ی كارگێڕی، نمونه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كان یاخود ته‌نانه‌ت سنوری گه‌ڕه‌كێكیش بێت.
3- پێوه‌ری دانیشتوان: قه‌باره‌ی دانیشتوان یه‌كێكه له گرنگترین پێوه‌ره‌كانی ده‌ستنیشان كردنی سنوری بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، چونكه هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی دانیشتوان ده‌كات، ژماره‌ی كورسییه‌كانی بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن هاوسه‌نگه له‌گه‌ڵ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی.
یاسای هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسی له عێراقدا
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره (16)ی ساڵی (2005)ی هه‌مواركراو، عێراق دابه‌شكراوه بۆ (18) بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌سنوره كارگێڕییه‌كه‌یه‌وه بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن پێكده‌هێنێت و به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ژماره‌یه‌ك كورسی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به جۆرێك بۆ هه‌ر (100) هه‌زار هاوڵاتییه‌ك نوێنه‌رێك دیاری ده‌كرێت و كۆی كورسی هه‌ر هه‌ژده بازنه‌كه (320) كورسیه و (8) كورسی ته‌رخانكراوه بۆ كه‌مینه‌كان، ئه‌وانیش (5) كورسی بۆ مه‌سیحییه‌كان له پارێزگاكانی (به‌غدا، كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا، دهۆك و هه‌ولێر) و هه‌روه‌ها (1) كورسی بۆ هه‌ریه‌ك له ئێزیدی و شه‌به‌ك له پارێزگای نه‌ینه‌وا، (1) كورسی بۆ سابیئه له پارێزگای به‌غدا، به‌ڵام عێراق به‌یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌ژمار ده‌كرێت بۆ ئه‌و (8) كورسییه و رێژه‌ی به‌شداری كه‌مینه‌كانیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسییه‌كانیان نابێت به‌پێی هه‌مان یاسا. كورسییه‌كانیش بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌م جۆره ته‌رخان كراوه:
به‌غداد (69) كورسی
بابل (17) كورسی
به‌سره (25) كورسی
دیاله (14) كورسی
زیقار (19) كورسی
قادسیه (11) كورسی
كه‌ربه‌لا (11) كورسی
میسان (10) كورسی
موسه‌نا (7) كورسی
نه‌جه‌ف (12) كورسی
واست (11) كورسی
سه‌ڵاحه‌دین (12) كورسی
نه‌ینه‌وا (31) كورسی
ئه‌نبار (15) كورسی
كه‌ركوك (12) كورسی
هه‌ولێر (15) كورسی
سلێمانی (18) كورسی
دهۆك (11) كورسی
هاوپه‌یمانێتییه‌كان و نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی هێزه‌كان له عێراق
رۆژی (12/1/2018) كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كۆتایی به پرۆسه‌ی تۆماركردنی ناوی هاوپه‌یمانێتییه‌كان هێنا بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. هێزه سیاسییه‌كانی عێراق له چوارچێوه‌ی (27) هاوپه‌یمانێتی (143) پارتی سیاسی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه پەسەندکراون.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هاوپه‌یمانێتییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی عێراق دو جۆرن، جۆرێكیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو عێراق به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كه‌ن، جۆرێكی دیکەیان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا یان چه‌ند پارێزگایه‌ك به‌شدار ده‌بن.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه، كورد به لیستی جیاواز به‌شداری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ ناوچه دابڕاوه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌كی كوردی هه‌یه به‌ناوی هاوپه‌یمانی نیشتیمان و به لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداری ده‌كات كه پێكهاتون له (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری)، ئه‌م لیسته هاوبه‌شه له پارێزگاكانی (كه‌ركوك، دیاله و نه‌ینه‌وا) به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئه‌مه له كاتێكدایه جگه له‌م هاوپه‌یمانییه كورد له هیچ پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراق به هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكیشه‌وه هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌كی ئه‌نجام نه‌داوه‌و سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان به لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كردوه له ناوچه دابڕێندراوه‌كاندا.
له‌ئێستادا ژماره‌ی هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كان له پارێزگای كه‌ركوك سێ لیسته به‌م شێوه‌یه:
1-هاوپه‌یمانی نیشتمانی:
لیستێكی كوردییه‌و پێكهاتوه له (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری).
2-هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی:
ئه‌م لیسته پێكهاتوه له: گردبونه‌وه‌ی كۆماری عێراق- حیزبی حه‌قی عێراقی- حیزبی حه‌ل- یه‌كێتی هێزه نیشتمانییه‌كان- جه‌ماوه‌ری نیشتمانی- كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق و چه‌ند حیزبێكی دیکە، راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانێتییه‌كه ده‌كات.
3-هاوپه‌یمانی به‌ره‌ی توركمانی كه‌ركوك:
هه‌مو حیزبه توركمانه‌كان به‌شدارن تێیدا، ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
له‌سه‌ر ئاستی عێراق لایه‌نه شیعه‌كان به چه‌ند لیستێكی جیاواز به‌شداری ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده هه‌وڵ هه‌بو بۆ یه‌كخستنی مالیكی و عه‌بادی له‌چوارچێوه‌ی لیستێكدا، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه شكستیهێنا و كۆتایی هات. به‌و جۆره‌ش لیستی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانێتی شیعی په‌رت بون به‌سه‌ر نزیكه‌ی پێنج لیست و ئیئتیلافدا، دیاترین هاوپه‌یمانێتییه‌كانی لایه‌نه شیعه‌كان بریتین له:
1- هاوپه‌یمانی سه‌ركه‌وتن (النصر)
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و پێكهاتوه له خۆبه‌خشه‌كانی شه‌ڕی داعش- ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی جۆراوجۆر، هه‌مو پارێزگاكانی عێراق ده‌گرێته‌وه.
2- هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا:
نوری مالیكی جێگری سه‌رۆك كۆماری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، پێكهاتوه له: حیزبی ده‌عوه- ره‌وتی وه‌سه‌تی موه‌فه‌ق روبه‌یعی- بزوتنه‌وه‌ی نور- دوعاتی ئیسلام- ره‌وتی راپه‌ڕین و گۆڕان- حیزبی مه‌ده‌نی و چه‌ند حزبێكی دیکە.
3- هاوپه‌یمانی فه‌تح:
هادی عامری ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و زۆربه‌ی گروپه‌كانی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی به‌شدارن تێیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی.
4- لیستی ره‌وتی حیكمه:
عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، دوای جیابونه‌وه‌ی له ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی یه‌كه‌مجاره به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری ده‌كات.
5- هاوپه‌یمانی سائیرون:
پێكهاتوه له ره‌وتی سه‌در و حیزبی شیوعی و چه‌ند لایه‌نێكی دیکە.
هاوكات لایه‌نه سوننه‌كانیش له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا دابه‌شبون به‌سه‌ر چه‌ند هاوپه‌یمانی و لیستێكدا، دیارترینیان بریتین له:
1- هاوپه‌یمانی نیشتمانی:
ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، پێكهاتوه له چه‌ند حیزبێك، دیاترینیان حیزبه‌كه‌ی سه‌لیم جبوری و ساڵح موتڵه‌گه.
2- هاوپه‌یمانی ئوسامه نوجێفی و خه‌میس خه‌نجه‌ر:
ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه له ناوچه سوننه نیشنه‌كاندا ركابه‌ری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌لاوی و جبوری و موتڵه‌گ ده‌كات.
ئه‌گه‌رچی له شه‌قامی كوردیدا كه‌متر جموجۆڵ و كێشمه‌كێشی سیاسی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه شه‌قامی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تیش شه‌قامی شیعی زۆر به گه‌رمی خه‌ریكی دروستكردنی هاوپه‌یمانی و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی به‌رفراوانن، به‌شێكی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌زمونی هه‌ڵبژادنه‌كانی رابردو سه‌لماندویه‌تی شیعه هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئاراسته‌ی حوكمه له عێراقدا و كورد و سوننه‌ش دو پێكهاته ته‌واوكه‌ری ئه‌و دیمه‌نه سیاسییه‌ی عێراقن، بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی ململانێكه كه‌وتوه‌ته نێو شه‌قامی شعییه‌وه كه‌متر كه‌وتوه‌ته نێو پێكهاته‌ی كورد و سوننه‌وه، به‌تایبه‌ت له دوای ده‌ركه‌وتنی ره‌وت و لایه‌نی دیكه‌ی شیعی له نمونه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه ده‌توانێت هاوكێشه سیاسییه‌كانی نێو ماڵی شیعی بگۆڕێ.
هه‌رچه‌نده هێزی شیعی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دابه‌ش ببن به‌سه‌ر هاوپه‌یمانی و لیستی جیاوازدا، ناكه‌ته ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست بده‌ن، چونكه به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن ئه‌و هێزه‌ی له‌دوای هه‌ڵبژاردن گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی دروست ده‌كات، ئه‌وا ئه‌و هێزه ده‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت نه‌ك ئه‌و هێز و هاوپه‌یمانییه‌ی كه له هه‌ڵبژاردندا براوه‌ی یه‌كه‌م بوه، به‌مه‌ش شیعه ترسی له فره لیستی نییه له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تدا، چونكه له‌نێو خۆیاندا هاوپه‌یمانی دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام شه‌ڕی گه‌وره‌ی نێوخۆی خۆیان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه كه به‌پێی ئه‌و ته‌وافقه‌ی له عێراقدا هه‌یه ئه‌م پۆسته بۆ پێكهاته‌ی شیعه یه‌كلابوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
1- د.ده‌رباز محه‌مه‌د و ئارام جه‌مال، سیستمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و شێوازی دابه‌شكردنی كورسی، له بڵاوكراوه‌كانی په‌یمانگای كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن، چاپی یه‌كه‌م 2014.
2- هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 2014، راپۆرتی ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسی، له كتێبی (پرسه سیاسی و قه‌یرانه هاوچه‌رخه‌كان- بڵاوكراوه‌ته‌وه، 2015).
3- یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره (16)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، عێراق، http://www.ihec.iq/en/files/5.pdf
4- سایتی فه‌رمی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، http://ihec-iraq.com/ar/
5- نامیق ره‌سوڵ، زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانێتیانه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماركراون، سایتی سبه‌ی
زانیاری لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیانەی بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمار کراون
6- لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی (یاسین ته‌ها – نوسه‌ر) له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بوك.
https://www.facebook.com/profile.php?id=100001662834377