شەڕڤانان لەچەند بەرەیەک پاشەکشە بە سوپای تورکیا دەکەن

کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەفدی پەرلەمانی کوردستان لە عەفرین

(سبەی):

شێرکۆ حەمەئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە عەفرینەوە ئاشکرای کرد؛ لەچەند ناوچەیەکی بەرەی شەڕ شەڕڤانان پاشەکشەیان بە سوپای تورکیا کردوە و رەخنە لە هەڵوێستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت بەرامبەر پەلامارەکانی تورکیا.

دوای گەیشتنیان بە کانتۆنی عەفرین و کۆبونەوەیان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکە، وەفدی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەڵامی هۆشدارییەکەی کونسوڵی تورکیایان لە هەولێر دایەوە کە داوای کردبو پشتیوانی عەفرین نەکەین و رایانگەیاند: بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان پابەندن بە مامەڵەکردن و پشتیوانی کردن لە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و پەرلەمانتارانیش نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن و سەر بە هیچ بەرەو لایەنگ نین و بەردەوام دەبن لە پشتیوانی سیاسی و مەعنەویی رۆژئاوای کوردستان.

دوای کۆبونەوەی وەفدی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هاوسەرۆکانی کانتۆنی عەفرین و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و مەدەنی کانتۆنەکە، هێڤی مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەردنی کانتۆنی عەفرین رایگەیاند: سەردانی وەفدی پەرلەمانی باشور بۆ جیهان دەسەلمێنێت کە گەلی رۆژئاوا بەتەنها نییە و لەکاتی شەڕو ناخۆشی و نەهامەتیدا گەلی کورد پشتیوانی یەکە.

وتیشی :”بنەمای سەرەکی هێزو ئیرادمان بەرگری گەلە هاوشانی بەرگری و هێزی سەربازیی و بەرخۆدان لەسەرجەم بەرەکانی شەڕدا”.

هەر سەبارەت بە سەردانەکەیان، د.شێرکۆ حەمەئەمین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندانی وەفدە پەرلەمانییەکە لە عەفرینەوە بە (سبەی) راگەیاند: بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی کانتۆنی عەفرین دەکەیەن بۆ بینینی دۆخی کانتۆنەکە و پەلاماردانی سوپای تورکیا بۆسەر ئەو بەشەی رۆژئاوای کوردستان.

وتیشی :” لەئێستادا لە ناحیەکانی بلبل و جندرێس و راجۆ و شەڕا، شەڕ و پێکدادانی قورس بەردەوامە و لەزۆربەی شوێنەکان شەڕڤانان پاشەکشەیان بە سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کردوە”.

راشیگەیاند: بەپێی ئامارەکانی دەستەی تەندروستی کانتۆنەکە تائێستا (165) هاوڵاتی مەدەنی شەهید و (400) کەس برینداربون”.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: بەرخۆدانی عەفرین سەردەکەوێت، بەڵام پێویستی بە پشتیوانی و هاوکاریی هەیە، بەڵام تائێستا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک پێویست نین”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە