(سبه‌ی):
ژماره‌یه‌كی زۆر شاعیر و نوسه‌رانی جیهان، له راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا ئیدانه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی توركیا ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه سایتی (زه ریجن) بڵاویكردوه‌ته‌وه، (388) شاعیر و نوسه‌ری جیهانی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له ئه‌مه‌ریكای باشوره‌وه تا كیشوه‌ری ئاسیا، شاعیران و نوسه‌ران یه‌كیان گرتوه له‌دژی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه: نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه هێزێكی گه‌وره‌ی ناو هاوپه‌یمانیی ناتۆ هێرش بكاته سه‌ر عه‌فرین. داواكراوه ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌ستبه‌جێ رابگیرێت.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
ئێمه، شاعیران و نوسه‌ران له سه‌رانسه‌ری جیهان، ئیدانه‌ی په‌لاماره‌كانی توركیا ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر شاری ئاشتییانه‌ی عه‌فرین كه بوه‌ته داڵده‌ی سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ری هه‌ڵاتو له‌ده‌ست شه‌ڕی حه‌وت ساڵه‌ی سوریا. نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه كه دوه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناو هاوپه‌یمانیی ناتۆ له‌ڕێگه‌ی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه هێرش بكاته سه‌ر ئه‌و شاره به‌به‌كارهێنانی چه‌ندین جۆره چه‌كی جیاواز. هه‌ربۆیه، داوا له سوپای توركیا ده‌كه‌ین ده‌ستبه‌جێ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له عه‌فرین رابگرێت ئه‌ویش له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی تراژیدیایه‌كی نوێ بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌یان تراژیدیایه‌ی كه كورد به‌ده‌ستیه‌وه ناڵاندویه‌تی به درێژایی مێژو.