پانۆرامای روداوەکانی (17)ی شوبات

تێکۆشەر حسێن

حەڤدەی شوبات وەرچەرخانێک بو تیایدا هاونیشتمانیان دژی ستەم و نادادی چەندەها ساڵەی حکومەتی کوردی وەستانەوە، لە پەراوێزی دروست بونی ئۆپۆزسیۆن لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسەت و دەسەڵاتی کوردی دا دوای سێ ساڵ بە فیعلی لە دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەرەیەکی  پتەوی لە ئۆپۆزسیۆن دژ بە دەسەڵات دروست بو، هەریەک لە (گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ) بە شێوەیەکی مەدەنیانە خەباتی روبەڕوبونەوەیان دژ بەدەسەڵات لەناو پەرلەمان راگەیاند.

دوا بەدوای بەهێزبونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەریەک لەکەسانی بێلایەن و تەنکنۆکرات و چاڵاکوانان و نوسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنوسانیش لە بەرەی شەقامەوە لەوپەڕی چەپ و عەلمانیەتەوە بۆ ئەوپەڕی ئیسلامیەکانەوە پێکەوە لەشەقام بەدەنگێکی بەرز بەهۆتافی ( ئازادی …ئازادی….ئازادی ) و پرەنسیبەکانی دیموکراسیەت وهەم دادپەروەریان دەهۆنیەوە.

راچڵەکینێک بو بەڕوی دەسەڵات بۆ روبەڕوبونەوەی میللەتەکەی لەو عەسکەرتاریەتەی چەندین ساڵە بون بە زەرو و دڕکەزی بۆ گیانی نیشتمان و هاونیشتمانیان، ئاستی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان ژدژ بەنادادی و بێدادی و بێکاری و گەندەڵی بەڕوی دەسەڵات تەقیەوە. ئەگەرچی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیش بو بەشێوەیەک بەتەنها زۆنی سەوزی گرتەوە، بەڵام وەنەبێ بەتەنها روی دەم و گلەیی و ناڕەزایی تەنها دژ بە دەسەڵاتی یەکێتی بێ، چونکە بینیمان یەکەم کاردانەوە بو دژ بە بارەگاکانی پارتی دیموکرات بو، چونکە چومگەی سەرەکی هەرسێ دەسەڵاتەکە ئەوان پشکی شێریان بەرکەوتبو، شەقام هەڵگری ئامانجگەلێک بو، لە دوای ئەوەی دەسەڵات روی تفەنگەکانی کردە میللەت و چەندین رۆڵەی ئەم نیشتمانەی خەڵتانی خوێن کرد.

دوای تێپەڕبونی شەش ساڵ لە بەڵێن و قسەی باق و بریق دەبینین ئێستا (2018)یە چاکسازییەکان بە بەراورد لەگەڵ داواکارییەکانی ئەوسا نەک هەرجێبەجێ نەکران، بەڵکو بە بنبەستیش گەشتن و توشی داڕمانی ئابوریش هاتین، نیوەی خاکی هەرێمیشیان نایە بانی.

ئەمەی خوارەوە پانۆرامای بەشێک لە روداوەکانی (17)ی شوبات و رۆژانی دواییە:

ـ 17ی شوبات دوای بەرد بارانکردنی لقی چواری پارتی چەکدارەکانی سەر بەو حیزبە دەستڕێژی گولە دەکەن و (رێژوان عەلی) شەهید دەکەن و 58 ی دیکەش برینداردەکەن .

– 18ی شوبات حەوت بارەگای گۆڕان لە هەولێر و دهۆک و بادینان دەسوتێنرێن.

– 19ی شوبات لە سلێمانی لەلایەن هێزێکی پۆلیسی کارەبا (شێرزاد تەها و سورکێو زاهید) شەهید دەکرێن.

– 20ی شوبات کاتژمێر دو و نیوی بەیانی کەناڵی NRT لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە سوتێنرا، هەمان رۆژیش بۆ پشتیوانی لە داخوازیەکانی سلێمانی لە (رانیە و کۆیە)ش خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوێنکارانیش دەستی پێکرد.

-21ی شوبات لە سەرای ئازادی سلێمانی قەڵغانێکی مرۆیی لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران دروستکراو لە رانیەو کۆیەو کەلارو سەیدسادق دەستی پێکردەوە. هەمان رۆژ ئەمینیستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتی ساڵانەی دژی پێشێلکاری دەسەڵاتی کوردی بڵاوکردەوە.

– 23ی شوبات پەرلەمان لە ژێر کاریگەری ئۆپۆزسیۆن بڕیارە 17خاڵیەکەی دەرکرد.

– 24ی شوبات یەکێتی قوتابیانی کوردستانی سەر بە پارتی بێ ئاگاداری حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەوامی خوێنکارانی زانکۆی سەلاحەدینی راگرت و هەمان رۆژیش هاتوچۆی سلێمانی بۆ هەولێر قەدەغە کرا.

– 25ی شوبات ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەهەولێر دەستگیرکران پێکهاتبو لە نوسەر و رۆژنامەنوس و چالاکوان و، هەمان رۆژیش لە چەمچەماڵ (گەرمیان ئەحمەد)ی تەمەن سیانزە ساڵان شەهید کرا، لە کەلاریش (بیلال ئەحمەد) شەهید کرا، لەهەردو حاڵەتدا بەگوللەی چەکدارانی پارتی. هەمان رۆژ لە (عەربەت و دەربەندیخان و قەڵادزە)ش خۆپیشاندان دەستی پێکرد، لە سلێمانیش یەکەم نوێژی هەینی لە سەرای ئازادی ئەنجامدرا ، لەهەولێریش لایەنگرانی پارتی هەینی شادیان ڕاگەیاند و ڕژانە شەقامەکان.

– 26ی شوبات، دوای تەقینەوەی بۆمبێکی دەنگی لە سەرای ئازادی، پشێوی دروست بو، دواتر ( ئومێد جەلال) بە گوللەی هێزە ئەمنیەکان شەهید بو.

– 27ی شوبات خوێنکارانی زانکۆی سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند، هەمان رۆژیش لە هەولێر مامۆستایان بەیاننامەیەکیان دژی رێکخراوی یەکێتی قوتابیان بڵاوکردەوە لە راگرتنی دەواومی زانکۆ.

– 28ی شوبات ئەنجومەتی کاتی سەرای ئازادی داواکاری خۆپیشاندەرانی خستەڕو.

– 2ی ئازار هەریەک لە فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو بایکۆتی هۆڵی پەرلەمانیان کرد.

– 3ی ئازار بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند خۆپیشاندان مافێکی سروشتیە، ئەبێ گەلی ئێمە ئازادبێ لە خۆپیشاندان.

-4ی ئازار پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر داخوازی خۆپیشاندەران کرد، بڕیاری ژمارە (2) دەرکرد، دواتر لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بڕیارەکە ونکرا.

– 5ی ئازار مانگرتنی سەرتاسەری راگەیەنرا، هەندێ لە مانگرتوانیش بڕیاریاندا شەوانە لەسەرای ئازادی بمێننەوە.

– 6ی ئازار لە کەلار هێرشکرایە سەر رادیۆی دەنگ و کەلوپەلەکانی تێکشکێنرا، لەهەمان رۆژدا لەنیوەشەو خێمەکانی سەرای ئازادی سوتێنران، پەلاماری مانگرتوانیان داو و ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکران.

– 7ی ئازار باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی کرد، هەمان رۆژ فۆڕن پۆڵسی ئەمەریکی بڵاویکردەوە کە دەسەڵاتی هەرێم ئازادی بۆ هەرێم دابین نەکردوە.

– 8ی ئازار هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند مایەی شەرمەزاریە کە ئەمڕۆ کورد مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی نیە.

– 9ی ئازار پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە کابینەی شەش دایەوە.

– 11ی ئازار بارزانی لەدوەم پەیامیدا رایگەیاند؛ دوای سێ بۆ چوار مانگی تر چاکسازیەکان دەبینن.

ـ13ی ئازار ژمارەیەک لە نوسەر و روناکبیر (ئاراس فەتاح، بەختیار علی، رێبین هەردی، مەریوان) نامەیەک ئاراستەی تاڵەبانی دەکەن، داوای لێ دەکەن پشگیری داخوازی خۆپیشاندەران بکات.

– 14ی ئازار دوبارە ژمارەیەک خەڵک لە بازگەی دێگەڵە رێگریان لێکرا بچنە هەولێرەوە.

– 15ی ئازار بۆ جاری دوەم مۆڵەتی خۆپیشاندان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ترتکرایەوە.

– 17ی ئازار رێگە نەدرا ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان بچێتە هەولێر.

20ی ئازار دیسان بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە تیادا وتی دوای سێ تا چوار مانگی تر ئەنجامی چاکسازیەکان دەبینن، هەمان رۆژ بە ئامادەبونی 20 هەزار کەس لەسەرای ئازادی جەژنی نەورۆز یادکرایەوە.

– 31ی ئازار لە کەلار بە پلانێکی پێشوەختە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتییەوە هێرش دەکرێتە سەر دو پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی گۆڕان (نەریمان عەبدوڵا و سەردار عەبدوڵا).

– 2ی نیسان کەمپەینێک دژ بە بەسەرکوتکردن و پێشێلکاری دژی رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران، هەر هەمان رۆژ پەلاماری خۆپیشادەران درایەوە.

-3ی نیسان بارزانی لە پەیامی چوارەمیدا جیاواز لە پێشوتری رایگەیاند؛ بەهیچ شێوەیەک قبوڵ نیە کەس بەناوی میللەتەوە قسە بکا، ئێمەش وەک دژی میللەت بشوبهێنێ. هەمان رۆژ لە کەلار هێزێکی ئەمنی دەمامکدار بڵاوەی پێکرا بۆ سەرکوتکردن، لە سلێمانیش (محەمەد نەسڕوڵا) یەکەم پێشنوێژ و وتارخوێنی سەرای ئازادی دەسگیر کرا.

–  ی نیسان سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکاریەکانی دژ بە رۆژنامەنوسان بڵاو کردەوە کە پێکهاتبو لە ( ۱۰۰ ) پێشێلکاری، هەمان رۆژ لە بازگەکانی پارتی رێگە نەدرا پێنج پاس بچنە هەولێرەوە بۆ ئەوەی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشت بکەن.

– 5ی نیسان بۆ جاری چوارەم لەهەولێر مۆڵەتی خۆپیشاندان رەتکرایەوە.

-9ی نیسان لەشاری شیفێڵدی بەریتانیا رەوەندی کوردی رژانە شەقامەکان بۆ پشتیوانی لە داخوازیەکانی خۆپیشاندەران.

– 10ی نیسان رۆژنامەنوسان بەیاننامەیەکان دژی پێشێلکاری بڵاوکردەوە.

– 11ی نیسان پەیامنێرانی بێسنور لە راپۆرتێکدا رایانگەیاند؛ رۆژنامەنوسان بونەتە قوربانی دەستی هێزە ئەمنیەکان.

– 16ی نیسان فاروق رەفیق لەسەر سکاڵایەکی سۆزانی خاڵە شیهاب سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەمانگێک زیندانی حوکمدرا.

– 17ی نیسان 18 کەس برینداربون لەسلێمانی ، 200 خوێندکاریش لەهەولێر لێیاندرا، چونکە ویستیان خۆپیشاندان بکەن.

-18ی نیسان 83 هاوڵاتی لە سلێمانی بریندار بون، (هەردی فاروق) شەهید دەبێ، لەکۆیەش لە کەلکەسماق لە خوێنکاران درا.

– 19ی نیسان یەکێتی هێزێکی زۆری هێنایە سلێمانی کە بە پێنج هەزار مەزەندە دەکرا، بە چەکی سوک و قورس و تۆپ و تانکەوە، خوێندکارانی زانکۆش ویستیان لەبەردەم دادگا گردبنەوە، دواتر لە قولەرەیسی رفێندران، رەشبگیریش دەستی پێکردو لە سلێمانی دەیان نوسەرو رۆژنامەنوس چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیرکران، لە لایەن دژە تیرۆری یەکێتیشەوە ٤٥ خوێندکار بریندار کران.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە