لێگەڕێن کەرکوکیەکان هەڵبژاردنیان لە پێشە

نەشاد عومەر

پارتی و یەکێتی  لە ئان و ساتێکدا بەشێکی هەرە فراوانی خاکی هەرێمی کوردستانیان دۆڕاندو شاری کەرکوک و تەواوی شارو شارۆچکە جێناکۆکەکانیان بە سیاسەتی هەڵەی خۆیان خستەوە ژێر دەسەڵاتی رەهای حکومەتی ناوەندییەوەو بە کردار هیچ گرەنتییەکی ژیانی ئارام و ئاسایشان بۆ کوردەکانی ئەو شارە نەهێشت کە ساڵانێکە متمانەیان پێیان داوەو لە لایەکی تریشەوە تەواوی ئەو ناوچانەی تریان لە دەستدایەوە کە پێشمەرگە شەڕێکی بێ ئامانی لە پێناویاندا کرد و دەیان قوربانیشیدا.

پارتی و یەکێتی دەترسن لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا کەمترین متمانەی دەنگدەران بە دەست بهێنن و بە ئاشکرا لەوە دەترسن کە کوردەکانی کەرکوک دەنگیان پێ نەدەنەوە، ئەمەش وایکردوە کە بکەونە هەوڵدان بۆ چالاککردنی سیاسەتێکی تر کە ناوی “یەکڕیزی و نیشتیمانی”یە و  لە هەوڵدان بۆ خۆ خستنە پاڵ لایەنەکانی تری دەرەوەی دەسەڵات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەوەشی رونە ئەم هەوڵ و بانگەشانەی پارتی و یەکێتی بۆ هاوپەیمانێتی لایەنە کوردییەکان بابەتێک نییە پەیوەندی بە یەکڕیزی نیشتیمانییەوە هەبێت و ئەم بانگەشەو دروشمانە دروشمی راستەقینەی نەتەوەیی نین، بەڵکو هەوڵدانێکی تری یەکێتی و پارتییە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە حوکمدا و گەڕێکی تری هەوڵدانیانە بۆ شاردنەوەو لە بیر کردنی هەمو ئەو سیاسەتە هەڵانەی کە بەرامبەر کەرکوک و ناوچەکانی تر کردیان، پارتی و یەکێتی لە کاتێکدا کە وەکو حیزب و بنەماڵە لە کەرکوک و ئەو ناوچانە بە هەمو مانایەک بونیان وەکو دەسەڵات و بە تایبەت دەسەڵاتی ئابوری  کەوتۆتە مەترسییەوە لە رێگای  دەنگدانەوە، بۆیە شەرم لە قۆستنەوەی هیچ هەلێک ناکەنەوە بۆ دورخستنەوەی ئەو مەترسییەو دوبارە  بەکارهێنانەوەی متمانەو دەنگی کوردەکانی ئەو ناوچانە، باشترین رێگەش بۆ ئەمە بەکارهێنانی هێزەکانی ترە ، چونکە پارتی و یەکێتی چیتر هیچ مژدەیەکیان پێ نەماوە بۆ خەڵکی کەرکوک، هەرەوەها بابەتی تەزویر و خروقاتی هەڵبژاردن لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانە لەو ناوچانە، ئەوەش رونە کە ناتوانن هێزەکانیان لەو ناوچانە بەکاربهێنن بۆ مانەوەی خۆیان، بۆیە باشترین رێگا بۆ ئەوان ئەوەیە کە بەرەیەکی تەزویری نەتەوەیی پێکبهێنن، ئەگینا پارتی و یەکێتی لە هەر قۆناغێکدا هەر هیوایەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ببینن بۆ حوکمکردنەوەیان لەو ناوچانە بێگومان ئەم هاوپەیمانێتییە بەجێدەهێڵن، وەکو چۆن پێشتر و لە دەیان پرسی نیشتیمانیدا کردویانە، بە تایبەت لە سەروەختی ریفراندمدا کە هیچ شتێک بە ناوی یەکڕیزی نیشتیمانی لە فەرهەنگی سیاسی پارتی و یەکێتیدا بونی نەبو.

لە لایەکی تریشەوە، پێشتر پارتی لە پێشهاتێکدا رایگەیاند لە کەرکوک بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکات ئەمەش وەکو خۆیان وتیان، لەبەر ئەوەی شارەکە داگیر کراوە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی  خۆی، لەگەڵ ئەمەشدا لە لایەکی ترەوە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە لایەنە سیاسیەکانی تری کورد رازی بکات هەتاوەکو پێکەوەو بە یەک بەرە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتو بکەن، کە بێگومان ئەمە پێش هەر شتێکی تر ئەوەمان بۆ رون دەکاتەوە کە پارتی وەکو حیزب تا ئەو پەڕی حیزبێکی بەرژەوەندیخواز و هەڵگری پەیامێکی تەواو ناڕاستە، پارتی ئەگەر بە راست ئەوەی بۆ دروست بوە کە ئەو ناوچەیە داگیر کراوە بەڵام بۆچی بەشداری کردنی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی تردا ئەوە لە بیر دەکات کە ئەو شارە داگیر کراوە!، ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە هەمو دیدێکی پارتی ترسە لە شکستهێنانیکی دیار لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەگینا پارتی تا ئەو شوێنە دەتوانێت بڕوامان پێبکات کەو ئەو ناوچانە داگیر کراوە کە خۆی چ بە تەنیاو چ بە هاوپەیمانێتی بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی ئەو ناوچانە نەکات، مادام وای نەکرد کەواتە پارتی لەو هەڵمەتە راگەیاندنەش کە کردی راستی نەکرد.

بۆیە کاری هەرە لە پێشینەی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت گۆڕان ئەوەیە کە هەرچی هاوپەیمانێتی هەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی کە ئامانجەکەی چەند پۆستێکی تر بێت بۆیان، رەتی بکەنەوە و بە ئاشکرا بە رای گشتی هاوڵاتیانی هەرێم ئەوە بگەیەنن کە ئەوان وەکو حیزب و لایەنی سیاسی ئامادە نین لە هەڵە نیشتیمانییەکانی پارتی و یەکێتی خۆش بن، هەروەها مەیدانی تاقیکردنەوەکە بەجێبهێڵن بۆ دەنگدەران و لێگەڕێن تا دەنگدەران و خەڵکی ئەو ناوچانە ئەو حیزب و سیاسەتە هەڵبژێرن کە گەرەکیانە حوکمیان بکات یان نوێنەرایەتییان بکات.

هەرچی ئەو بۆچونانەشە کە پێیان وایە لەبەر لە دەستنەدانی بەشێکی زۆری دەنگی کورد پێویستە سەرەڕای هەڵەکانیان پێویستە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی یەکێتی ببەسترێت دەکرێت بە بۆچونێکی ناواقعی و پەیامگەلی رۆمانسی نەتەوەیی بزانین، چونکە ئێمە وەکو کورد لە بەردەم ساتەوختێکی هەرە مێژویداین، هەرەوەها لە تاقیکردنەوەیەکی گرنگداین  کە چەندین لایەنی جیا جیای تاکی کوردمان پێدەبەخشێت و دەکرێت ببێتە سەرچاوەی دەیان توێژینەوەی جیا جیای کۆمەڵایەتی و سیاسی لە داهاتودا، ساتەوەختێک کە ئێمە دو حیزبمان هەیە بە کردار ناوچەیەکی هەرە فراوانیان لە دەستداوەو هەزاران هاوڵاتی کوردیان بە ئاسانی خستە بەردەم دەیان گروپی جیا جیای دوژمن، لە بەرامبەردا لە بەردەم هەڵبژاردنێکداین کە جارێکی تر ئەو دو حیزبە دەباتەوە ناو پرسیاری تاقیکردنەوەی کوردەکانی ئەو ناوچانە و رای گشتی جیهانی تەماشاکەری کاردانەوەی شارێک دەبێت بۆ حوکمدارە شکستخواردوەکەی.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە