موچە لەنێوان خەیاڵی موچەخۆران و گاڵتەجاری سیاسیەکاندا

ئامانج هەرتەلی

موچەی فەرمانبەران، یاخود قوتی ئەو کرێکارەی کە کار بۆ دەوڵەتدارێکی فاشیست دەکات، بۆتە ئەوکارتە کە هەر رۆژە سیاسیەک بەکاری دێنێت، بۆ ئەوەی هەستی خەڵکی بەشمەینەتی کوردی پێ بڕوشێنێت، ناوە ناوە وەک گاڵتە پێکردنێک لەسەر شاشەی تیڤیەکانەوە هاواری لێبکات، ئاخر کەی حەقدەست کراوەتە دیاری! لەچ سەردەمێکدا و لە چ کاتێکدا رویداوە مرۆڤ حەقی کارەکەی نەدرێت و بۆی پاشەکەوت بکرێت!

ئەمە نیەتی دزیە، نەک پاشەکەوت و خزمەت پێکردن، مرۆڤێک ژیانی گەیشتبێتە قۆناغی وێران بون، پاشەکەوت چ مانایەکی هەیە؟ ئەوە ئامانجی لەناوبردنی گەلێکە کە سەرەتا لە شکاندنی شکۆکەیەوە دەست پێدەکات و لە کۆتایشدا بە لەناوبردنی جەستەی کۆتایی دێت، وەک دەبینین رۆژانە لێرەو لەوێ خەڵک خۆیان دەکوژن.

دەسەڵاتدارانی فاشی هەرێم بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێم هزر و بیریان بخەنە سەر موچەو بە دو مانگ جارێک روبعێک موچەیان پێبدەن، ئەوانیش بۆ خۆیان لە دونیا رەفاهیەت ژیان بگوزەرێنن و درێژە بەکاروانی نۆکەرایەتی خۆیان لە دونیای دەوڵەتداریان بدەن، خەڵکی ئەم هەرێمەیان خزاندۆتە گۆشەیەک کە تەنیا خەیاڵ پڵاوەکانیان لەسەر روبعێک موچە هەڵچنن، هەندێکیان بەخەیاڵی کڕینی دیاری بۆ مناڵەکان و هەندێکیتریان خستۆتە خەیاڵی کردنی بڕێک دەرمان و بەشێکیشیان خستۆتە پێدانی کرێ خانو، هەمو فەرمانبەران لە خەیاڵێکدا شەوانە سەردەخەنە سەر سەرین و بەیانیش لە گەڵ خەیاڵێکی تردا رۆژ دەکەنەوە، بەڵام هەرکاتێک روبعە موچە گەیشت هیچ لەم خەیاڵانە چرۆناکەن و هیچ ئامانجێکیان چەکەرە ناکات.

لەولاشەوە سیاسیە دۆڕاوەکان خەریکی گاڵتەکردنن بە هەست و شعوری خەڵکی ئەم هەرێمە، ئەو گاڵتەجاریەی هەرچی دوژمنی گەلەکەمانە بەو هەمو کۆمەڵکوژیەی بەرامبەر بەگەلەکەمان لەهەمو کوردستان دەیکەن، نەک سەرنەکەوتن، بەڵکو شکستیشیان هێناوە لە کارەکانیاندا، بەڵام لە باشوری کوردستان بەهۆی ئەوانەی خۆیان نوساندوە بە کورسی دەسەڵات، دواجاریش بەخۆیان نەوەستان، بەڵکو هاوپیشەیەکی وەک خۆیان بۆ شکاندنی تاکی کورد و بێئومێد کردنی یەکجارەکی خەڵکی هەرێمیان هێناوەتە ناو ئەو یاریە کارەساتبارە ئەویش عەبادیە.

عەبادی نزیکەی دو مانگە هەمو هەفتەیەک کارتی موچە رادەکێشێت و قسەی لەسەر دەکات، عەبادی دەیەوێت لەرێگای پێدانی کارتی موچەی فەرمانبەران گاڵتە بەخودی تاکی کوردبکات، شکۆی تاکی کورد بشکێنێت و بەتەواوی هێز و توانا لە کەسایەتی تاکی کورد ببڕێت، ئەوکات بەئارەزوی خۆی چی بوێت بیکات، لەلایەکیتر نایەوێت جارێکیتر وەک هاوپیشەکانی جەعفەری و مالیکی بەدەستی کوردەوە توشی شکانبێت، ئێستا عەبادی کارتی موچە وەک دواکارت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی سیاسیەکانی کورد نەتوانن دەست بۆ کورسی ژێری ببەن، بەپێدانی راستەوخۆی موچە بەفەرمانبەران ئەوا راستەوخۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم پشتاو دەبن و لە حکومەتەوە دەبن بە کۆمپانیایەک کە هیچ شتێکیان لەدەستدا نامێنێت و دەبێت خۆیان خۆیان بژێنن، ئەگەر پارەش رادەستیان بکرێت دەبێت پێش هەمو شتێ بیر لە کورسی ژێر عەبادی نەکەنەوە، هەروەها ئەگەر موچەش بەم پاشەکەوتە بدەن دەبێت هەمو تەنەزولێک بۆ عەبادی بکەن، سەرەرای ئەوەی کۆڵێک قەرزیان خستۆتە سەر میللەت، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەم هەرێمە دەیانەوێت عەبادی موچە نەنێرێت بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەژێر هەژاریدا بمێنێتەوە و بیکەن بەکۆیلە، هەمو دەرگاکان دادەخەن و هەمو تەنەزولێک بۆ عەبادی دەکەن، بۆ ئەوەی عەبادی موچە نەنێریت، بشنێرێت پەیوەندی بە چۆنیەتی دابەشکردنیەوە نەبێت، لەکاتێکدا پێموایە عەبادی یەک دینار نانێرێت، ئێوە کە هێندە بچوکن، لەئاست دوژمنانی گەلەکەماندا، لەبەردەم گەلەکەمانیشدا یەک زەرە وجودتان نەماوە، خەڵك بەچاوی مافیاو چەتەوە تەماشاتان دەکات، ئێوە کە خۆتان نیشان دەدەن کە گەورەی ئەم میللەتەن، بەیەک هەڵوێست نەتانتوانیوە خۆتان گەورە نیشاندەن، بەڵکو هەمیشە وەک چۆن بەرەزیلی و بچوکی لەدەرگای دوژمن کەوتون، بەو ئەندازەیە زیاتریش لە چاوی خەڵکدا رەزیل و بچوکن.

ئێوە ئێستا روی رەزیلی گەلەکەمانن لە تەواوی جیهان، روی نابوتی و تاڵانچین و ئێوە لەبری ئاسودەیی، نەهەماتی بۆ ئەم گەلە هێناوە، لە بری خۆشگوزەرانی شەڕ و کوشتارتان کردە دیاری، لەبری ئاوەدانیش شیرازەی کۆمەڵگەتان لێک هەڵوەشاند. ئێستا ئێوە کەس متانەی پێتان نیە، خۆشتان باوەڕ بەخۆتان ناکەن، ئەوەی تا ئەم ساتە بیری لێدەکەنەوە روتکردنەوەی خەڵکی کوردستانە بەیەکجاری.

بۆ جارێکیش ئێوەمان نەبینی قسەیەکی خێر بکەن و رێککەوتنێکتان لە بەرژەوەندی میللەت کردبێت و بەرهەمەکەیمان بینیبێت، ئەوەی کردوتانە لەپێناوی خۆتان و حیزبەکانتان بوە، بۆ بەرژەوەندی دوژمنان. ئەوەی ئێستا ئێوە دەیکەن گاڵتەجاریەکی رون و ئاشکرایە بەخەڵکی موچەخۆر و تەواوی گەلی کورد، ئێوە لە پێناو ئەوەی بچوکی خۆتان بەگەورە نیشانی ئێمە بدەن، هەمو کەرتەکانی ژیانتان لەم هەرێمە پەکخست و خەڵکتان بەلێشاو کرد بەموچەخۆر، ئێوە بۆ خۆشگوزەرانی ئەوەتان نەکرد، بۆ ئەوەتان بو کە رۆژگاری گەل بەمڕۆ بگەیەنن، تا بچوکی خۆتان گەورە دەرخەن گاڵتە بە هەستی گەلەکەتان بکەن، بەڵام ئێوە بەم گاڵتەکردنە نەک هەر بچوک دیارن روی رەزیلیشتان نیشانی خەڵک و جیهانیشدا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە