ریاڵ مەدرید نیوەی رێگاکەی بڕی

(سبەی):

یانەی ریاڵ مەدرید گەڕایەوە بۆ سەرکەوتنەکانی و بردنەوەیەکی گرنگی بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی تۆمار کرد، رۆژنامەیەکی فەرەنسیش شکستی یانەی وڵاتەکەی بە گەردەلول ناودەبات.

لە یاری چونی قۆناغی (16)ی پاڵەوانێتییەکەدا، ریاڵ مەدرید لە یاریگای خۆی (سانتیاگۆ برنابیۆ) میوانداری یانەی پاریس سان جێرمانی کردو بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی لێ بردەوە.

سەرەتا یانە فەرەنسیەکە دەستپێشخەر بون لە خولەکی (33)دا لەڕێی یاریزان ئەدریان رایۆ گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد، دواترو لە خولەکی (45)دا ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ ریاڵ مەدرید ئەژمارکردو کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکەوتوانە ئەنجامیدا، یانەی شاهانە بەو گۆڵەوە نەوەستان، لە خولەکی (83)دا رۆناڵدۆ گۆڵی دوەمی بۆ ریاڵ مەدرید تۆمارکرد، دوای سێ خولەک لەو گۆڵەش، مارسیلۆ گۆڵی سێیەمی ریاڵی تۆمارکردو یارییەکەش بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی ریاڵ مەدرید کۆتایی هات.

بەشێک لە رۆژنامەکانی ئیسپانیاو فەرەنسا وێڕای خوێندنەوەیان بۆ یارییەکە ستایشی سەرکەوتنەکەی ریاڵ مەدریدیان کردوە، رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی راپۆرتێکی لەوبارەیەوە کردوەو بە مانشێتێک نوسیویەتی: “ئەوە ریاڵ مەدریدە”. رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە بەرشەلۆنە نوسیویەتی: “ریاڵ لە قۆناغی داهاتو نزیک بوەتەوە”.

هاوکات رۆژنامەی (لیکیپ)ی فەرەنسی شکستەکەی پاریس سان جێرمان بەرامبەر ریاڵ مەدرید بە یەک وشە دەربڕیوەو نوسیویەتی: “گەردەلول”.

بڕیارە یاری گەڕانەوەی نێوان هەردو یانە، لە پاریس و لە رۆژی (6)ی ئاداری داهاتو بەڕێوەبچێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە