لەعەفرین تورکیا پاکتاوی نەژادی دەکات نەک ریشەکێشکردنی تیرۆر 

(سبەی):

هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە بۆمبارانکردنی عەفرین، کە ناوچەیەکە لە سوریا و ئێستا لەلایەن کوردەکانەوە کۆنترۆڵکراوە. بیانوی تورکیا بۆ هێرشەکان، بونی هێزەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە)یە لەو ناوچانە کە هێزێکی میلیشیای کوردییە و تورکیا بە گروپێکی تیرۆرستی ناویان دەبات. وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆنی ئەمەریکاش کەبێدەنگییان هەڵبژاردوە، بۆ ئەوەی پەیوەنییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرەو خراپتر نەڕوات، قسە لەسەر جیاوازییەکی زۆر بچوک دەکەن و دەڵێن پشتگیریی ئەوان سنوردارە و تەنها لەو ناوچانە پشتگیریی یەپەگە (یان هێزەکانی بەرگری سوریا کە یەپەگە بەشێکە لێی) دەکەن کە تێیدا شەڕی داعش دەکەن. بەڵام ویلاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ناچار نیە پشتگیریی ئەو گروپە بکات لەهەر شوێنێکی سوریا کە ئەوان بونیان هەبێت.

ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا دوکێشەی لێدەکەوێتەوە، یەکەم؛ رەنگە لەناو واشنتۆندا خەڵک بەمە رازیبکرێت، بەڵام لە دونیای حەقیقیدا کەس بەو قسانە فریو نادرێت.

دونیای دەرەوە وای دەبینن کە ویلاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هاوبەشێکی خۆی لەتەنگانەدا بەجێدەهێڵێت.

ئەو ڕقەی کە بەهۆی ئەم سیاسەتەوە لەناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، زۆر نەرێنی دەبێت و ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.  دوەم؛ ئەگەر بۆ هێورکردنەوەی تورکیا بێت ئەوە دیسان سیاسەتێکی شکستخواردو دەبێت، لەبەرئەوەی تورکیا یەپەگە وەک هێزێکی میلیشیای تیرۆرست دەبینێت و بۆ ئەنقەرە بابەتەکە تەنها رەش و سپییە و رەنگی خۆڵەمێشی نیە. تورکیا دژی ئەوە دەوەستێت کە ئەمەریکا یارمەتی یەپەگە بدات لە هەرکوێیەک بێت.

کێشە گەورەکە لە هەڵوێستی تورکیادا ئەوەیە رەچاوی ئەوە ناکات کە ئەمەریکا چۆن گەشتۆتە ئەم سیاسەتی پشتگیریکردنەی لە یەپەگە، هەروەها راستی دۆخی کوردستانی سوریاش ناخوێنێتەوە.

پێش ئەوەی ساڵی (٢٠١٤) سەردانی رۆژاڤا بکەم، کە کوردەکان بە ناوچەی فیدراڵ ناوی دەبەن و لەناو سوریادا دایانمەزراندوە، چەند دبلۆماتکارێکی ئەمەریکام بینی و لەوکاتەدا فەرمانیان پێکرابو کە بەهیچ جۆرێک پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی یەپەگە دروستنەکەن، ئەوەش لەبەر دو هۆکار بو، یەکەم ترسیان هەبو لەوەی کە یەپەگە لینکی لەگەڵ پەکەکە هەیە و ئەمەش تورکیا توڕە دەکات. دوەم پەیوەندیی بەوەوە هەبو پێیان وابو باڵە سیاسییەکەی یەپەگە کە بە (پەیەد) ناودەبرێت بەشێوەیەکی باش پشتیوانیی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناکەن کە ئەمەریکا پشتیوانییان دەکات.

ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی کە ئەمەریکا و یەپەگە هاوپەیمانن، بەڵام چی رویدا؟

یەکەم، تورکیا بەردەوام شەڕی داعش و بەرەی نوسرەی فەرامۆش دەکرد، نەک تەنها بەری بۆ هاتنی شەڕکەرە بیانییەکانی داعش خۆشکرد، بەڵکو پشتیوانی هەردو گروپەکەی دەکرد و کەلوپەلی پێویستی پێشکەش دەکردن.

هەروەک سیاسەتی پاکستان، کاتێک رەخنەکان زیادیان دەکرد، چەند تیرۆرستێکی دەگرت، بەڵام کاتێک چاوی کامێراو رۆژنامەنوسان و دبلۆماتکارانیان لەسەر نەدەما، دادگای تورکیا تیرۆرستەکانی ئازاد دەکرد.

بەپێچەوانەوە، یەپەگە زیاتر سەلماندی کە کاریگەرترین شەڕ لەدژی داعش دەکات. دپلۆماسیەتی تاکلایەنە و بەرژەوەندیخوازانەی تورکیا زیاتر پاڵی بە ئەمەریکاوە نا زیاتر لە یەپەگەوە نزیک ببێتەوە، بەتایبەتیش وەک هەڵویستێک لەدژی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی کە تورکیا دەیکرد بۆ رەتکردنەوەی بنکەی (ئەنچەرلیک) و دژی هەنگاوەکانی ئەمەریکا دەوەستا کە دەیویست لەبنکەیەوە هێرشەکانی ئەنجام بدات.

خاڵی کۆتایش ئەوەیە کە راستی روداوەکان بونە رێککەرەوەی ئەو هەنگاوەی کە ئەمەریکا بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا نای. دور لە بابەتە دیموکراسییەکان، زۆربەی ئەو گروپە سورییانەی کە ئەمەریکا رکابەری دەکردن رادیکاڵ بون یان وایان لێکرا کە دژی سیاسەتە ناڕێک و پشتپێنەبەستراوەکانی ئەمەریکا.

تورکیا راستدەکات کە ئەڵێ یەپەگە و پەکەکە پەیوەندییان هەیە، کارێکی نا ئەخلاقییە ئەگەر بڵێ وانیە، بەڵام کاتێک تورکیا ناخی سیخماخکردوە بە دژایەتیکردنی پەکەکە لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە لەو وڵاتە یاخیبون، بەڵام رون نیە کە یەپەگە تیرۆرستە سەرەڕای بونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە. ئەو راستییەش لەولاوە بوەستێ کە تورکیا خۆی داوای لە پەکەکە کردوە بچن بۆ سوریا وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوانیان. ئەمە جگەلەوەی، پێناسەی تیرۆر لای تورکیا پێناسەیەکی گشتگیرە و رەجەب تەیب ئەردوغان باوەشی کردوە بە بزوتنەوەی حەماسدا کە بە ئاشکرا هاوڵاتی سیڤیل و بێ دیفاع دەکوژێت و پەکەکەش جگە لە یاخیبونێکی ئاسایی هیچی دیکەی نەکردوە.

حکومەتی تورکیا لەژێر فشارێکی زۆردایە بۆئەوەی تەنها یەک بەڵگە بخاتەڕو کە بیسەلمێنێت هێرشێکی تیرۆرستی لە عەفرینەوە کراوەتە سەر تورکیا، ئەوان لەژێر فشاردان پرسی بەتیرۆرستناساندنی یەپەگە بخەنەڕو.

خەڵک کە سەردانی کوردستانی سوریا دەکەن گروپێک دەبینن کە سەرقاڵی بنیاتنانەوەن و لەئاستی بەرپرسیارێتی حکومدارێتیدان، رۆژانە خۆڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە، قوتانخانە بنیات دەنێن، یارمەتی ئاوارەکان دەدەن، کارەبا دابیندەکەن و ئاسایش بەرقەرار دەکەن، نەک راهێنانی تیرۆرستی.

بەڵام لە تورکیا هەمان ئەو کەسانەی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن لەوێ رۆژانە لەقاڵبدانی بیروڕا جیاوازەکان و بەئیسلامکردن دەبینن، حاڵەتێکی نائاسایی دەبینن کە تییدا ئەردۆغان رێگەی پێدەدرێت کوێرانە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت.

ئەوە بە مانای ئەوە نیە کە من بڵێم یەپەگە چارەسەرێکی دیموکراسی رەهایە بۆ تەواوی ناوچەکە وەک بەشێک لە پشتیوانانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو مەبەستمە بڵێم ئەوان و ئەو هێزە گەورەیەش کە ئینتیمایان بۆی هەیە لەململانێدان لەگەڵ کولتورە دیموکراتییەکەدا.

جارێکی تر ئەم کێشەیە لە کوردستانی عێراق بونی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی کە ئەوان لە هەناوی پەکەکە و فکری مارکسییزمی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە سەریان هەڵداوە، بەڵکو لەپرسی دیموکراسی و لێبوردەیی و حکومداریدا خۆیان بە تورکیا بەراورد دەکەن.

ئەو پێشنیارەی کە داوادەکات ئەمەریکا پشت لە کوردەکانی سوریا بکات و باوەش بە تورکیادا بکات دوبارەکردنەوەی ئەو هەڵەیە کە ئەمەریکا لە پاکستان کردی و یارمەتی زۆریدا کەچی ئەو وڵاتە هاوشێوەی تورکیای ئۆردوگان فوی بە ئاگری ئیسلامی رادیکاڵیدا دەکرد.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، تورکیا بۆ ئەوە نەچوە بۆ عەفرین کە شەڕی تیرۆر بکات، لەبەرئەوەی عەفرین ناوەندێک نییە بۆ تیرۆریزم و وەک بەشێک لەو هەڵمەتە ستەمکاری و نابەجێیەی دژی کوردەکان دەستی داوەتێ، تورکیا تەنها دەیەوێت لەعەفریندا پاکتاوی نەژادی بکات. هەروەها تەنها پاڵنەری ئەردوغان ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت بانگەواز بۆ پاڵەوانی عەرشی سەربازی بکات و ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە بێدەنگ بکات کە بونی هەیە، چونکە ئەو نایەوێت لەکاتی جەنگدا پرسیاری لێبکرێت.

نە تەسلیمبون بە ئەردوغان و نە پشتکردنە کوردەکان، ئەمە سیاسەتێکی ژیرانەیە. ساڵانێک تورکیا هاوپەیمان بوە، بەڵام ئێستا هاوپەیمان نیە، لەبەرامبەردا ئێستا کاتی ئەوەیە یەپەگە بەرگری لە عەفرین بکات.

 

نوسینی: مایکل رۆبن، نوسەر لە واشنتۆن ئێگزامینەر

لە ئینگلیزییەوە:  بەهمەن ‌ئەحمەد

سەرچاوە:  واشنتۆن ئێگزامینەر

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە