گۆڕان هێزی هەڵقوڵاوی خەڵکەو ناکەوێتە داوی یەکێتی و پارتی

ئەمین بەكر

ئەم ماوەیە بابەتی دروستکردنی لیستێکی یەکگرتو لەناوچە دابڕێنراوەکان بوە بابەتی میدیاکان و هەندێک کەناڵی راگەیاندن پێیانوابو دەرفەتێکیان دەست کەوتوە بۆ هێرش کردنە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانەکانی، گوایە لەگەڵ یەکێتی و پارتی دەچێتە یەک بەرەوە، بێ ئەوەی سروشتی بزوتنەوەی گۆڕان رەچاوبکەن کە هێزێکە هەمیشە پارێزگاری لە مەبادئـ و پرنسیپەکانی خۆی کردوە و لەو پێناوەشدا ئامادەی باج و قوربانیدان بوە.

بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە هاوڵاتی بون و باشکردن ژیانی خەڵک و چاکسازی باری ئابوریی و دارایی گشتی وەکو مەبدەئێکی نەگۆڕ وەرگرتوە، هاوتەریب لەگەڵیشیدا خەباتی بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانیی کردوەو سازشی لەسەر نەکردون.

کاتێک لەم ماوەیەدا گۆڕان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لیستێکی کاریگەریان لەژێر ناوی هاوپەیمانی نیشتمان، لە کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان راگەیاند، لایەنە کوردیەکانی تر لەژێر ناوی بەرژەوەندی کورد و پاراستنی قەبارەی کورد لەو ناوچانە،  زۆر داوایان کرد کە بێنە ناو لیستەکەی گۆڕان و هاوپەیمانیەکانیەوە، تا ببێتە تاکە لیستی  کوردی لەو ناوچانەدا بەسەرکردایەتی گۆڕان و هاوپەیمانەکانی، گۆڕان کاتێک ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی رونی هەیە و پاراستنی دەسکەوتەکان بەئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت، بێجگە لەوەش گۆڕان حیزبێکی مەدەنی مۆدێرنەو باوەڕێکی تەواوی بە گفتوگۆ هەیە ناتوانێت بێ هیچ گفتوگۆیەک و پێش ئەوەی بوار بدات نیەتی راستەقینەی بەرامبەرەکانی دەربکەون، دانوستان رەت بکاتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش گفتوگۆی رەت نەکردەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئەوانی تر داوا لەلایەنگرەکانیان بکەن کە دەنگ بەلیستەکەی گۆڕان و هاوپەیمانەکانی بدەن، دەشێت بۆ وەرگرتنی قەناعەتی هەمو خەڵکی کورد لەو ناوچانە رەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک کاندیدی سەربەخۆی بێ لایەنی تر دەرببڕایە کە بێنە ناو لیستەکەوە، بەو مەرجەی خاوەنی کەسایەتی نیشتمانی بن و تاوانباری پرسی رادەست کردنی خاک و بەفیڕۆدانی دەسکەوتە نیشتمانی و نەتەوەیەکان نەبن و بەهەمان شێوەش لەگەندەڵی  تێوەنەگلابن . لەسەر ئەو بنەمایانە گۆڕان ئامادەی  گفتوگۆ بو بەڵام سروشتی پارتی و یەکێتی هەمیشە بەشێوەیەک بوە کە لەلوت بەرزی خۆیان دانەبەزن و بەرژەوەندیە حیزبی و بنەماڵەییەکانی خۆیان بەسەر بەرژەوەندی گشتیدا فەرزبکەن و یەکێتی و یەکڕیزی تا ئەو شوێنە گرنگ و پێویستە کە لەژێر دەسەڵات و هەژمونی خۆیاندا بێت و بەپێچەوانەوە هیچ شێوەیەکی تری یەکڕیزیان بەلاوە گرنگ نیە.

بۆیە کاتێک ئەو لایەنانە هاتنە ناو گفتوگۆوە هەمان عەقڵیەتی خۆ بەگەورەزانی جارێکی تر خۆیان تەرح کرد، دەیانویست بەویستی خۆیان لیستەکە پڕبکەن لەکادری حیزبی بەرپرس لە خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی و گەندەڵ و ئەوانەی کە هەڵوێستی نیشتمانیی و نەتەوەییان دۆڕاندبێت ئەوا گۆڕان و هاوپەیمانەکانی ئامادەنابن  بیانخەنە ناو لیستەکەی خۆیانەوە، چونکە گۆڕان هەروەک چۆن پاراستنی دەسکەوت و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بەئەرکی خۆی دەزانێت، لەهەمان کاتدا ناتوانێت بەرامبەر گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی بەخیانەت و بەفیڕۆدانی دەسکەوتە نەتەوەییەکان تاوانبارن سازش بکات و لەژێر ناوی یەکهەڵوێستی و بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەوێتە داوی یەکێتی و پارتیەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە