عێراق مەرزە لاوەکی و نافەرمیەکانی هەرێمی داخست

(سبەی):

بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی مەرزو دەروازە لاوەکیەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان بە (سبەی) راگەیاند؛ رۆژێک دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێم، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی بە ژمارە (305)ی ساڵی (2017) بەواژۆی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان داخستنی سەرجەم دەروازە لاوەکیەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێی عێراق بو.

هەرچەندە بڕیارەکە لەوکاتەوە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاری لەسەر نەکراوە، بەڵام بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە “وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەدوایین ئاگادارکردنەوەیاندا، هێزەکانی پاسەوانی سنوری هەرێمیان ئاگادارکردوەتەوە کە سەر بە حکومەتی فیدڕاڵن، تاکو رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ داخستنی سەرجەم مەرزەلاوەکیەکان لە ماوەی (24) سەعاتدا”.

ئاماژەی بەوەکرد، لە دوێنێ (1)ی شوباتەوە بڕیارەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پاسەوانی سنورەوە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو سەرجەم مەرزو دەروازە لاوەکیەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ داخران کە پێشتر جوڵەی زۆریان تێدابو.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: تائێستا نازانرێت هۆکاری داخستنی ئەو مەرزو دەروازە لاوەکی و نافەرمیانە چین، هەروەها رون نەکراوەتەوە کە بۆچی بڕیارێکی لەوشێوەیە دراوەو ئایا تاکو کەی داخستنەکە بەردەوام دەبێت، کاتی دەبێت یان بۆ هەمیشە دادەخرێن، بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاگادارکراونەتەوە تاکو بەدواداچون بکەن.

دەیان مەرزو دەروازەی نیمچەفەرمی و لاوەکی لە سنورەکان هەن کە بژێوی ژیان و گوزەرانی سەدان خێزان و هاوڵاتی هەرێمیان لەسەرەو بەداخستنی یەکجاری ئەو مەرزودەروازانە هەزاران هاوڵاتی تری ئەم هەرێمە لەم دۆخە خراپەی دارایی و بێ موچەییەدا بێکار دەبن و کاریگەریش دروست دەکەن لەسەر چۆڵبونی زیاتری گوندەکان بەتایبەت ئەو گوندانەی مەرزی لاوەکیان لێوە نزیکە یاخود پێیدا دەڕوات.

بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر دەڵێت: ئەم مەرزە لاوەکیانە رۆڵێکی زۆر باشیان بینی لە راگرتنی نرخی کاڵاو شمەک و بەرزنەبونەوەی نرخەکانیان لەو چەند مانگەی کە دەروازە نێودەوڵەتیەکانی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی هاوسنور بە (رۆژهەڵاتی کوردستان) کۆماری ئیسلامی ئێران داخرابون و جموجۆڵی بازرگانیان تێدا وەستێنرابو.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە