(سبەی):
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی گشتی هەموارکرایەوە و رێگە بە لیستەکان دەدرێت (20%)ی کاندیدەکانی هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بن و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ (329) کورسی زیاد دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (45)ی ساڵی (2013)ی پەسەند کرد و چەند گۆڕانکارییەکی لە یاساکەدا کرد، کە بەپێی هەموارەکە رێگە بەلیستەکان دەدرێت (20%)ی کاندەکانیان هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بن، لەکاتێکدا پێشتر تەنها رێگە بە هەڵگرانی بڕواناکەی بەکالۆریۆس و بەرەو سەروتر دەدرا خۆیان کاندید بکەن و هەروەها سندوقی ئەلیکترۆنی دەنگدان و ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان و کارکردنی بەدەرەنجامی ئەلیکترۆنی یەکێکی دیکەیە لە بڕگەکانی هەموارەکە.
هەروەک ژمارەی کورسییەکان پەرلەمانی عێراق بە (329) کورسی جێگیرکرا، کە (320) کورسی بۆ پارێزگاکان لەسەر بنەمای سنوری ئیداریی و ژمارەی دانیشتوان و (9) کورسی بۆ کۆتاکان کە بەسەر بەغدا و ژمارەیەک پارێزگادا دابەش کراون.
کۆتا مادەی هەمواری یاساکە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە بەجیا و دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەجۆرێک لە شەش مانگ کەمتر نەبێت.