(سبەی):
یانەى بەرشەلۆنە توانى یارى گەڕانەوەش لە ڤالەنسیا بباتەوە و گەیشتە یارى کۆتایى جامى شا، کۆتینهۆش یەکەم گۆڵى لەو خولە و بە درێسى بەرشلۆنەوە تۆمار کرد.
هەرچەندە شەمشەکوێرەکان هەمو هەوڵێکیان بۆ سود وەرگرتن بو لە یاریگا و هاندەرانیان بۆئەوەى یارى گەڕانەوەى قۆناغى پێش کۆتایى جامى شا لە کوڕانى ڤاڵڤێردى ببنەوە و بگەنە یارى کۆتایى خولەکە و تایمى یەکەمى یاریەکەشیان بەبێ گۆڵ کۆتایى پێهێنا، بەڵام لە دەستپێکى تایمى دوەمدا کۆتینهۆى یاریزانى نوێى یانە کەتەلۆنیەکە توانى تۆڕەکەیان بهەژێنێت و هەلى گەیشتنیان بەو یاریە کۆتایى پێبهێنێت، پێش ئەوەى راکیتیچ لە کۆتا خولەکەکاندا گۆڵى دوەم تۆمار بکات و هاندەرانى یانەکەى لە سەرکەوتن دڵنیا بکاتەوە.
بەو ئەنجامە بەرشە گەیشتە یارى کۆتایى و لەپێناوە بەدەستهێنانى نازناوى ئەم وەرزەى خولەکەدا روبەڕوى سیڤیلیا دەبێتەوە کە ئەویان شەوى پێشتر توانى یەکەم بلیت ببڕێت.