میدیاکانی جیهان: شەڕڤانان گورزی کوشندەیان لە تورکیا داوە

(سبەی):

دوای شانزە رۆژ پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی بۆسەر عەفرین بەردەوامە و رۆژی رابردو میدیای تورکیا کوژرانی (7) سەربازییان لە پێکدادانەکان لەگەڵ شەڕڤانان لە ناوچەکانی عەفرین پشتڕاست کردوە و میدیا جیهانییەکانیش ئاماژەی بە زیانی گەورەی سوپا و چەکدارانی  تورکیا دەکەن لە رۆژئاوای کوردستان.

سایتی بی بی سی بڵاوی کردەوە، رۆژی رابردو شەڕێکی قورس لە نێوان شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و سەربازان و چەکدارانی تورکیا رویداوە و میدیاکانیش تەنها کوژرانی (7) سەربازی ئەو وڵاتەیان پشتڕاست کردوەتەوە، بەڵام شەڕڤانان بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنە و گرتەیەکی شەڕەکانی رۆژی رابردو ئاماژەی بە زیانی زۆری سەربازان و چەکدارانی تورکیا دەکەن.

بی بی سی نوسیویەتی “تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە بە هاوکاریی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆسەر عەفرین ئەنجامی دەدات، روبەڕوی زیانی زۆرتر بوەتەوە و رون نییە کە ئایا دەتوانێت بەردەوام بێت لەو ئۆپەراسیۆنە و بەرەو عەفرین پێشڕەویی بکات”.

لە لایەکی دیکەوە سایتی (DW) ئەڵمانی کوژرانی سەربازانی تورکیا لە رۆژی رابردودا بە گەورەترین زیانی پێکدادانەکانی (15) رۆژی ناوچەی عەفرین وەسف دەکات.

ئاماژەی بەوە کردوە کە ئیبراهیم کالین راوێژکاری سەرەکی و وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژی رابردو رایگەیاندوە مەبەستی وڵاتەکەی داگیرکردنی عەفرین نییە بەڵکو خۆپاراستن و رزگاربونە لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە).

(DW) بڵاوی کردەوە، رۆژی شەممە لەگەڵ بەردەوامیی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، هەزاران هاوڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان کردوە و دژی ئەو لەشکێرکێشییە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوایان لە حکومەتی بەرلین کردوە کە رەوانەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ تورکیا رابگرێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە