ناوەندى عەفرین کراوەتە ئامانج .. فڕۆکەکان بۆردومانیان دەستپێکردەوە

(سبەی):

دواى نزیکەى هەفتەیەک لە وەستانى هێرشە ئاسمانییەکان، شەوى رابردو فڕۆکە جەنگیەکانى سوپاى تورکیا چەند دەستیان بە بۆردومانکردنى چەند ناوچەیەکى عەفرین کردەوە و میدیاکانى رۆژئاواى کوردستانیش ئەوە دەخەنەڕو کە ناوەندى شارەکە و خەڵکى مەدەنى کراوەتە ئامانج.

درەنگانى شه‌وى رابردو فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى سوپاى تورکیا ناوچه‌کانى شه‌ڕا و شێراوا و بلبل و جندرێس-یان له‌ سنورى عه‌فرین بۆردومان کردوە و چه‌ندین فڕۆکه‌ى دیکەش بۆ کۆکردنەوەى زانیارى به‌سه‌ر ئاسمانى ناوچه‌که‌دا سوڕاونەتەوە.

میدیاکانى رۆژئاوا بڵاویانکردەوە کە فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى ناوەندى شارەکە و گه‌ڕه‌که‌کانى ئه‌شره‌فیه‌ و مه‌حمودییه‌ و قیباری عه‌فرینیان بۆردومان کردوە و بەوهۆیەوە چەند هاوڵاتییەکى مەدەنى کە ژن و بەساڵاچوى تێدایە بونەتە قوربانى.

لەلایەکى دیکەوە رۆژنامەى حورییەتى تورکى دوپاتى کردوەتەوە کە فڕۆکە جەنگیەکانى ئەو وڵاتە دوبارە بۆردومانیان دەستپێکردوەتەوە و ئاماژەى بەوەشکردوە ئەوە لەکاتێکدایە لەدواى خستنەوە خوارەوەى فڕۆکەکەى روسیا لەلایەن چەکدارانى ئۆپۆزسیۆنەوە لە سێى ئەم مانگەدا بۆردومانى فڕۆکەکان وەستێنراون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە