تورکیا لە ترسی هێرشەکانی گەریلا هاتوچۆ لە (176) شوێن قەدەغە دەکات

(سبەی):

پارێزگاری ئامەد رایگەیاند؛ بە هۆی ئۆپەراسیۆنی دژی پەکەکە لە باکوری کوردستان هاتوچۆ لە (176) ناوچە و گوندی ئامەد قەدەغە دەکرێت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە؛ بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هاتوچۆ لە (176)ناوچە و گوندی سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکوری کوردستان قەدەغە کراوە.

پاریزگاری ئامەد کە سەر بە پارتی داد و گەشە پێدان (ئاکەپە)یە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردوەتەوە کە بە هۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە، هاتوچۆ لە 176) ناوچە و گوندی سنورەکانی (فارقین، پاسۆر، لیجە ) قەدەغە کراوە.

قەدەغە کردنی هاتوچۆ لەو ناوچانەی باکوری کوردستان لە کاتێکدایە کە دوای پەلامارەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هۆشداریی دایە تورکیا کە ئەوان لە بەرامبەر پەلامارەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بێدەنگ نابن و بەرژەوەندییەکانی حکومەتی ئاکەپە لە تورکیا دەکەنە ئامانج.

ئەوە لەکاتێکدایە کە سەرەتاى ئەم هەفتەیە گەریلا تیڤى ڤیدیۆى هێرشێکى بۆسەر بنکەیەکى سەربازى لە چەلێ لە باکورى کوردستان بڵاوکردەوە و دوێنێش هێرشکرایە سەر بنکەیەکى سەربازى ئەو وڵاتە لە سنورى زاخۆ لە هەرێمى کوردستان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە