(سبەی):
به‌رپرسى به‌شى حكومه‌ت له ژورى پەرله‌مان و حكومه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئامانجى سه‌ره‌كی بزوتنەوەی گۆڕان بریتى بو له گۆڕینى شێوازى حوكمڕانى بۆ شێوازى پەرله‌مانى و دەشڵێت: ئەگەر هه‌ڵبژاردنی داهاتو به شێوازێكى باش به‌ڕێوه بڕوات، گۆڕان ده‌بێت به هێزى یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم.
دانا عه‌بدولكه‌ریم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی گۆڕان دەڵێت: گۆڕان پشتى به هه‌ڵبژاردن به‌ستوه و رێگا مه‌ده‌نى و دیموكراسیه‌كانى خۆى به‌رده‌وامى پێ دەدات، هەربۆیە ئێمه له‌و رێبازه پەرلەمانیەی ده‌ستمان پێكردوه خۆمان به سه‌ركه‌وتو دەزانین و قۆناغێكى باشمان بڕیوه.
ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌وله‌ویه‌تى كاركردنى گۆڕان وه‌ك ستراتیژ له دامه‌زراندنیه‌وه تا ئێستاش گۆڕینى شێوازى حوكمڕانیه‌و وتی: “ئامانجى سه‌ره‌كیمان بریتى بو له گۆڕینى شێوازى حوكمڕانى بۆ شێوازى پەرله‌مانى، هەروەها مه‌به‌ست له گۆڕانكارى ته‌نها گۆڕان له كه‌سه‌كان نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ست له گۆڕینى سیستمه‌كه‌یه، مه‌به‌ست له‌و سیستەمه‌یه كه ئه‌م وڵاته‌ى پێئه‌ڕوات به‌ڕێوه”.
هەروەک جەختی کردەوە، له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتو ئه‌گه‌ر كار بکرێت کە پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به شێوازێكى باش بڕوا به‌ڕێوه، ئه‌وه گۆڕان ده‌بێ به هێزى یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و “ئه‌وكاته له رێى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كه‌مى جێبه‌جێكردنه‌وه هەوڵدەدەین ئه‌و شێوازه حكومڕانیه بێنینه دى كه چه‌ندین ساڵه بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ین”.
دەقی چاوپێکەوتنەکە
ئامادەکردنی / لەیلا جەمال
شکستی شانزەی ئۆکتۆبەر بنبەستی شکستی سیستمی حوکمڕانی (سەرۆکایەتی – ناشەرعی) هەرێمی کوردستان بو.
لە هەشت ساڵی رابردودا بەهۆی سەرهەڵدانی بیری چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی، کە لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕاندا فۆرمەڵە بو، کورد لە باشوری کوردستان دەرگای دەرفەتێکی مێژویی بەڕودا کرایەوە بۆ چاکسازی کردن لە سیستمی حوکمڕانیدا، لەسەر بنەمای پشت بەستن بە بنەما شەرعی و دیموکراتیەکان، هەروەها دامەزراندنی ئابوریەکی بەهێز و بەڕێوەبردنی شەفاف بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتمانیان، بەڵام پەکخستنی پەرلەمان کە دواتر بەلاڕێدا بردنی سیاسەتی هەرێمی لێکەوتەوە، مێژوی سیاسی و حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لە روانگەی نێودەوڵەتیەوە کۆتایی پێهێنا.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان وەک دوەم هێزی سیاسی بڕیاریدا ببێتە ئۆپۆزسیۆن و لەو چوارچێوەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەستی لەکار کێشایەوە.
هەرێمی کوردستان، لە دیدی هاونیشمانیانەوە، گۆڕانکاری ریشەیی هەڵدەگرێت. ئاڕاستەی پاڵپشتیە نێودەوڵەتیەکانیش روەو پشگیری کردنی رەوتی دیموکراسی و ئازادی و چاکسازین.
لە میانی زنجیرەیەک چاوپێکەوتندا، دەسکەوتەکانی خەباتی پەرلەمانی لە رابردو، دەرفەتەکانی سەرکەوتنی رەوتی دیموکراسی و چاکسازی، بنەبڕکردنی گەندەڵی بۆ ئایندە، دەخەینەڕو، لەگەڵ میکانیزمە جیاوازەکان بۆ کۆتایی هێنان بە مۆتەکەی دیکتاتۆری لەهەرێمی کوردستان.
* بزوتنه‌ه‌ى گۆڕان، ستراتیژى چى بو بۆ به‌شدارى له پڕۆسه‌ى حكومڕانى له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌تى عێراق؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیه‌وه ئامانجى به‌دیهێنانى دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و سه‌روه‌ربونى یاسا بوه له هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
سئ ئاستمان هه‌یه كه دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت ئیشى تیا ئه‌كه‌ن؛ ئاستى عێراق، بریتیه له دامه‌زراوه‌كانى پەرله‌مان و حكومه‌ت، ئاستى هه‌رێمى كوردستان،پەرله‌مانى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌گرێته‌وه، و ئاستى پارێزگاكان، حكومه‌ته خۆجێیه‌كان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئه‌گرێته‌وه.
ستراتیژمان بۆ عێراق له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و بنه‌مایانه دامه‌زراوه كه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له پێناویا دروست بوه، سه‌ره‌كیترینیان بریتى بوه له چه‌سپاندنى دیموكراسى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی دیموكراسى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌مو كێشه‌و ناكۆكیه‌كانه، عێراق وڵاتێكى فره ره‌گه‌زه، فره نه‌ته‌وه و فره پێكهاته‌ى ئاینیه. فره دیدوبۆچونى جیاوازه‌و كاریگه‌ریه‌كى زۆرى وڵاتانى دراوسێ و وڵاتانى ده‌وروبه‌رى له‌سه‌ره، كه‌واته ئه‌و ململانێیه‌ی له عێراقدا هه‌یه ململانێیه‌كى زۆر قورسه، ئه‌گه‌ر به رێگه‌ى دیموكراسى ئه‌م ململانێیه چاره‌سه‌ر نه‌كرێ عێراق به‌ره‌و لاوازى و هه‌ڵدێرى زیاتر ئه‌ڕوات.
ستراتیژى دوه‌ممان بریتى بوه له به دامه‌زراوه‌یی كردن، یاخود كاركردنى دامه‌زراوه‌كانى عێراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى زانستى كه ره‌نگدانه‌وه‌ى پرۆسه دیموكراسیه‌كه بێت. ستراتیژى سێیه‌ممان له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌تى عێراقى بریتى بوه له سه‌روه‌ر كردنى یاسا، چونكه تا یاسا سه‌روه‌ر نه‌بێت دو ئامانجه‌كه‌ى پێش‌و به‌دى نایه‌ن.
* پڕۆژه‌كانتان له‌م چوارچێوه‌یه له‌چیدا خۆیان ئه‌بینیه‌وه؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: له ساڵى (2005) ده‌ستورى عێراق په‌سه‌ند كرا، به‌پێى ده‌ستور عێراق وڵاتێكى دیموكراسى فیدڕاڵیه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌ڕێوه ئه‌برێت و شێوازى حكومڕانیه‌كه‌ى شێوازێكى پەرله‌مانیه. واته سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌ڵاته‌كانى لایه‌و سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كان و كه‌سى یه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنه له عێراقدا. پڕۆژه‌ى سه‌ره‌كى گۆڕان بریتی بوه له‌وه‌ى سیستمى پەرله‌مانى له عێراق سه‌ركه‌وتو بێت و پشت و په‌ناى ئه‌و پرۆسه‌یه بێت كه له عێراقدا هه‌یه بۆ به‌دیموكراسیكردنى عێراق، چونكه مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان له چوارچێوه‌ى عێراقێكى دیموكراسیدا ئه‌پارێزرێ، ئه‌گه‌ر عێراق وڵاتێكى دیموكراسى بێت خه‌ڵكى كوردستان مافه‌كانى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نابێت به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى له ده‌ستورى عێراقدا هه‌مو مافه بنه‌ڕه‌تیه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان له روى دیموكراسى و له روى نیشتمانى چه‌سپێنراوه، به‌شێكى زۆری ئه‌و خه‌باته‌ى له ده‌یان ساڵى پێشودا كردویه‌تى له چوارچێوه‌ى ده‌ستورى عێراقدا خۆى بینیوه‌ته‌وه، كه‌واته پڕۆژه‌كانى ئێمه بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و ده‌ستوره بوه كه له ساڵى (2005) په‌سه‌ند كراوه‌و خه‌ڵكى عێراق ده‌نگى پێداوه.
* ئه‌و پۆستانه‌ى له حكومه‌تى عێراقدا له‌سه‌ر پشكى كورد له لایه‌ن دو حیزبى پارتى و یه‌كێتیه‌وه وه‌رگیراون، سه‌رنجى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌داى كارى ئه‌و به‌رپرسانه چى بوه؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: پرسیارێكى گرنگه، ده‌ستورى عێراق به‌شێكى زۆرى مافه بنه‌ڕه‌تیه‌كانى كوردى دابینكردوه، له دواى (2005)ه‌وه ئه‌و به‌رپرسانه‌ى چون بۆ به‌غداو پۆستى ته‌نفیزى و ته‌شریعیشیان وه‌رگرتوه، وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه ئه‌و مافانه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن كه له ده‌ستورا چه‌سپێنراوه، بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و ئیشى پێبكرێت، ئێمه چه‌ندین پۆستى ته‌نفیزى گرنگمان لابوه له‌وانه پۆستى سه‌رۆك كۆمار، راسته ئه‌م پۆسته ده‌سه‌ڵاتى ته‌نفیزى نیه، چونكه ده‌سه‌ڵاتى یه‌كه‌م لاى سه‌رۆك وه‌زیرانه، پۆستى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقمان لابوه‌و له‌هه‌مو كابینه‌كاندا له حەوت وه‌زیر له كابینه‌كانى سه‌ره‌تاو له‌م كابینه‌ى دواییدا پێنج وه‌زیرى كورد وجودى هه‌بوه، ئه‌م وه‌زیرو كاربه‌ده‌ستانه‌ى كه له ماوه‌ى رابردوا له حكومه‌تى عێراقدا كاریان كردوه، به‌ڕاستى نه‌یانتوانیوه ته‌رجه‌مه‌ى پێویستى ماف و داخوازیه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بكه‌ن له ناو حكومه‌تى عێراق. بۆ نمونه ماده‌ى (140) ده‌بو له ساڵى (2007) جێبه‌جێ بكرایه، ماده‌ى (140) یه‌كێكه له‌و مادانه‌ى تایبه‌ته به ناوچه دابڕێنراوه‌كان. ئه‌و ناوچانه ده‌بو له ساڵى (2007) به‌ته‌واوى چاره‌نوسى یه‌كلایی بكرایه‌ته‌وه، به‌پێى ده‌ستورى عێراقى، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ى له‌وێ بون، خه‌مى یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌یان نه‌بوه. ئه‌وه یه‌كێكه له‌و شكستانه‌ى به‌ڕاستى به‌رپرسانى كورد له رابردو له عێراقدا لێى به‌رپرسیارن.
به‌شێكى تر‌ى شكسته‌كانى به‌رپرسانى كورد له به‌غدا بریتیه له به‌شدارى پێنه‌كردنى كورد له سه‌رجه‌م دامەزراوەکانی ده‌وڵه‌ت، بۆ نمونه دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى، كه وه‌زاره‌تى به‌رگرى و وه‌زاره‌ته ئه‌منیه‌كانى تر ده‌گرێته‌وه، رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م ئه‌فسه‌رى كوردى تیایه، رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م سه‌ربازو پله‌دارى كوردى هه‌یه له سوپاى عێراق و دامه‌زراوه ئه‌منیه‌كانى تر‌ى عێراقدا، كه له سه‌دا دو كه‌متره.
* نه‌بونى ته‌واجودى فعلى كورد له ناو داموده‌زگاكانى عێراقدا، ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌و بابه‌ته‌وه هه‌یه، له حه‌قى ئه‌و پشكه‌ى كورد هه‌یه‌تى بۆ به‌شداریكردن؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: په‌یوه‌ندى به‌وه‌و هه‌یه ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌رپرسیارێتیان وه‌رگرتوه له عێراق، خه‌مى یه‌كه‌میان به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان بوه‌و به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان نه‌بوه، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌م حیزبه‌كانیان و هه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ش كه چونه‌ته ئه‌وێ ئه‌وله‌ویه‌تیان پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان بوایه كورد له‌و مافانه‌ى بێبه‌ش نه‌ئه‌بو. واته ئه‌گه‌ر له پشكى له سه‌دا حه‌ڤده كورد به‌شدار بوایه له داموده‌زگاكاندا، ئێستا كورد قورسایی خۆى ئه‌بو له عێراقدا. یه‌كێك له ئامانجه‌كانى ئێمه له دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه به‌شداریكردنێكى كاراى كورد بوه له دامەزراوەکانی عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى كورد له عێراق به‌هێز بێت.
* رێگریه‌كانى به‌رده‌متان چى بون بۆ كاریگه‌رى دانان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى شكستى كورد له به‌غدا؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: هۆكاره‌كان زۆرن.. یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌كاته‌وە هه‌یه، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له ساڵى (2009) دروست بو هاته ناو ململانێى سیاسیه‌وه، به‌ڵام له ساڵى (2003) به‌دواوه كه رژێمى سه‌دام حسێن روخاوه، و له ساڵى (2005) كه ده‌ستورى عێراقى ده‌نگى له‌سه‌ر دراوه، چه‌ندین مافى خه‌ڵكى كوردستان له ده‌ستورا چه‌سپێنراوه، ئه‌بو تا ساڵى 2007 زۆربه‌ى زۆرى ئه‌و ده‌سكه‌وتانه جێبه‌جێبكرایه كه له ده‌ستورا هاتوه، به‌ڵام ئه‌وكاته بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وجودى نه‌بوه، ده‌رفه‌ت له‌به‌ر ده‌ست پارتى و یه‌كێتى هه‌بوه كه سود له‌و ده‌ستوره ببینن بۆ پاراستنى به‌رژه‌وەندیه‌كانى خه‌ڵك. ئه‌مه وایكرد ئێمه چه‌ندین ده‌رفه‌تى گه‌وره له‌ده‌ست بده‌ین، بۆ نمونه گه‌وره‌ترینیان، جێبه‌جێنه‌كردنى مادده‌ى (140).
دوه‌میان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه له ساڵى (2010) به‌شدارى یه‌كه‌م پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى عێراقى كرد بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌وكات توانى هه‌شت كورسى پاڕله‌مانى عێراق به‌ده‌ست بهێنێ. به‌ڵێن وابو به‌شدارى كابینه‌ى حكومه‌تى ئه‌وكاتى عێراق بكات، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش پارتى دیمو‌كراتى كوردستان فشارى زۆریان له سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌وكاتى عێراق كرد كه نورى مالیكى بو نابێت بزوتنه‌وى گۆڕان به‌شدارى پێبكرێت له دامه‌زراوه‌كانى عێراقداو ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى پێبكرێت له كابینه‌ى حكومه‌تى عێراقدا ئه‌وه ئه‌وان له كابینه‌كه ئه‌كشێنه‌وه‌و به‌شدارى له كابینه‌كه‌ى نورى مالكیدا ناكه‌ن. ئه‌مه وایكرد نورى مالیكى گرنگیه‌كى زیاتر به دو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار بدات، چونكه ئه‌وان له‌ڕوى ئه‌وه‌ى چه‌ندین ساڵه قۆرخى ده‌سه‌ڵاتیان كردوه له هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌ریان زیاتر بوه له‌سه‌ر نورى مالیكى، و ئه‌مه‌ش وایكرد ده‌ورى گۆڕان له‌ناو پێكهاته‌ى ته‌نفیزى نه‌بێت. به‌لاى مالیكه‌شه‌وه گرنگ بو پشگیرى هه‌ردو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى بدات به مانه‌وه‌ى له پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقدا.
له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ویش به‌تایبه‌تى له‌ژێر فشارى سه‌رۆكى پارتیدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى به‌شدارى پێنه‌كرد له كابینه‌كه‌ى، ئه‌مه بوه هۆكارێك بۆ سنورداركردنى تواناكانى گۆڕان بۆ هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و رۆڵمان له به‌غدا.
* له كابینه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عەبادی به وه‌زیرێك به‌شداریتان كردوه، له ئه‌داى وه‌زیره‌كه‌تان رازین؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: له دوایه‌مین هه‌ڵبژاردن كه بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرا‌و له ده‌ره‌نجامى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه كابینه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى پێكهات، عێراق دوچارى شه‌ڕى داعش بو، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت له روى گه‌نده‌ڵیه‌وه له خراپترین دۆخدا بون. گه‌نده‌ڵى گه‌یشتبوه ئاستێك خه‌ڵكى عێراق پێى قبوڵ نه ئه‌كرا، ئه‌گه‌ر بیرتان بێت خۆپیشاندانه‌كانى خه‌ڵكى عێراق له (2014) ده‌ستى پێكرد و له (2015) به‌رده‌وام بو، له (2015) عه‌بادى ناچاركرد كابینه‌كه‌ى بچوك بكاته‌وه‌و چه‌ندین وه‌زاره‌ت ئیلغا بكاته‌وه، چه‌ندین وه‌زاره‌ت لێكبات و دو وه‌زاره‌ت بكات به یه‌ك وه‌زاره‌ت. ئه‌مه وایكرد ته‌ركیزى ئه‌ساسى بۆ ئه‌وه‌ى عه‌بادى وه‌ك سه‌رۆكى كابینه‌كه بمێنێته‌وه بریتى بو له ته‌قه‌شوف پێكردنى حكومه‌تى عێراقى و دژایه‌تى كردنى گه‌نده‌ڵى له‌و بواره‌دا. كه‌واته ئه‌وله‌ویه‌تى عێراق له دواى (2014) بۆ عه‌بادى، یه‌كه‌م؛ سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕى داعش، دوه‌م؛ دژایه‌تى كردنى گه‌نده‌ڵى بوه. ئه‌مه‌ش وایكرد، گرنگى دان به مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان و چه‌سپاندنى له روى ده‌ستوریه‌وه له عێراقدا بكه‌وێته دواى ئه‌و دو خاڵه‌وه.
ئه‌م بابه‌ته وایكرد، پلان و بودجه‌و ته‌ركیزى عێراق بۆ داعش بێت، هه‌روه‌ها له‌و ماوه‌یه‌شدا خۆپیشاندان به‌رده‌وام بو بۆ كۆتایی هێنان به گه‌نده‌ڵى ئه‌مه‌ش هۆكار بو بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ندین ئیجرائاتى پێویست وه‌ربگیرێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئیمتیازاتى پله‌داره‌كان، چ له حكومه‌ت بێت چ له په‌رله‌مانى عێراق بێت چ له دامه‌زراوه‌كانى تر‌ى حكومه‌ته خۆجێیه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراقدا بێت. ئه‌م كاریگه‌ریه وایكرد بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه به‌وه‌زیرێك به‌شداره له كابینه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عەبادی ته‌نها ده‌ورى هه‌بێت له یارمه‌تیدانى حكومه‌ت بۆ شكستپێهێنانى داعش و بنبڕ‌كردنى گه‌نده‌ڵى.
* دیدى ئێوه وه‌ك گۆڕان، له‌سه‌ر ئه‌و ئاڕاسته سیاسیه‌ی ئه‌یه‌وێت له‌سه‌ر جۆشدانى ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زپه‌رستى بژی چیه؟ تاچه‌ند بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان باوه‌ڕى به پێكه‌وه ژیان و مانه‌وه هه‌یه له چوارچێوه‌ى عێراقدا؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: خه‌ڵكى كوردستان وه‌ك هه‌مو نه‌ته‌وه‌كانى تر مافى خۆیه‌تى خاوه‌نى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆى بێت و له روى به‌رنامه‌و ستراتیژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه له‌یه‌كه‌مین كۆنگره‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه له ساڵى (2013) له هه‌ولێر به‌سترا، به رونى ئاماژه‌ى به‌و ئامانجه نیشتمانیه كردوه كه ئه‌وه ستراتیژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه، كه خه‌ڵكى كوردستان ببێت به خاوه‌نى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى دیموكراسى، كه تیایدا شێوازى حوكمڕانى پەرله‌مانى بێت، و دادپه‌روه‌رى هه‌بێت، و یاسا سه‌روه‌ر بێت. ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌ى كه له ده‌وڵه‌تێكى هاوچه‌رخدا بونیان هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و ئامانجه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئامانجه نیشتمانیه‌كه‌ى خۆى داڕشتوه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى عێراق ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه له عێراق تا دیموكراسى بێت و دیموكراسیه‌تى تیا به‌رقه‌رار بێت، و عێراق به‌پێى ده‌ستور كه هه‌مو خه‌ڵكى كوردستان و عێراق ده‌نگى بۆ یاوه كار بكات، و عێراق تا رێز له مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بگرێت، به‌هێز بونى ده‌وڵه‌تى عێراقى هیچ زه‌ره‌رێك له مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان نایات به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر عێراقێكى به‌هێزى دیموكراسیت هه‌بێت ئه‌وكاته خه‌ڵكى كوردستان له‌جیاتى ناچار بێت به ململانێ و توندڕه‌وى و به‌و دۆخه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هێنایان به‌سه‌ر خه‌ڵكى كوردستاندا ئه‌وكاته خه‌ڵك ئه‌توانێ داوا له په‌رله‌مانى عێراق بكات له رێگه‌ى ریفراندۆمێكه‌وه چاره‌نوسى خۆى یه‌كلایی بكاته‌وه، كه‌واته به‌هێزكردنى پێگه‌ى كورد له عێراقدا و به‌هێز بونى عێراق له روى دیموكراسیه‌وه مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان زیاتر ئه‌پارێزێ تا ئه‌گاته ئه‌و ئاسته‌ى حكومه‌تى عێراق خۆى هاوكار بێت له سه‌ركه‌وتنى داخوازى خه‌ڵكى كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی له دواڕۆژدا.
ئێمه دژى عه‌قڵیه‌تى ڕه‌گه‌زپه‌رستى تۆخكردنه‌وه‌ى قه‌ومیه‌تین، چونكه ئه‌و لایه‌نانه‌ى ئه‌یانه‌وێت مه‌سه‌له‌ى قه‌ومیه‌ت و ره‌گه‌زپه‌رستى زه‌ق بكه‌نه‌وه له هه‌مو شتێك‌دا شكستیان هێناوه.
*هێڵه ستراتیژیه‌كانى گۆڕان بۆ به‌شدارى له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چى بون؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: ستراتیژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ هه‌رێمى كوردستان، بریتى بوه له شێوازى سیستمى حوكمڕانى، ناوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش له‌وه‌وه هات، كه ئه‌بێت ئه‌م حكومڕانیه بگۆڕدرێت، مه‌به‌ست له گۆڕانكارى ته‌نها گۆڕان له كه‌سه‌كان نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ست له گۆڕینى سیستمه‌كه‌یه، مه‌به‌ست له‌و سیستەمه‌یه كه ئه‌م وڵاته‌ى پێئه‌ڕوات به‌ڕێوه. به‌داخه‌وه به‌تایبه‌تى له دواى روخانى رژێمى به‌عسه‌وه، له دواى یه‌كگرتنه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له دواى (2005)ه‌وه به ده‌یان و نزیكه‌ى زیاتر له سه‌د ملیار دۆلار له حكومه‌تى عێراقیه‌وه هاتوه. جگه له‌وه‌ى ده‌یان ملیار دۆلاراتى تر وه‌به‌رهێنانى بیانى هاتۆته ناو هه‌رێم و جگه له‌وه‌ى ده‌یان ملیار دۆلارى تر داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان بوه، نه‌توانره‌وه ئه‌م سه‌روه‌ت و سامانه زه‌به‌لاحه بخرێته خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردستان و باشتر كردنى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. كه‌واته ئامانجى سه‌ره‌كیمان بریتى بو له گۆڕینى شێوازى حوكمڕانى بۆ شێوازى پەرله‌مانى.
بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مو به‌رپرسه ته‌نفیزیه‌كان، كه له چوارچێوه‌ى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن له ژێر چاودێرى په‌رله‌مانى كوردستاندا بن، و هه‌ر به‌رپرسێك له هێڵه سه‌ره‌كیه‌كانى خۆى له ئه‌دائى خۆى لایدا په‌رله‌مانى كوردستان بتوانێت لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكات و بتوانێت له پۆسته‌كه‌ى خۆى لایببات، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بیه‌وێت پێشێلی مافى گشتى بكات و مافى گشتى قۆرخ بكات به ناوى نیشتمان په‌روه‌رى یاخود به‌ناوى قه‌ومچیه‌تى به‌ڕاستى له رێى ئه‌و شێوازه‌ى كه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كارى بۆ كردوه كه شێوازى پەرله‌مانى بوه رێگریه‌كى زۆر باشى لێ‌كرد، ئه‌مه ئامانجى سه‌ره‌كى ئێمه بوه، ئه‌م شێوازه پەرله‌مانیه چه‌ندین ماف ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، یه‌كه‌م ئه‌توانین یاساى پێ سه‌روه‌ر بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر پەرله‌مانێكى ئه‌كتیڤ و كارات هه‌بێت هیچ كه‌سێك له‌سه‌رو یاساوه نابێت.
دوه‌م، ده‌توانین شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجیه‌كانى ده‌وڵه‌تدا بكه‌ین، سێیه‌م ده‌توانین گۆڕانكارى له دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تدا بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك رێكبخرێنه‌وه كه له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بگونجێن.
* بۆچى دامه‌زراندنى حكومه‌تێكى به‌هێزتان به گرنگ ئه‌زانى؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له ساڵى (2009) به‌شدارى یه‌كه‌م پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى كرد، توانى ببێته خاوه‌نى (25) كورسى له پەرله‌مانى كوردستان، ئه‌وكات بڕیاریدا وه‌ك ئۆپۆزسیۆن كار بكات، خه‌ڵكى كوردستان ئاشنا بكات به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پەرله‌مان و ئۆپۆزسیۆنێكى كارات هه‌بێت ئه‌مه رێگر ده‌بێت له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام بێت له گه‌نده‌ڵى كردن و به‌ڕێوه بردنى وڵات به‌و شێوازه خراپه‌ى كه هه‌یه. له‌و چوار ساڵه‌دا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌ركه‌وتو بوه و توانیویه‌تى ئه‌دائى باشترین ئۆپۆزسیۆن بكات له هه‌رێمى كوردستان.
*سەرنجێک هەیە دەوترێت له هیچ شوێنێكى دونیا نه‌بوه ئۆپۆزسیۆن پرۆژه بدات به حكومه‌ت، ئامنجتان چی بو له‌وه‌ى پڕۆژه‌تان یا به حكومه‌ت له چوار ساڵى یه‌كه‌مى ئۆپۆزسیۆن بونتان؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: ئه‌مه راسته، ئێمه پڕۆژه‌مان یاوه به حكومه‌ت به چه‌ند پاكێجێك، ئه‌ویش له‌و سۆنگه‌یه‌وه بوه حكومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى ئه‌و دامه‌زراوانه نیه كه وه‌ك پێویست ئه‌ركه‌كان جێبه‌جێ بكات، بۆ نمونه ئێمه وڵاتێكى دامه‌زراو نین، له وڵاته دامه‌زراوه‌ییه‌كاندا ئۆپۆزسیۆن ته‌نها كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه ململانێیه‌كى توند له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بكات بۆ ئه‌وه‌ى ناچارى بكات ئه‌و بەڵێنانە جێبه‌جێ بكات كه‌به‌خه‌ڵكى داوە،و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كه چوه‌ته ده‌سه‌ڵاته‌وه یاخود ئه‌بێت ئیستقاله بكات و ئیعلانى شكستى خۆى بكات، به‌ڵام بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له كوردستان یه‌كه‌م ئەزمونی بونى ئۆپۆزسیۆن بوه‌و دامه‌زراوه‌كان به‌تایبه‌تى دامه‌زراوه‌ى یاسایی نه‌یئه‌توانى ده‌ورى خۆى ببینێ، چونكه دامه‌زراوه‌ى یاسایی زۆر گرنگه كه له‌سه‌رو ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنه‌وه بێت. هه‌ر كاتێك ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن ده‌ورى هه‌بو له دانانى خه‌ڵكى یاسایی و ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، ئه‌وه ئه‌وكاته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ڵه‌ژێر پرسیاردایه.
*پاكێجى پڕۆژه‌كانتان له چیدا خۆى ده‌بینیه‌وه؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: پاكێجى پڕۆژه‌كانمان چه‌ندین ره‌هه‌ندى له خۆى ده‌گرت، له‌وانه، سه‌روه‌ركردنى یاسا و سه‌روه‌ركردنى دادگاكانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك دادگاكان رێكبخرێته‌وه كاریگه‌رى كه‌سایه‌تى و لایه‌نه سیاسیه‌كانى له‌سه‌ر نه‌مێنێ، به‌شێكى تر‌ى په‌یوه‌ندیدار بو به دروستكردنى چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى تر تایبه‌ت به پرۆسه‌ى ده‌رهێنان و سه‌رپه‌رشتى كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وانه له پەرله‌مانى كوردستان بڕیاریشى له‌سه‌ر درا، بۆ نمونه سندوقى داهاته نه‌وتیه‌كان دروستكرا، به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى رێگر بون له‌وه‌ى ئه‌م سندوقه دابمه‌زرێ.
* كه‌واته كابینه‌ى حه‌وتى حكومه‌تى هه‌رێم تاچه‌ند وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پڕۆژه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بو؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: له‌ڕاستیدا وه‌ڵام ده‌ره‌وه نه‌بون، هه‌ندێ ئیجرائات كرا له خۆپشاندانه‌كانى حه‌ڤده‌ى شوبات له‌ژێر فشارى خه‌ڵكى خۆپیشانده‌رو له‌ژێر فشاره‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ڵام ئه‌و ئیجرائاتانه به‌ڕاستى كاتى بون، ستراتیجى نه‌بون، و ده‌سه‌ڵات دواى ئه‌وه‌ى زانى ئه‌م خۆپیشاندانانه نابێته هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دور بخاته‌وه به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر كاره‌كانى خۆیان. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌و پڕۆژه چاكسازیه‌ی له لایه‌ن ئێمه‌وه پێشكه‌شى ده‌سه‌ڵات كرا بۆ ئه‌وه بو كه یارمه‌تیده‌رى ده‌سه‌ڵات بین، چونكه ده‌سه‌ڵات له قۆناغێكدا بو، پێویستى به‌وه هه‌بو پێیان بڵێین كه ئه‌گه‌ر راسته‌كه‌ن و خاڵى یه‌كه‌م لاى ئێوه بریتیه له خزمه‌تكردنى خه‌ڵك، فه‌رمو ئه‌وه ئێمه ئاماده‌ین واز له به‌رژه‌وه‌ندى حیزبى بێنین و هاوكارى ئێوه بین وه‌ك ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ى كه سه‌ركه‌وتو بن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ركه‌وتو بن له خزمه‌تكردنى خه‌ڵكدا، خه‌ڵك ده‌نگ به‌وان ئه‌یاته‌وه ده‌نگ به ئێمه نایه‌ته‌وه، له روى ململانێی حیزبایه‌تیه‌وه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان زه‌ره‌رى ئه‌كرد، به‌ڵام ئێمه له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان ویستمان هاوكارى ده‌سه‌ڵات بین، هاوكارى ده‌سه‌ڵاتێك كه خه‌ڵك به هى خۆى بزانێت.
*ئه‌مه دڵپاكى یاخود نیازى پاكى نه‌بو به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: به‌شێكى دڵپاكى بو، به‌ڵام به‌شێكى بڕواى ته‌واوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بو، به‌وه‌ى كه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئامڕازێكه بۆ ئه‌وه‌ى كه فشار له ده‌سه‌ڵات بكات شێوازى حوكمڕانى خۆى بگۆڕێت، ئه‌گه‌ر به‌و فشارانه‌ى ئه‌وكاته حكومه‌ت رازیبوایه شێوازى خۆى بگۆڕیایه،و شه‌فافیه‌تى له داهات و خه‌رجیه‌كان بكردایه‌و گه‌نده‌ڵیه‌كانى نه‌هێشتایه، و یاساى سه‌روه‌ر بكردایه، ئه‌وكاته بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانى دواتریشا كورسیه‌كانیشى كه‌مى بكردایه، هه‌تا ئه‌گه‌ر له ململانێى سیاسى بچوایه‌ته ده‌ره‌وه كێشه نه‌بو به‌لایه‌وه، چونكه مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى ئه‌وه بو كه هه‌رێمى كوردستان بەرەو دامه‌زراوه‌یی به‌رێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراوه بێت و یاسا سه‌روه‌ر بێت ئه‌وكاته حیزبه‌كان ناویان گۆڕان یان پارتى یان یه‌كێتى بێت، گرنگ نیه گرنگ ئه‌وه‌یه خه‌ڵكى كوردستان خزمه‌ت ده‌كرێ.
* به‌شدارى گۆڕان له كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له هه‌ڵبژاردنه‌كانى (2014) به دروشمى به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات، پرۆژه‌كانتان بۆ به‌شدارى له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت چى بون، ئه‌وله‌ویه‌تى كاركردنتان له‌م كابینه‌یه‌یا بۆ چى بو؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: ئه‌وله‌ویه‌تى كاركردنى گۆڕان وه‌ك ستراتیژ له دامه‌زراندنیه‌وه تا دوه‌م خولى به‌شدارى كردنى له هه‌ڵبژاردنه‌كان و تا ئێستاش گۆڕینى شێوازى حوكمڕانیه. دیاره له كابینه‌ى حه‌وت ماوه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌واو ببو، به پرۆسه‌یه‌كى نایاسایی له په‌رله‌مانى كوردستان ماوه‌كه‌ى بۆ درێژ كرابوەوه، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له ساڵى (2014) كه مانگى شه‌ش كابینه‌ى هه‌شت پێكهات به‌شدارى كابینه‌كه‌ى كرد بۆئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رنامانه‌ى هه‌یبوه خۆى بچێته ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و خۆى به فعلى جێبه‌جێى بكات. كاتێك ئێمه پێشتر نیازپاكیمان یا به ده‌سه‌ڵات و به‌ڵام ئه‌وان پڕۆژه چاكسازیه‌كانى ئێمه‌یان جێبه‌جێ نه‌كرد، ناچار ئێمه خۆمان چوینه ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ین.
* به چ تموحێكه‌وه چونه ناو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: به‌شدارى كردن له هه‌ر كابینه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی چوار ساڵه، ئه‌بو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چوار ساڵ له‌و وه‌زاره‌تانه‌ى وه‌ریگرتبو به‌رده‌وام بوایه بۆ ئه‌وه‌ى بمانزانیایه ئاخۆ ئێمه ئه‌مانتوانى ئه‌و به‌ڵێنانه به‌رینه سه‌ر كه به‌خه‌ڵكمان یاوه یان نا، به‌ڵام به داخه‌وه وه‌كو باسمكرد به‌هۆى ماوه‌ى درێژكراوه‌ى سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، كه ئه‌وكاته وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم وابو، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سوربو له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ى وه‌ك به‌ڵێنى به خه‌ڵكى كوردستان یابو شێوازى حوكمڕانى بگۆڕێت بۆ شێوازى پەرله‌مانى ئێمه پڕۆژه‌ى یاساى گۆڕینى سیستمى حوكمڕانیمان ئاماده‌كردو ویستمان هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بكه‌ین و حكومڕانیه‌كه بكه‌ین به حكومڕانیه‌كى پەرله‌مانى و له‌و رێگه‌یه‌وه بتوانین ئامانجه‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له حكومڕانیدا به‌دى بهێنین، به‌داخه‌وه هه‌وڵه‌كانى گۆڕان بۆ هێنانه‌دى ئه‌م گۆڕانكاریه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و شه‌ریكه‌كه‌ى ناچار كرد ده‌رگاكان به‌ڕوماندا دابخرێت، له‌به‌ر ئه‌وه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ساڵێك و یه‌ك دو مانگ له حكومه‌ت به‌شدار بو، و له دواى ئه‌و ساڵه‌وه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ناو ده‌سه‌ڵاتى ته‌نفیزى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا نه‌ما،و وه‌زیره‌كانى و سه‌رۆكى په‌رله‌مان رێگریان لێكرا له كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن، كه‌واته یه‌ك ساڵ ناتوانین بكه‌ین به پێوه‌رێك بۆ ئه‌وەى ئه‌و كه‌سانه‌ى ئێمه دیاریمان كردوه رۆڵ و ئه‌دایان چۆن بوه.
*تایبه‌ت به حكومه‌ته خۆجێیه‌كان، ستراتیژى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه چى بوه؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: به نیسیه‌ت ستراتیژى گۆڕان له چوارچێوه‌ى حكومه‌ته خۆجێیه‌كان و ستراتیژى گۆڕان تایبه‌ت به ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، بریتى بوه له به‌هێزكردنى لامه‌ركه‌زیه‌ت، به‌و مه‌فهومه‌ى پێویست ناكات پارێزگاكان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتى مه‌ركه‌زى كه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى به خه‌ڵك، بۆ نمونه ئێمه پلانمان وابو چه‌ند وه‌زاره‌تێكى خزمەتگوزاری وه‌ك وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، وه‌زاره‌تى كاره‌باو ئاوه‌دان كردنه‌وه، ئه‌مانه پێویست ناكات له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم بن، ئه‌بێ له چوارچێوه‌ى حكومه‌ته خۆجێیه‌كاندا جێیان بكرێته‌وه، و هه‌ر حكومه‌تێكى خۆجێیى خۆى كارى شاره‌وانى و كارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و كارى كاره‌با و ئاوى سنوره‌كه‌ى خۆى دابین بكات.
ئه‌و وه‌زاره‌ته خزمەتگوزارییانەی په‌یوه‌ندیان به ژیانى رۆژانه‌ى خه‌ڵكه‌وه هه‌یه دەبێت له چوارچێوه‌ى حكومه‌ته خۆجێیه‌كان بن بۆ ئه‌وه‌ى زوتر بگه‌ن به خه‌ڵك و زوتر داخوازى و پێویستیه‌كانى خه‌ڵك دابین بكه‌ین. پێویست نه‌كات خه‌ڵكى سلێمانى بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى و شاره‌وانى بچێت بۆ هه‌ولێر یان له هه‌ر شارێكى دیكه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مه‌ركه‌ز.
*ده‌رفه‌تتان ماوه بۆ به‌دیهێنان و جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژانه‌ى تا ئێستا له‌سه‌ر په‌یپه‌ره‌كان ماون و ململانێ سیاسیه‌كان رێگر بون له جێبه‌جێ كردنیان؟
دانا عه‌بدولكه‌ریم: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پشتى به هه‌ڵبژاردن به‌ستوه و رێگا مه‌ده‌نى و دیموكراسیه‌كانى خۆى به‌رده‌وامى پێ دەدات. ئێمه له‌و رێبازه پەرلەمانیەی ده‌ستمان پێكردوه خۆمان به سه‌ركه‌وتو دەزانین و قۆناغێكى باشمان بڕیوه، راسته خه‌ڵكى كوردستان توشى نه‌هامه‌تیه‌كى زۆر بوه به‌ڵام خه‌ڵكى كوردستان تێگه‌یشتوه كه به‌رنامه راسته‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ گۆڕینى شێوازى حوكمڕانى بۆ به‌دیهێنانى شه‌فافیه‌ت بۆ خزمه‌ت كردنى هاوڵاتیان به‌رنامه‌یه‌كى راست و دروسته‌و ئه‌گه‌ر ساخته‌كارى نه‌بوایه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هێزى دوه‌م نەدەبو به‌ڵكو هێزى یه‌كه‌م دەبو، به دڵنیایی له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتو ئه‌گه‌ر ئێمه كار بكه‌ین پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به شێوازێكى باش بڕوا به‌ڕێوه، ئه‌وه گۆڕان ده‌بێ به هێزى یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و ئه‌وكاته له رێى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كه‌مى جێبه‌جێكردنه‌وه هەوڵدەدەین ئه‌و شێوازه حكومڕانیه بێنینه دى كه چه‌ندین ساڵه بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ین.