ئاڵنگاریه‌ ئابوریەكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ (2018)دا

شەیما جەمال

هه‌رێمی كوردستان به‌ دۆخێكی خراپی ئابوری و ئاڵنگاری گەورە تێده‌په‌ڕێ كه‌ به‌ به‌راورد به‌دۆخی هه‌رێم له‌ ساڵانی (90)‌كانی سه‌ده‌ی رابردو ئه‌م دۆخه‌ قورسترو كاریگه‌رتر ده‌رده‌كه‌وێ و چاره‌سه‌ری ئاسان نابێ، به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌دا كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوری و داراییه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌هۆی نه‌بونی عه‌قڵی ئیداری و ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كانه‌وه‌یه‌و هۆكاری دوه‌م سیاسیه‌.

نەبونی ئەقڵی ئیداری و بەڕێوەبردن کاریگەری گەورەی بەجێ هێشتوە لە دروست بونی ئەو قەیرانە بۆ نمونە ئەگەر بهاتایە حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی دروستی پەیڕەو کردایه‌ لە بواری نەوت و ئەو پارەیەی کە لێی دەست دەکەوت، واتە بڕێکی زۆری تەرخان بکردایە بۆ وەبەرهێنان و بە دوایدا زەمینەیەک دروست دەبو کە حکومەت هەر تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێ و ده‌ستی كاری  تەواویشمان لێی دەست دەکەوت، واتە بەتاڵەمان نەدەبو یان زۆر لە ئێستا کەمتر دەبو.

راستە هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهان، کاریگەری هەبو لە سەر ئەدای حکومەت، بەڵام  کاتی بو، چونکە زۆری نەبرد نرخی نەوت دەستی کرد بە بەرزبونەوە، له‌ ئێستادا نرخی یەک بەرمیل لەبازاڕەکانی دەرەوە لە سەروی 60 دۆلارەو بەرزبونەوەشی بەردەوامە.

هۆکاری سیاسی لە رێگای موحاسەسەی حیزبی و دروست بونی توێژێکی گەندەڵ بە تایبەتی لە ناو دو حیزبی دەسەڵات و کە بەشی هەرە زۆری جومگەکانی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، لەهۆکارە هەرە مەترسیدارەکان  بوە.

ئه‌وەی تێبینی ده‌كرێ كه‌ هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ سه‌رەتای دامه‌زاراندنیه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا كه‌ هه‌شت كابینه‌ی تێپه‌ڕاندوه،‌ به‌بێ پلان كاریكردوه‌و ئابوری و دارایی هه‌رێمی به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی به‌ڕێوه‌ بردوه‌، واتا هیچ پلانێكی پێشوه‌ختی نه‌بوه‌ له‌ ئیداره‌ دان و حوكمڕانی. ئێستاش هەرێمی کوردستان روبەڕوی دو ئاڵنگاری دەبێتەوە، یەکێکیان ئەو پاشەکشەیەی لە دوای ریفراندۆم و (16)ی ئۆکتۆبەرەوەیە کە نیوەی کوردستانمان پێیەوە لە دەست داو حکومەتی ناوەندیش دەیەوێ ئەو سەرکەوتنە سەربازیە بە قازانجی خۆی ببەستێتەوەو زیاتر پێیەوە حکومەتی هەرێم بەرامبەر ناوەند لاوازتر بکات، ئەوی تر ئەو حوکمە پاشاگەردانیەی دو حیزبی دەسەڵاتە کە لە رێگایەوە بە تەواوی یەکێتی سیاسی کوردانی تێکداوە.

هەندێ بەرجەستەش کەوتونەتە بەردەم حکومەتی هەرێم لە رێگای کەمبونەوی دەسەڵات و لە دەستدانی کێڵگە نەوتیەکان، ناچارە ملبداتە هەندێ چاکسازی لە خانەی کەمکردنەوەو سڕینەوەی موچەخۆرو خانەنشینە باڵاکان و هەروەها بندیوارو وەهمیەکان و لەو پێناوەشدا پڕۆژەیەکی پێشکەش بە پەرلەمان کردوە و ناشزانرێ چەندی لێ جێ بەجێ دەکرێت.

یەکێکی تر لە ئاڵنگاریە هەرە لەپێشەکانی حکومەتی هەرێم خۆی لەوەدا دەبینێ کە تا چەند دەتوانێ یەکانگیری لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکات و کرانەوەیەک وەرچەرخێنێ و هەندێک لە ئەو دۆخە نالەبارە تێپەڕێنێ. پێموایە پشت بەستن بە خاڵ و بڕگە دەستوریەکانی عێراق کە ئەمەریکاش پشتگیریمان لێ دەکات و بە پۆزەتیڤ بە سەر کوردان دەکەوێتەوە. لێرەش کۆسپ و تەگەرەکان دو حیزبی دەسەڵاتە، چونکە ئەگەر بڕگەکانی دەستور جێبەجێ بکرێ دو ئەوەندی تر دو حیزبی دەسەڵات بچوکتر دەبنەوە.

ئەو پڕۆژەیەی ئەمەریکا خستویەتیە بەردەم رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کە دەبێ بودجەی حکومەتی هەرێم لە شەش ترلیۆن و هەشت سەد ملیار دینارەوە بۆ 10 ترلیۆن زیاد بکرێ و لە بەرامبەردا دەبێ حکومەتی هەرێم خاڵە سنوری و فڕۆکەخانەکان و نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بکا، بەجێبەجێ کردنی، باری گوزەرانی دانیشتوانی هەرێم باشتر دەبێ. دیارە پێشنیاری حکومەتی عێراقی و ئەمەریکاش ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە لە سنوری 100 هەزار کەسەوە بمێنێت و ئەمەریکیەکان دەڵێن ئێمە راهێنان و پڕچەککردنیان دەخەینە ئەستۆی خۆمان.

پێویستە هێزو لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان لەم دەسەڵات و حوکمڕانییە شکستخواردوەی ئێستای هەرێم پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن هەمو هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی خەڵک، بە سەرنجدان و کارکردن لەسەر بودجەی ساڵی (2018)ی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق و رێگریکردن لە بەلاڕێدابردنی لەلایەن دو حیزبەکەی دەسەڵاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە