بایک: کورد هیچ رێگەیەکی نییە جگە لە سەرکەوتن لە عەفرین

بایک

(سبەی):

جەمیل بایک ئاماژە بەوە دەکات ئەمەریکا و روسیا و ئەوروپا دەیانەوێت ناکۆکییەکانیان لەسەر گۆڕەپانی کورد یەکلایی بکەنەوە و دەشڵێت:”بەڵام کورد روبەڕوى لەشکرکێشى تورکیا دەبێتەوە و هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە سەرکەوتن لە عەفرین”.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکی کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆناهی تیڤی رایگەیاند؛ پەلامارەکانی تورکیا بە ئاگاداریی روسیا و ئەمەریکا بوە و ئەورپاش لە ئاستی بێدەنگ بوە، چونکە ئەو هێزانە ناکۆکن و دەیانەوێت ناکۆکییەکانیان لەسەر گۆڕەپانی کورد چارەسەر بکەن و ئەمە بوەتەوە هۆی کۆمەڵکوژیی کورد لە عەفرین.

بایک دەڵێت: “ئەردۆغان دەیەوێت پەیمانی لۆزان بپارێزت و کورد بە دابەشکراوی و پەراوێزخراوی بمێنێتەوە، بەڵام پشتگیری و هاوسۆزیی کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان و کوردی تاراوگە بۆ عەفرین دەتوانێت پیلانی دوژمنان پوچەڵ بکاتەوە”.

هەروەک لەبارەى پشتیوانییەکانی کورد، بایک وتی: “گەلی باشوری کوردستان سەرەڕای قەیرانەکان بە پەرۆشەوە پشتگیریی گەلی عەفرینی کردو ئەمە جیگەی دەستخۆشییە،  بەڵام داوای کردنەوەی دەروازی سێمێلکا بەڕوی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن پەرلەمانەوە بەس نییە و پێویستە لە ئاستێکی گەورەتردا پشتیوانیی رۆژئاوا بکرێت، گەلی ئێمە لە پارچەکانی دیکە پێویستە سەرەڕای ئاستەنگ و سەرکوتەکان پشتیوانیی عەفرین بکات، چونکە بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان دژی کورد هیچ رێگەیەک نییە جگە لە سەرکەوتن و سەرکەوتنی عەفین سەرکەوتنی کوردە”.

هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی کردوەتەوە؛ روسیا و ئەمەریکا و ئەوروپا پاساو بۆ بێدەنگبونیان لە بەرامبەر تورکیا دەهێننەوە کە گۆیا دەیانەوێت روبەڕوی فاشیزم ببنەوە و دواتر کار بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی تورکیا دەکەن، بەڵام ئەمە ناڕاستە و کورد دەکەن قوربانیی ناکۆکییەکانیان.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە