دەمیرتاش: لەزیندان بم یان لەدەرەوە بەردەوام دەبم لە تێکۆشان

دەمیرتاش لەکاتی دادگایی کردنیدا

(سبەی):

بە ئامادەبونی زیاتر لە (100) پارێزەر و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپی، پرۆسەی دادگایی کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانێکی ئەنقەرە بەرێوەچوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هۆڵی زیندانی سینجانی ئەنقەرە پرۆسەی دادگایی کردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەچو، هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی دادگا رێگەیان نەدا کە پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئەوروپا و چالاکانی بواری ئازادی رادەربڕین بچنە هۆڵی دادگایی کردنەکەوە.

دادگایی کردنەکە، بە ئامادەبونی زیاتر لە (100) پارێزەری خۆبەخش و باڵیۆزی چەندین وڵاتی ئەوروپا و ئەمەریکا و لەناویاندا باڵیۆزەکانی وڵاتانی ئەڵمانیا، نەرویج، دانیمارک، کەنەدا، سوید، هۆڵەندا، فەرەنسا و ئیرلەند ئامادەبون و رێگە نەدرا بە لەیلا خالید، سیمبولی تێکۆشانی ئازادیی گەلی فەلەستین، بچێتە ناو هۆڵی دادگایی کردنەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، بۆ جاری یەکەم ئامادەی دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەکەی بو، لەسەرەتادا بەهۆی ئەوەی کە دەمیرتاش ئامادەنەبو بە کەلەپچە کراوی بەشداریی دادگایی کردنەکەی بێت، نەیانتوانی بیبەنە بەردەم دادوەر و دواتر و دوای (460) رۆژ لە زیندانی کردنی پارێزگاریی لە خۆی کرد.

دەمیرتاش، ناڕەزایەتی لە سەر کردنەوەی دۆسیە لەسەری دەربڕی و وتی :”بەپێی یاسای بنەڕەتی، ناتوانرێت پێش لە پەرلەمانتاران بگیرێت، بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئەوە (15) مانگە لە گرتوخانەم، لەدەرەوەی یاسا (31) تۆمەتیان داوەتە پاڵم و ئێستاش دەیانەوێت لەسەر (31) تۆمەت پارێزگاری لە خۆم بکەم، قەت من باوەڕ بەوە ناکەم کە بەشێوازێکی دادپەروەرانه دادگایی بکرێم”.

دەمیرتاش جەختی کردەوە کە؛ لە زینداندا بن یان لە دەرەوەی زیندان، تێکۆشانی خۆیان بۆ دێموکراتیزەکردنی وڵات بەردەوام دەکەن.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە