عەفرین وەک دەرفەتێک بۆ هەموان

د.هەژار مەعروف

ئاینت هەبێ یا نەت بێ، موسوڵمانی سەر بە هەر تاقم و مەزهەبێک بیت، یا جو یا مەسیحی یا هیندۆسی یا هەر ئاین و ئاینزایەکی تر بێت، سەر بە هەر رەچەڵەک و هۆز و نەتەوەیەکی ئەم دنیایە بیت، سەر بە هەر فیکر و قوتابخانەیەکی سیاسی بیت، هەر مرۆڤێکی سادەی ئەم گۆی زەوییە بیت، دەبێ وەک رۆژی رون و بێ دودڵی و هیچ گومانێک بۆت دەرکەوتبێ و بۆت ئاشکرا بێت کە هیچ یەک لە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لەوەتەی دروستبون هەتا هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین یەک بەرد یەک فیشەک یەک گولە تۆپ یەک ساروخ لە خاکی کانتۆنەکانەوە نەیانناوە و نەیانهاویشتوە بەرەو هیچ شوێنێکی تورکیا، تورکیا نەیتوانیوە بیسەلمێنێ لە کانتۆنەکانەوە دەسدرێژی کرابێتە سەری.

هیچ رێکخراوێکی کوردی سوریا نەیوتوە دەوڵەتی کوردی دروستدەکەین، تورکیا نەیتوانیوە بیسەلمێنێ کوردی سوریا خەریکی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بن، یا دروستکردنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستیی کافر. کەواتە هێرشەکە هیچ بەڵگەیەک و هۆیەکی رەوا و دروست و مەنتقیی نیە، بۆیە دەستدرێژییەکی رون و رەوانە نەک هەر بۆ سەر دانیشتوانی کوردو عەرەب و ئێزدی و مەسیحیی عەفرین، بەڵکو  پێشێلکردنی مافی نێونەتەوەییشە، چونکە بێ مۆڵەتی حکومەتی سوریا، سوپای تورکیا سنوری بەزاندوە.

حکومەتەکەمان و پەرلەمانەکەمان کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدان نەیانتوانی و نەیانویست هەڵوێستێکی جوامێرانە رابگەیەنن بۆ بەرگری لە عەفرین، بەڵام مەخابن جڤاتە گەورە پێج ملیۆنیەکەی کوردی باشوریش هەتا ئێستا هەر نەیتوانی وەک پێویست بەهانای خوشک و براکانمانەوە بێن لە عەفرین، تەنانەت لە سلێمانی کە سەرکوتکەرانی ناو یەکێتی ناتوانن وەک  چۆن دەسەڵاتی ئاگر و ئاسنی  پارتی هەولێری بێدەنگ کرد ئەمانیش سلێمانی بێدەنگ بکەن، ئێمە نەمانتوانی خۆپیشاندانێکی سەدان هەزار کەسی رێکبخەین بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی سەر عەفرین.

وادیارە شەڕی عەفرین درێژە دەکێشێ و بۆ خەباتکردنیش هەرگیز درەنگ نیە. ئێمەی کوردی باشور کە برسیکراوین و سەرکوتکراوین، ئێمە کە لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی نائومێدکراوین، ئێمە کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی دواکەوتو و دژەدیموکراتیی پارتی و یەکێتی وایلێکردوین بڕواو متمانەمان بە کەس نەمێنێ، ئێستا باشترین دەرفەت هاتۆتە پێشمان کە واتایەک بە ژیانمان بدەین، کە خۆمان لە هەمو نائومێدی و روخان و بێبڕوایی و رەشبینیەک رزگاربکەین بە پشتگیریی هەمەلایەنەی بەرخۆدانی عەفرین، بۆ نمونە مامۆستا ئاینییەکانی کوردستان بە فتوا بۆ شەڕی بەرگری، سەرمایەدارە ملیۆندار و ملیاردارەکان بە پارە بە نهێنی، قاچاخچیەکانی چەک بە پەیداکردنی نوێترین و کاراترین چەک بۆ شەڕڤانان بە کەمترین نرخ لە بازاڕی جیهانی، دەرمانسازەکان بە دەرمان و کەرەسەی پزیشکی، پزیشکان بە تایبەتی نەشتەرگەران بە کارکردنی ناوبەناو لە نەخۆشخانەکانی عەفرین، بازرگانانی خۆراک بە ناردنی هەمو جۆرەکانی خۆراک بۆ خەڵکی عەفرین، رۆژنامەنوسان و کامێرامانەکان بە چون بۆ مەیدانەکانی شەڕ بۆ پیشاندانی بەرگریی پاڵەوانانەی شەڕڤانانی ژن و پیاوی رۆژئاوا، پێشمەرگەی خۆبەخش بە رۆشتنی بۆ نێو ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل.

هەمو تاکێکی کورد لە ناوەوەو لە دەرەوەی وڵات بەپێی توانای خۆی دەتوانێ بە بەخشینی بڕێک پارە، بڕێک جل و بەرگ، پێخەفێک، خۆراکێک، بە بەشداربون لە خۆپیشاندانێک دژی رژێمی ئەردۆغان، … بەهانای خەڵکی خۆڕاگر و جەنگاوەرانی عەفرینەوە بێت.

بۆیە لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات پێشنیازدەکەم هەرچی زوترە دەستە و رێکخراوی (فریاکەوتنی عەفرین) دروستبکرێت و بە هاوئاوازی لەگەڵ نوێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن بکەونە کار و چالاکیی بەردەوام. من دڵنیام ئەگەر ئاوا بکەین عەفرین بە سەربەرزی لەم شەڕە ناڕەوایەی بەسەریدا سەپاوە دێتە دەرێ و خۆیشمان بەتایبەتی کوردی باشور بڕێک پاکدەبینەوەو ورەی کوردایەتیشمان بڕێک بەرزدەبێتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە