فێدرێر بیستەم نازناوی گراند سلامی بردەوە

فیدرەر دواى بردنەوەى نازناوەکە

(سبەى):

رۆجێر فێدرێری سویسری نازناوی پاڵەوانێتی تێنسی سەرزەوی ئوسترالیای كراوەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی یاریی كۆتایی لە مارین سیلیچ بردەوە، ئەمەش بیستەم نازناوی بو لە پاڵەوانێتییە گەورەكاندا و شەشەم نازناوی بو لە پاڵەوانێتی كراوەی تێنسی سەرزەوی ئوسترالیادا.

لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتی كراوەی تێنسی سەرزەوی ئوسترالیا كە یەكێكە لە چوار پاڵەوانێتییە گەورەكەی گراند سلام و لەسەر یاریگا رۆد لەیڤەری ملبۆرن بەڕێوەچو، رۆجێرێر فێدرێری دوەمی ریزبەندی روبەڕوی مارین سیلیچی كڕاوتی شەشەمی ریزبەندی بوەوە، فێدێر كە وەرزی رابردو نازناوەكەی لە سەر حیسابی نادال بەدەسهێنا بو، لەمساڵیشدا بە ئاستێكی بەرز بۆ پارێزگاریكردن لە نازناوەكە دەركەوت.

ئەمەش نۆیەم یاریی بو لە نێوان فێدرێر و سیلیچ، لە هەشت یاریی رابردودا فێدرێر حەوت یاریی بردبوەوە و تەنیا لە پاڵەوانێتی كراوەی ئەمەریكای (2014) یەك یاریی بە سیلیچ دۆڕاند بو.

لەكۆمەڵەی یەكەمدا فێدرێر یەكەم لێدانی جێبەجێ كرد و پێشكەوت، توانی دو جاریش سێرڤی سیلیچ بشكێنێت و ئەو كۆمەڵەیەی بە ئاسانی و لە ماوەی 27 خولەكدا بە ئەنجامی 6 بە 2 بردەوە.

لە كۆمەڵەی دوەمدا سیلیچ گەڕایەوە نێو كەشی یارییەكە و توانی یارییەكە بگەیەنێتە تای برێك، لەوێش توانی 7 بە 5 پێشبكەوێت و ئەو كۆمەڵەیە كە درێژترین ماوەی خایاند لە یارییەكەدا و (61) خولەك بو، لە بەرژەوەندی سیلیچ كۆتایی هات و ئەنجامەكەی یەكسانكردەوە.

لە كۆمەڵەی سێیەمدا فێدرێر جارێكی تر دەستی بەسەر كەشی یارییەكەدا گرتەوە و توانی ئەو كۆمەڵەی بە ئەنجامی (6 بە 3) لە ماوەی (37) خولەكدا لە بەرژەوەندی خۆی تەواو بكات و بە دو كۆمەڵە بەرامبەر بە كۆمەڵەیەك پێشكەوت، كۆمەڵەی چوارەم سەرەتاكەی لە بەرژەوەندی فێدرێربو كاتێك بە 3 بە 1 لە پێش بو، بەڵام سیلیچ توانی ئەنجامەكە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت و ئەو كۆمەڵەیەی 6 بە 3 بردەوە و ئەنجامی یارییەكە بوە 2 دو كۆمەڵە بۆ هەر لایەك.

لە كۆمەڵەی پێنجەم و یەكلاكەرەوەدا فێدرێر بە تەواوی كۆنترۆڵی یارییەكەی كرد و توانی بە ئەنجامی 6 بە 1 كۆتایی پێبهێنێت و هاوشێوەی وەرزی رابردو خاڵی كۆتایی یارییەكەی گرت و بە سێ كۆمەڵە بەرامبەر دو كۆمەڵە یارییەكەی بردەوە و بۆ شەشەم جار لە مێژویدا بوە پاڵەوانی گراندسلامی ئوسترالیا و ژمارەی نۆڤاك جۆكۆڤیچی یەكسانكردەوە.

رۆجێر فێدرێر بە بردنەوەی ئەو نازناوە لە كۆی حەوت یاریی كۆتایی ئوسترالیای كردوە، شەش جار لە ساڵەكانی 2004 و 2006 و 2007 و 2010 و 2017 و 2018  نازناوەكەی بەدەستهێناوەو، ئەو تاكە جارەش كە یاریی كۆتایی دۆڕاندوە لە ئوسترالیای كراوە لە 2009 دا بو بەرامبەر رافائیل نادال.

بەمجۆرەش بیستەم نازناوی لە پاڵەوانێتییە گەورەكان كە بە گراندسلام ناسراون بەدەسهێناو شەش نازناوی لە پاڵەوانێتیی ئوسترالیایەو یەك نازناوی لە ڕۆلان گارۆسی فەرەنسایە و هەشت نازناوی لە پاڵەوانێتی ویمبڵدۆندا بەدەستهێناوەو پێنج نازناوەكەی تریشی لە پاڵەوانێتی كراوەی ئەمەریكادا بەدەستهێناوە.

لە دوای مەراسیمی نمایشكردنی نازناوەكەش ئەلاین بێسێت سەرۆكی سویسرا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە فێدرێرەوە ئەنجامدا و پیرۆزبایی بردنەوەی بیستەم نازناوی گراند سلام و شەشەم نازناوی ئوسترالیای كراوەی لێكرد.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە