پەرلەمان و رۆژئاوا؛ لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا

پەرلەمانی کوردستان لەسادەترین پێناسەیدا دەکرێت بڵێین گەورەترین دامەزراوەی یاسایی هەرێمی کوردستانەو نوێنەرایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بەهەمو دەنگ و رەنگ و پێکهاتە جیاوازییەکانیەوە. بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بێ پێوتن و چاوەڕوانی لەکاتی رودانی هەر ئەگەروپێشهاتێکدا کەپەیوەندیدارە بەخاک و خەڵکی کوردستان هەر زو بە رۆڵی راستەقینەی خۆی هەستێت و بێدەنگی نەکاتە تاکە بژاردەی خۆی.

چەند رۆژێکە بەشێکی گرنگ و زیندوی کوردستان کە کانتۆنی عەفرینە لە رۆژئاوا کەوتوەتە بەرشاڵاو و هێرشی دڕندانەی سوپای تورکیاو بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی سڤیل وشەرڤانی بەرگریکار بونەتەقوربانی لەپێناو پاراستنی ئەو کانتۆنە خۆڕاگرەدا. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و پرسیارە لای زۆرینەی خەڵکی و شرۆڤەکارو تەنانەت پەرلەمانتارانیش ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیەی پەرلەمانە لەئاست ئەو تاوان و کوشتن و بڕینەدا، پێویستەو هەقی خۆشیەتی کە بەراوردێکی ئەم پەرلەمانە بکەین لەنێوان ئێستاو دوێنێیدا واتا پێش پەکخستنی.

پەرلەمانی کوردستان لەدوێنیدا نەک ئێستا بەتایبەت ئەوکاتەی کەگروپی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ یەکەمین شوێن و دامەزراوەبو کە لە (۱۳-۷-۲۰۱٤) بەیاننامەی دژی پەلاماردان و هێرشی بۆسەرکۆبانێ دەرکرد. ئەوە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی بو لەدوێنێدا کاتێ کە لەگەڵ کونسوڵخانەکان لەهەولێردا کۆبوەوە تایبەت بە پرسی شەنگال کە تازە داگیرکرابو هاوتەریب باسی کۆبانێ و مەترسیەکانی داعشیشی بۆکردن لەو کانتۆنە.

هەر ئەم پەرلەمانە بو بەڵام لەدوێنیدا و لەمانگی ئەیلولی (۲۰۱٤)دا بەیاننامەیەکی تری سەبارەت بەکۆبانێ دەرکردو داوای هاوکاری و بەهاناوەچونی لەوڵاتانی دنیاو هەرێم و خەڵکی کوردستان کرد بۆ کانتۆنی کۆبانێ .خۆهەر ئەم پەرلەمانە بو، بەڵام لەدوێنێدا کە لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٤) دا کۆبونەوەیەکی خۆی تایبەتکرد بەکۆبانێ و چۆنیەتی هاوکاریکردنی ئەو کانتۆنەو دانیشتوانەکەی و لەدو کۆبونەوەی تریشیدا باسی کۆبانێی کردو تەنانەت بیرۆکەی پەرلەمانتارێکیش خوێندرایەوە لەسەر کۆبانێ.

پێویستە ئەوەش بزانرێت هەر ئەم خولی چواری پەرلەمانەبو بەڵام لە دوێنێدا جگەلەوەی بە بەردەوامی لەسەرهێڵ بو لەگەڵ دامەزراوەکانی تری حکومەتدا بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە، بەفەرمی بانگهێشتی کانتۆنەکانی رۆژئاواشی کرد بۆ پەرلەمانی کوردستان. هەر ئەم سەرۆکایەتی پەرلەمانە بو بەڵام لەسەرەتای دەستبەکاربونی خولەکەیدا دەرگاکانی واڵاکرد بۆ پێشوازی کوردانی باکورو رۆژئاواو نوێنەرەکانیان کە پێشتر ئەمانە سەردانیکردنیان بەجۆرێک لەجۆرەکان لێ قەدەغەکرابو.

هەرئەم پەرلەمانەبو لەپێشتردا شاندێکی پەرلەمانی رەوانەکرد بۆ کانتۆنی کۆبانێ تاکو لە رەوش و ژیانی دانیشتوان و کانتۆنەکانی رۆژئاواو هاوکاریکردنیان بەپێی پێویست و ئەوتوانایەی هەبوە لەوساتەدا بکات .

هەرئەم پەرلەمانە بو لە ( ۱٤-۱۰-۲۰۱٤) دانیشتنێکی تایبەتی گرێدا تایبەت بەڕۆژئاواو کانتۆنی کۆبانێ، کە تێیدا دو بڕیاری گرنگ و مێژویی تێدا دەرکران کە بریتی بون لەبڕیارەکانی ژمارە ( ۲٤ ، ۲۸ ) کە یەکەمیان تایبەت بو بەداننان بەسەربەخۆیی کانتۆنەکانی رۆژئاواو کردنەوەی نوێنەرایەتیان لەهەرێم، و دوەمیشیان تایبەت بو بەناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی کانتۆنی کۆبانێ کە مەترسی زۆری لەسەربو لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش و هاوکارەکانیانەوە.

نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوابو ساڵی رابردو لەکاتی سەردانیکردنی چەند فراکسیۆنێک بۆ نوێنەرایەتی کانتۆنەکان لەشاری سلێمانی بەهۆی ساڵیادی راگەیاندنی کانتۆنەکانەوە زۆر راشکاوانە وتی کە لەوکاتەوەی پەرلەمانی کوردستان لە (۱۲)ی ئۆکتۆبەری (۲۰۱٥)وە پەکخرا ئیتر هاوکارییەکانی باشور بۆ رۆژئاواش بەتەواوی کۆتاییان پێهات و نەمان.

لێرەدا ئەوەی بۆتە جێگای باس و رەخنەلێگرتن، دەرنەبڕینی هەڵوێستێکی راشکاوانەیە لەلایەن ئەم پەرلەمانەی ئێستای کوردستان دەرهەق بەو هێرش و پەلاماردانەی تورکیا بۆ سەرعەفرین و دانیشتوانەکەی، کە دەبوایە هەر لە یەکەمین ساتەوە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بەپەلە بانگەوازی دانیشتنێکی نائاسایی بکردایە بۆدەربڕینی ناڕەزایی و گەیاندنی داواو خواستی خەڵکی کوردستان بۆ وڵاتانی دنیاو کونسوڵخانەکان و راگەیاندنی پشتیوانی بەناوی خەڵکی کوردستان بۆ عەفرین و بەرخۆدانەکەی، و لەهەمانکاتیشدا ئیدانەو شەرمەزارکردنی تورکیاو هاوئاوازەکانی لەبەرامبەر ئەو داگیرکاری و کوشتارەی ئەنجامی دەدات لە رۆژئاواو کانتۆنی عەفرین.

بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان نەک ئەوکارەی نەکرد تەنانەت داوای چەند فراکسیۆنێک و دەیان ئەندامی پەرلەمانی تائێستاش بەهەند وەرنەگرتوە کە ماوەی هەفتەیەکەو بەدیاریکراویش لە ( ۲۲-۱-۲۰۱۸)وە داوای دانیشتنێکیان کردوە تایبەت بەڕۆژئاواو ئەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەرعەفرین لەلایەن رژێمی تورکیا .

ئاخەر کەی رەوایە ئەنجومەنی ئاسایش لەئاستی جیهاندا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردن و باسکردنی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەرعەفرین بەڵام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەئاست ئەو هەمو تاوان و کوردکوژییەدا نوزەی لێوەنەیەت و بێدەنگ بێدەنگ رۆژ بەڕێکات و سەری خۆی کزبگرێت. چۆن دەکرێت هەمو دونیا لەسەرعەفرین قسەی هەبێت، ئیدانەی پەلاماردانی بکات، گردبونەوەو ناڕەزایی لەزۆرینەی پایتەختەکان بەڕێوەبچێت، کەچی دو هەفتەیە پەرلەمان کۆبونەوەیەک ئەنجامنەدات، بڕیارێک دەرنەکات لەسەر ئەو هەمو روداو و پێشهاتە مەترسیدارانە.

بۆیە دەکرێت ئەو پرسیارە سادەیە زۆر بەڕاشکاوی بکەین و بپرسین: بۆچی هەرئەم خولەی پەرلەمان لەکاتی هەڕەشەو مەترسییەکان بۆسەر کانتۆنی کۆبانێ ئەو هەمو بڕیارو بەیاننامانەی دەرکرد و لیژنەی مەیدانی بۆ سەردانی پێکهێناو کۆبونەوەی تایبەتی بۆ ئەنجامدا؟ بەڵام بۆچی لەئێستادا کە گەورەترین هەڕەشە لەسەر کانتۆنی عەفرین هەیەو بەبەرچاوی دنیاوە هێرش دەکرێتەسەری، پەلامار دەدرێت، هاوڵاتی سڤیل شەهید دەکرێت، عەفرین دەکرێتە کوشتارگە کەچی ئەم پەرلەمان و سەرۆکایەتیەی ئێستا هێندە بێباک و کەمتەرخەمن لەئێستادا؟ نەک کۆبونەوەو دانیشتنی تایبەت بەعەفرین ئەنجامنەداوە تەنانەت رستەیەک بگرە بەوشەیەکیش باسی پەلامارەکانی سەرکانتۆنی عەفرینی نەکردوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای تۆرانی و ئەڵقەلەمشتەکانیەوە .

ئەمە راستیەکمان بۆدەسەلمێنێت کە جیاوازی ئەم خولەی پەرلەمان لەسەرەتاو کۆتاییدا هێندەی ئاسمان و رێسمانە .باشترین نمونەش دەربڕینی هەڵوێستی پەرلەمانە لەدوێنێدا بۆ کانتۆنی کۆبانێ و نەبونی هەڵوێستیشە لە ئەمڕۆدا بۆ کانتۆنی عەفرین کە هەردوکیان دو کانتۆنی ئازیزی رۆژئاوای کوردستانن و پێویست بو پەرلەمانی کوردستان بەدەنگ و نەعرەتەیەکی زۆر بەرز بۆی بهاتایەتە گۆ و بەناوی گەلی کوردستانەوە پاڵپشتی و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دەرببڕیایە، چونکە بێدەنگبونی پەرلەمان لەدۆخێکی لەوشێوەیەدا کە ناوچەکە بەگشتی و عەفرینی بەتایبەت تێدا دەکوڵێت نیشانەیەکی گەورەی پرسیار لەسەرخۆی دروست دەکات و مێژوش هەڵوێستەکان وەک خۆی تۆمار دەکا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە