یەپەگە: عەفرین دەکەینە ڤێتنام بۆ سوپا و چەکدارانی تورکیا

(سبەی):

وتەبێژی یەپەگە ئاشکرای دەکات، بەهۆی شکستەکانی سوپای تورکیا لە عەفرین پێدەچێت پلانی شەڕ بگۆڕدرێت و فەرماندەیەکی شەڕڤانانیش دەڵێت: سوپا و چەکدارانی تورکیا کەمترین پێشڕەوییان کردوە و ئێمە عەفرینیان لێدەکەینە ڤێتنام.

بروسک حەسەکە؛ وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) رایگەیاند؛ بەهۆی ئەو شکستانەی سوپای تورکیا و چەکدارانی لە عەفرین روبەڕویان بوەتەوە، ژەنەڕاڵ خلوسی ئاکار رۆژی شەممە راستەخۆ چوەتە ژوری ئۆپەراسیۆنی “چڵی زەیتون”ی سوپاکەی و لە نزیکەوە چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکەی کردوە.

وتویەتی: شەڕڤانان لە دۆ رۆژی رابردودا بە شێوەیەکی بەهێز روبەڕوی سوپا و چەکدرانی تورکیا بونەتەوە و دو هێلیکۆپتەر و ژمارەیەکی بەرچاو تانک و زرێپۆشی تورکیایان تێکشکاندوە و هەروەها ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیا زۆر بەرز بوەتەوە و هەر ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی پلانی شەڕی سوپای داگیرکەری تورکیا لە عەفرین گۆڕانکاریی بەسەردا بێ.

لە لایەکی دیکەوە مانی عەگید، یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەگە لە عەفرین بە میدیاکانی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندوە کە شەڕڤانان دەمێکە هەمو ئاماداکارییەکیان کردوە بۆ روبەڕوبونەوەی سوپای تورکیا تەنانەت لە درێژماوەشدا توانای روبەڕوبونەوەیان هەیە و “عەفرین دەکەنە ڤێتنام لە سوپای تورکیا”.

عەگید وتویەتی: تورکیا پشتی بە کەرەستی سەربازی و تەکنۆلۆژیای نوێیوە بەستوە بەڵام ئێمە پشتمان بە ئیرادەی گەلەکەمان قایمە.

جەختی کردوەتەوە کە بە وتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆماری تورکیا “دەبوایە عەفرین لە سێ سەعاتدا بکەوتایە” بەڵام ئێمە (23) رۆژە لە شەڕداین و سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی پێشڕەوییەکی ئەوتۆ و بەرچاویان نەکردوە و شەڕڤانان بەردەوام گورزی کاریگەرییان لە دوەم سوپای ناتۆ وەشاندوە.

ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کرد کە دوای (22) رۆژ بۆردومان و تۆپباران لە ئاسمان و زەوییەوە پێشڕەوییەکانی سوپا و چەکدارانی تورکیا لە عەفرین تەنها سێ بۆ پێنج کیلۆمەتر بوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە