یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بە بەشدارى نۆ یانە دەستپێدەكات

(سبەى):

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان دەستپێبكات، ئەمساڵ یارییەكانی خولەكە جیاوازە و بۆ یەكەمجارە بە بەشداری نۆ یانە بەرێوەدەچێت، یارییەكانی خولەكە بە سیستمی خول ئەنجامدەدرێن و هەر یانەیەك زۆرترین خاڵ كۆبكاتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولەكە.

دواجار و دواى چاوەڕواننیەكی زۆر، پەردە لەسەر یارییەكانی خولی نایابی كوردستان هەڵدەدرێتەوە و یارییەكانی هەفتەی یەكەمی خولەكە بەڕێوەدەچن.

یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان جیاوازە و بۆ یەكەمجارە خولەكە بە بەشداری 9 یانە بەرێوەدەچێت، ئەوانیش یانەكانی ( هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر و نەورۆز و ئارارات و برایەتی و زێرەڤانی و شێروانە و زاخۆ و هەندرێنن).

جیاواز لە دو وەرزی رابردودا یارییەكانی بە سیستمی خول ئەنجامدەدرێن و هەر یانەیەك زۆرترین خاڵ كۆبكاتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولەكە.

بەهۆی روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەرەوە هەردو یانەی كەركوك و گازی باكور نەیانتوانی بەشداری خولەكە بكەن و كشانەوە، یانەی سیروانی نوێش بڕیاری كشانەوەی لە خولەكە راگەیاند و یاریزانەكانی سەربەست كرد تا بتوانن یاریی بۆ یانەكانی تر بكەن.

لە كۆتایی خولەكەدا ئەو یانەیەی كەمترین خاڵ كۆبكاتەوە بۆ ریزی یانە پلەیەكەكان دادەبەزێنرێت و بە پێچەوانەشەوە دو یانەی خولی پلەیەك دەگەنە خولی نایاب.

دوای یەكگرتنەوەی دو دەزگا وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2006 یەكەم خولی نایابی كوردستان ئەنجامدراو ئەو كات یانەی دهۆك توانی بۆ یەكەمجار نازناوەكە بەدەستبهێنێت، تا ئێستاش خولەكە 11 جار ئەنجامدراوەو ئەمساڵ بۆ جاری دوانزەیەم ئەنجامدەدرێت.

هەریەك لە یانەكانی هەولێر و زێرەڤانی تا ئێستا زۆرترین نازناویان بەدەستهێناوە كە سێ‌ نازناوە و دوای ئەوانیش یانەی بروسك دێت كە دو نازناوی خولەكەی هەیە، یانەكانی هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر و دهۆكیش توانیویانە بۆ یەكجار ببنە پاڵەوان.

ئەمساڵ هەریەك لە یانەكانی هەولێر و زێرەڤانی و پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی بڕە پارەیەكی باشیان لە هێنانی یاریزاناندا خەرجكردوە و دەیانەوێت ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش هەولێر كامپێكی راهێنانی لە وڵاتی توركیا كردەوەو یانەكانی تریش لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا كامپی راهێنان و یاریی دۆستانەیان ئەنجامدا.

لە یارییەكانی هەفتەی یەكەمی خولەكەشدا، یانەی زێرەڤانی روبەروی یانەی هەندرێن دەبێتەوە و یانەی پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانیش دەبێتە میوانی یانەی ئارارات، یانەی شێروانە پێشوازی لە برایەتی دەكات و زاخۆ و هەولێریش بەیەكدەگەن، لە یەكەم هەفتەیشدا یانەی نەورۆز پشو وەردەگرێت و یاریی نیە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە