(سبه‌ی):
ئاسایشی پارتی له‌سه‌ر پۆستێكی فه‌یسبوك كه تێیدا ستایشی به‌رگری شه‌ڕڤانانی عه‌فرین ده‌كات دژی هێرشی سوپای توركیا، هه‌ڵسوڕاوێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له ئاكرێ ده‌ستگیر كردوه.
محه‌مه‌د هه‌ركی به‌رپرسی بازنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئاكرێ به تۆڕی میدیای گۆڕانی راگه‌یاند: ئاسایشی پارتی له دینارته هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕانی به ناوی عوسمان زێباری ده‌ستگیركردوه له‌سه‌ر پۆستێكی فه‌یسبوك كه دژی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین و بیهه‌ڵوێستیی حكومه‌تی هه‌رێم بوه.
وتیشی: ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌یان ماوه‌ی دو رۆژه ده‌ستگیر كراوه، سه‌ره‌تا لای ئاسایشی دینارته بوه، به‌ڵام دواتر گوازراوه‌ته‌وه بۆ ئاسایشی ئاكرێ و تائێستاش ئازاد نه‌كراوه.
له باره‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تۆڕی میدیای گۆڕان په‌یوه‌ندی كرد به ئاسایشی ئاكرێوه، به‌ڵام ئاسایشی ئاكرێ ره‌تیكردوه له‌و باره‌یه‌وه رونكردنه‌وه و لێدوان بدات.