وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: قوربانیدانی پێشمەرگە لەیاد ناکەین

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی هەرێم کۆنەبوەوە 11/2/2018

(سبەی):

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، بەبێئەوەی لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، سەردانی هەولێری کرد و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری پێشمەرگەی کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئۆرزولا ڤۆندێر لاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و راهێنەر و سەربازانی وڵاتەکەی لە هەولێر بەسەرکردەوە، کە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن و رایگەیاند: رۆڵی ئەوان وەک هاوکاریی سەربازیی کۆتایی پێدێت و لەمەودوا کاری لۆجستی و تەندروستی پێشکەشی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دەکەن.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، قوربانییەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و رایگەیاند: هەرگیز ئەو قوربانیانەی پێشمەرگە لەیاد ناکەین کە لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان کرد.

وتیشی :”سەردانەکەمان بۆ هەولێر بەسەرکردنەوەی هێزەکانمان و هێزی پێشمەرگەیە و بەچاوی خۆم ئەو پێشکەوتنانەم بینی کە لەئاست و توانای پێشمەرگەدا بەدیهاتون و کە هاوشانی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی داعشدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە”.

هەر ئەمڕۆ، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، نەخۆشخانەیەکی تایبەتی وڵاتەکەی لە هەولێر کردەوە بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە، کەلەسەر بودجەی حکومەتی ئەڵمانیا شەش ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخان کراوە.

پێش گەیشتنی بە هەولێر، وەزیری بەرگری ئەڵمانیان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری بەرگری و گەورە بەرپرسانی بەغدا کۆبوەوە، بەڵام لە هەولێر هیچ بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی نەبینی و کۆبونەوە و گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجام نەدان.

سەرەڕای کۆنەبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، ڤۆندێرلاین رایگەیاند: وڵاتەکەی هاوکاریی عێراق دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بەپێی یاسا و دەستور و فراوان کردنی هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە