رێکخستنی کارگێڕی لەدەوڵەتی فیدراڵیدا

(سبەی):

رێکخستنی کارگێڕی لە دەوڵەتی فیدراڵیدا (التنظيم الإداري في الدول الاتحادية،) ناونیشانی کتێبێکی یاسایی ئەحمەد عەلییە کە بە زمانی عەرەبی، لە چاپخانەی (منشورات الحلبي الحقوقیة)ی لوبنانی بڵاوکراوەتەوە.

کتێبەکە بریتیە لە توێژینەوەیەکی شیکاریی – بەراوردکاریی، لە دو بەشی سەرەکی پێکهاتوە جگە لە پێشەکی وکۆتایی، لە بەشی یەکەمدا (تایبەتمەندێتی رێکخستنی کارگێڕی لە دەوڵەتی فیدرالیدا) شیکار و تاوتوێ کراوە و پێکهاتوە لە سێ بابەت (بنەما گشتیەکانی رێکخستنی کارگێڕی، چەمکی دەوڵەتی فیدراڵی، کاریگەری یاخود لێکەوتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی لەسەر شێوازی رێکخستنی کارگێڕی).

لەو بەشەدا، نوسەر هەوڵی داوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، ئایا لەڕوی رێکخستنی کارگێڕییەوە جیاوازی هەیە لەنێوان دەوڵەتی فیدراڵی (ئاوێتە) و دەوڵەتی سادە؟ پێگەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا چیە؟ ئایا ئەم ئەنجومەنانە سەر بە حکومەتی فیدراڵن (ناوەند) یان سەر بە حکومەتی هەرێمەکانن، یا سەر بە هەردو حکومەتەکەن (ناوەند و هەرێمەکان)؟.

لە بەشی دوەمدا بەراوردی رێکخستنی کارگێڕی هەر یەک لە دەوڵەتەکانی: (ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو و کۆماری عێراق) کراوە، لەم بەشەدا شەن و کەوی پەیکەری رێکخستنی کارگێڕی هەرسێ دەوڵەتەکە کراوە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی (ناوەند) ولەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمەکانیش: رێکخستنی کارگێڕی لە (ولایەتی  کالیفۆڕنیا، ئیمارەتی ئەبو زەبی، هەرێمی کوردستان) وەک نمونەی هەرێمی دەوڵەتی فیدراڵی راڤە کراون.

جگە لە مانە: پێگەی یاسایی و دەستوریی و چۆنیەتی پێکهێنان و رێکخستن وهەروەها دەسەڵاتەکانی (کارگێڕی خۆجێیەتی–الإدارة المحلية- لە ولایەتەکانی ئەمەریکا و شارەوانیەکانی ئیمارات و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان) باسیان لەبارەوە کراوە.

ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەی ئەحمەد عەلی ئەحمەد بوە و بەهەمان ناونیشان ساڵی (2014) پێشکەش بە زانکۆی بەیروتی عەرەبی کراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە پەسند کراوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە