ئەمەریکا: مافی خۆمانە بەرگری بکەین و روسیاش لە هێرشەکە ئاگادارە

(سبەی):

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) رایدەگەینێت؛ ئەمەریکا نایەوێت ململانێ لەگەڵ حکومەتی سوریادا بکات، بەڵام بەمافی خۆی دەزانێت بەرگری لە خۆی بکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دانا وایت، وتەبێژی (پنتاگۆن) بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە سوریا مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن و ئەوان نایانەوێت بکەونە ململانێەوە لەگەڵ رژێمی سوریا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ رایان دیلۆن، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند؛ کە هێزەکانی هاوپەیمانان روبەروی هێرش بونەتەوە لەلایەن هێزەکانی سەربەرژێمی سوریاوە و پێش هێرشەکەی هاوپەیمانانیش بۆسەر چەکدارەکان، هەماهەنگییان لەگەڵ روسیا هەبوە.

جەختیشی کردەوە لەوەی هێزەکانیان وەڵامی هەر هێرش دەدەنەوە لە هەر سەرچاوەیەکەوە بێت و بۆ بەرگری کردن لە خۆشیان پێویستیان بە گڵۆپی سەوزی روسیا نیە.

لەبەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری روسیا رەتیکردەوە ئەو هێزانەی لایەنگری رێژمی سوریا هیچ چالاکییەکیان کردبێت و هەروەها هاوپەیمانانیش هەماهەنگییان لەگەڵدا نەکردون.

درەنگانێکی شەوی رابردو لە بۆردومانی هێزەکانی هاوپەیماناندا (100) چەکداری نزیک لە رژێمی سوریا کوژران کە هێرشیان کردبوە سەر بنکەیەکی هێزەکانی سوپای سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە ژمارەیەکی زۆر لە راوێژکار و سەربازی ئەمەریکی بونیان هەبوە، دواتریش بەرپرسانی ئەمەریاک رایانگەیاند؛ کە بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەن هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە سوریا.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە