فەرەنسا: پاراستنی سنوری تورکیا پاساونییە بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

(سبەی):

فەرەنسا بەفەرمی ئیدانەی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەکات و ئاشکرای دەکات (100) چەکداری توندڕەوی فەرەنسی لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستگیرکراون.

جان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئیدانەی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەکات و رایدەگەیەنێت: بیانوی تورکیا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنورەکانی بەمانای کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی نایات، ئەوە کارەی تورکیا دەبێت ئیدانە بکرێت، لە دۆخێکی مەترسیداری وەک سوریادا پێویست ناکات تورکیا شەڕێک بخاتە سەر شەڕێکی دیکە لەو وڵاتە.

لۆدریان، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی (بی.ئێف.ئێم.تی.ڤی) و رادیۆی مۆنتیکارلۆ، رایگەیاند: تورکیا و ئێران پێشلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان کردوە لە سوریا و پێویستە سەرجەم هێزە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتانە و لەناویاندا حیزبوڵا لە سوریا بکشێنەوە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جەختی کردەوە کە رژێمی سوریاش هاوشانی ئەو دو وڵاتە پێشێلکاریی دەکات، لە غۆتەی رۆژهەڵات و ئیدلەب، سەرجەم بەڵگەکان دەیسلەمێنن کە رژێمی ئەسەد لە هێرشەکانیدا گازی کلۆری بەکارهێناوە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.

لۆدریان، لەو چاوپێکەوتنەیدا ئاشکرای کرد؛ هێزە کوردییەکانی سوریا کە شەڕی داعش دەکەن لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (100) چەکداری توندڕەوی بەڕەگەز فەرەنسییان دەستگیرکردوە، بەڵام تائێستا وڵاتەکەی شوێنی ئەو دەستگیرکراوانە نازانێت لە کوێیە.

وتیشی :”بەپیی زانیارییەکانی ئێمە ئەو چەکدارە دەستگیرکراوانە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان و دەسەڵاتی دادوەریی لەوناوچانە دادگاییان دەکات و نایانگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا، بەڵام رەنگە منداڵ و خێزانەکانیان بنێردێنەوە بۆ وڵاتەکەیان لەڕێگەی خاچی سورەوە”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە