“هێشتا دانوستانی گەرم بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێرو بەغدا نییە”

(سبەی):

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند: کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا زۆر ئاڵۆزو تێکەڵ و قورسن و هێشتا دانوستانی جدی و گەرم و گوڕ نییە بۆ چارەسەر کردنیان.

ئەمرۆ چوارشەممە، دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ قائیمقامی دوزخورماتو و کفری و نوێنەری ئاوارەکانی خورماتو کۆبوەوە بۆ دۆزینەوە میکانیزم بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

دەرباز محەمەد ئاشکرای کرد؛ پرۆسەی گەڕانەوەی هاوڵاتیانی کورد بۆ دوزخورماتو دەستی پێکردوە و تائێستا نزیکەی سێ هەزار و (500) خێزان گەڕاونەتەوە، بەڵام دەیانەوێت پرۆسەکە خێراتر بکرێت و نزیکەی شەش هەزار و (500) خێزانی دیکە ماون ئەوانیش بگەڕێنەوە.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، رایگەیاند: دۆسیەى نەوت گەورەترین کێشەى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقە و رەنگە نەتوانرێت لەمساڵدا چارەسەر بکرێن و هەولێر و بەغدا بگەنە ئەنجام بۆ چارەسەرى کێشەکانیان.

وتیشی :”کێشەى سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا پەلیهاویشتوە بۆ کێشەى ئابوریى و بودجە و موچە، هێشتا لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەو دانوستانە گەرموگوڕە نییە بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوانیان، هۆکارى سەرەکیش ئەوەیە کێشەکان زۆر زۆر ئاڵۆز و قورسن و پێکەوە بەستراو و تێکچڕژراون.

سەبارەت بە کاری لیژنە پێکهاتوەکان بۆ چارەسەری کێشەکان، دەرباز محەمەد رایگەیاند:  لیژنەى تایبەت هەیە بۆ بابەتی خاڵە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان و بەرەو پێشچونى زۆر باش هەیە، بەڵام لەسەر پرسی موچە گرفتى وردبینى ناوەکانى پەروەردە و تەندروستى هێشتا نەگەیشتوەتە خاڵى کۆتایی”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە