چاو و گوێ (کێشەکانی ئەردۆغان لە ناوەوە و دەرەوە)

(سبەی):

هەواڵەکان لە تورکیاوە دابەش بوە لەنێوان خراپ و خراپترین، ئەوەش تەنها پەیوەندی بە بلاوبونەوەی هێزەکانی تورکیا نیە لەناو خاکی سوریا.

دادگای تورکیا فەرمانیکردوە بە دەستگیرکردن تانەر کیلیس، نوێنەری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تورکیا بە تۆمەتی لایەنگیری بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی، هەمان دادگا بڕیاریداوە بە ئازادکردنی کیلیش، بەڵام دادگای دوەم بڕیارێکی دەرکردوە بە بەردەوامیدان بە دەستگیرکردن و دواجار دادگای یەکەمیش تەسلیمی بڕیارەکە بو.

کیلیش تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی سیتمی (بایلۆک) بۆ ناردنی نامەی نهێنی، کە جۆرەێکە لەو سیستمەی فەتحولا گولەنی بانگخواز بەکاری دەهێنێت، بەڵام شارەزایان کاتێک ئیمەیلی کیلیش-یان پشکنیوە، جەختیان کردوەتەوە لەوەی ناوبراو بەهیچ شێوەیەک سیستمی (بایلۆک)ی بەکارنەهێناوە.

ئێستا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: ئەو تۆمەتانەی تورکیا ئاڕاستەی نوێنەراکەیانی کردوە “دوژمنایەتیکردنە بۆسەر دادپەروەری” و هیچ “بنەمایەکی یاسایی نیە”.

لەوانەیە کەیسی تەنها پیاوێک، ئاوێنەی ئەو روداوانە بێت کە ئێستا لە کۆماری رەجەب تەیب ئەردۆغان رودەدات، پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد (پەیەدە) لە سەرەتاکانی ساڵی (2016) توانی کۆنترۆڵی ناوچەی عەفرین بکات، دوای تەنها مانگێکیش توانی ناوچەی سنوری هاوبەش کۆنتڕۆڵ بکات بە سود وەرگرتن لە بۆردومانە ئاسمانییەکانی روسیا.

ئەو ناوچەیەی کە (پەیەدە) کۆنتڕۆڵی کردوە، نزیکەی دە هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە هاوتای روبەری هەمو لوبنانە، حکومەتی تورکیا پێیوایە پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد بەشێک لە پارتی کرێکارانی کورد، کە عەبدولا ئۆجەلان لەناو زیندانەکەیەوە لە تورکیا رابەرایەتی دەکات.

باکگراوندێکی خێرا: پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی (1984)ەوە جەنگی لە دژی تورکیا بەرپاکردوە بەهاوکاری حکومەتی سوریا، بەڵام دوای هەڕەشی سوریا بۆ بەرپاکردنی جەنگ لەگەڵ سوریا، عەبدوڵا ئۆجەلان رەوانەی کینیا کرا و دواتر لەوێ دەستگیرکرا و رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرا.

پێم وایە تورکیا ناتوانێت شکست بە پارتی کرێکارانی کوردستان بهێنێت، چونکە عەبدوڵا ئۆجەلان خاوەنی جەماوەرێکی جۆرە لەنێوان کوردەکانی هەریەکە لە سوریا و عێراق و ئێران و تەنانەت تورکیا. ئایا ئەردۆغان ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان دەبەستێت بە پاراستنی گیانی هێزەکانی هەردولا و هەروەها پاراستنی سوریا تورکیا و سوریا؟ لەوانەیە لە داهاتودا ئەوە روبدات، بەڵام ئێستا جەنگ بەردەوامە.

لەوانەیە گولەن وەکو ئامانج گرنگتر بێت لە ئۆجەلان، چونکە دەسەڵاتدارانی تورکیا (40) هەزار فەرمانبەری مەدەنی و سەربازییان دەستگیرکردوە، دادگاییکردنی هەندێکیشیان بەردەوامە، ئەوە جگە لەوەی (120) هەزار فەرمانبەری حکومەی بە تۆمەتی لایەنگیری بۆ گولەن کە لە ئەمەریکا نیشتەجێیە، لەکارەکانیان دورخراونەتەوە.

جەنگ لە دژی کوردەکانی باکوری سوریا بەردەوامە، ئەوەش لە مەودای کورتدا گرنگترینە، وە ئەردۆغان دەڵێت: تورکیا هەنگاو بە هەنگاو سنورەکانی خۆی پاکدەکاتەوە، ئەو وتەیەش دژ بە هەڵوێستی ئەمەریکایە لەسوریا، چونکە ئەمەریکا پشتیوانی چەکداری کوردەکان دەکات و دەیەوێت ناوچەیەکی حوکمی زاتییان لە باکوری رۆژئاوای سوریا ئەبێت، ریکس تیلەرسۆن-ی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی دەیەوێت بە هەمیشەیی هێزەکانی بونی هەبێت لە سوریا، وە پشتیوانی بونی هێزی کوردی دەکات، بەڵام تورکیا پێیوایە بونی هەر هێزێکی کوردی، تیرۆریستن و درێژکراوە پارتی کرێکارانی کوردستان و ئۆجەلانن.

ئەردۆغان وا وێنای خۆی دەکات کە بەرگری لە نەتەوەی تورک دەکات و هەروەها گروپی راستڕەو هەن کە پشتیوانی دەکەن، میدیاکانی نزیک لە تورکیا کوردەکان بە جوداخواز پێناسە دەکەن، وە لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتی تورکیا لە باکوری سوریا، ناوێک دیاریکرا ئەویش کە (چڵە زەیتون) بو، هەروەها نزیکەی (300) کەس کە لەرێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیایان کردوە دەستگیرکراون بە تۆمەتی پشتیوانی کردنی کوردەکان، جگە لەوەش داواکاری گشتی تورکیا فەرمانیکردوە بە دەستگیرکردنی (11) ئەندامی دەستی پزیشکی تورکیا، لەنێویشیاندا سەرۆکی دەستەکە، چونکە ئەو پزیشکانە ئیدانەی هێرشەکان و داوای ئاشتییان کردبو.

هەمو ئەوانی رویداوە، راستی هێزی پێگەی ئەردۆغان لە تورکیا ناشارێتەوە، بەتایبەت بەهۆی پشتیوانی بەرفراوانی حیزبەکەی لەلایەن خەڵکەوە، کە ئەوەش وا دەکات بەردەوا، بێت لەسەر ئەو مەنهەجەی بۆ پیادەکردنی سیاسەت ئامادەی کردوە.

 

نوسینی: جیهان خازان

لەعەرەبییەوە؛ لاوک ئەمجەد

سەرچاوە: رۆژنامەی حەیات

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە