دایکێک لە موسڵ تەرمی کوڕەکەی لە ژورێکی ماڵەکەیدا ناشتوە

ئەو دایکەى تەرمى رۆڵەکەى لە ژورى دانیشتنەکەیدا ناشتوە

(سبەی):

سەربارى ئازارى لەدەستدانى کەسوکار و رۆڵەکان بۆ خانەوادەکانیان، لە موسڵ بەخاکسپاردنى کوژراوان و مردوەکان بەشێوەیەکى شایستە کێشەیەکى دیکە بوە بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بەشێوەیەک دایکێک بەهۆی ترس لە داعش بەناچارى تەرمی کوڕەکەی لە ژورێکی ماڵەکەیدا ناشتوە.

ئاژانسی سپوتنیکی روسیا راپۆرتێکی سەبارەت بە ناشتنی تەرمی قوربانیانی داعش و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و عێراق بڵاوکردوەتەوە و ئەوەى خستوەتەڕو؛ زۆر کەس بەهۆی ترس لە داعش و بۆردومانەکان ناچاربون تەرمی کەسوکاریان لە ماڵەکانیاندا و تەنانەت لە ژورەکاندا بەخاک بسپێرن.

دایکی عەمار، ژنێکی تەمەن (60)ساڵە بەو ئاژانسەی وتوە؛ هاوسەر و دو کوڕ و کچێکی بەهۆی شەڕی موسڵەوە و کوژراون و ناچار بوە تەرمی یەکێک لە کوڕەکانی کە تەمەنی (22)ساڵ بوە لە ژورێکی ماڵەدا بەخاک بسپێرێت و بە فەرش دایپۆشێ.

ئەو وتویەتی؛ بەهۆی شەڕی موسڵەوە زۆر کەس ناچاربون هاوشێوەی من تەرمی کەس و کاریان لە نێو ژورەکان و ماڵەکانی خۆیاندا بەخاک بسپێرن بەڵام ئێستا داوا لە حکومەت دەکات چارەسەری ئەو دۆخە بکات و تەرمەکانمان لە گۆڕستان بەخاک بسێردرێتەوە.

بە پێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر (2500)کەس لە موسڵ بەهۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو شارە کوژارون و لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر تەرم لە شەقام و کۆڵان و کەلاوەکانی ئەو شارەدا کەوتن و هیچ کەس و لایەنەک ئەو تەرمەکانیان لە گۆڕستاندا بەخاک نەسپاردوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە