سەرۆکی جەهەپە: عەفرین دەبێتە گۆمی خوێن

(سبەی):

سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند؛ پاراستنی سنورەکان لەگەڵ سوریا گرنگە بەڵام بە پێشڕەویی سوپای تورکیا بۆ عەفرین ئەو شارە دەبێتە گۆمی خوێن و دەبێت خەڵکی سوریا خاکی خۆیان بپارێزن.

کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تورکیا بە رۆژنامەی حوڕییەت-ی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ کە نابێت سوپای تورکیا بچێتە ناو عەفرینەوە و چونکە گۆمی خوێن دروست دەبێت.

کلیچدارئۆغڵو وتویەتی: پشتگیریی سوپای وڵاتەکەی دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنی “چڵی زەیتون” بەڵام دژی داگیرکردنی عەفرینە چونکە زیانی زۆر بەر سوپای تورکیا دەکەوێت و دەرەنجامەکەی بۆ وڵاتەکەی باش نابێت.

سەرۆکی جەهەپە رونی کردەوەتەوە کە ئەوان پشتگیریی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کردوە بە مەبەستی پاککردنەوە و پاراستنی سنورەکانیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، نەوەک داگیرکردنی شاری عەفرین کە زیاتر لە (500) هەزارکەسی تێدا دەژی و ناکرێت شەڕڤانان لە خەڵکی مەدەنی جیا کرێنەوە، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیان بە سەربازانی سوپای تورکیا بگات و ئەو شارە ببێتە گۆمی خوین.

کلیچدارئۆغڵو رەخنەی لە ئاوارە سورییەکانی نێو تورکیا گرتوە و وتویەتی “ئەو پەنابەرانەی سوریا کە لە کافتریاکانی تورکیا تەنها خەریکی نێرگەلەکێشان و خۆشگوزەرانیی خۆیانن با بچن وڵاتەکەیان بپارێزن و چیتر سەربازانی ئێمە باجی پاراستنی وڵاتەکەی ئەوان نەدەن”.

وتەکانی سەرۆکی جەهەپە کە بە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەزانرێت لە کاتێکدایە کە ئەو پارتە پشتگیریی پەلامارەکانی سوپا و چەکدارانی تورکیا دەکات بۆسەرعەفرین .

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە