گزنگی کوردان.. کورد لە دەوڵەتەوە بۆ شەڕی مانەوە

(سبەی):

هێزە کوردیەکان خەونیان بە پێشکەوتنی وڵاتی خۆیانەوە دەبینی دوای وێرانکارییەکانی داعش، بەڵام ئێستا شەڕ تەنها بۆ مانەوەی خۆیان دەکەن.

نوسینی/ یوست هیلتەرمان و ماریا فانتاپیی

چەند مانگێکی کەم لەمەوبەر وادەردەکەوت کە کوردەکانی عێراق و سوریا گەورەترین براوەی شەڕی داعش بن. بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتی رۆژئاواییەکان کە جارێک خیانەتی لێکردن و دابەشیکردن، لە لێواری ئەوەدا بون کە هەستیانکردبو ئەوەی لە رابردودا رویداوە هەڵەیەکی مێژویی بوە کاتێک لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم واقیعی جیۆپۆڵیتیکی نەیهێشت دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن. ئێستاش لە بری شاهیدی دروستکردنی وڵاتی سەربەخۆ، کوردەکان توشی نسکۆیەکی گەورە بون، کە شەڕی داعش بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئەمەریکاو هاوپەیمانیەکانی تا ئێستا پەرۆشی ئەوە نین کە کورد وەک بریکاری ئەوان لە شەڕی گروپە جیهادیە توندڕەوەکان تا ئێستا وا لێکنەدراوەتەوە کە هاوپەیمانیەکی سەربازی دورمەودا بێت بە دڵنیایەوە هاوپەیمانیەکی دیپلۆماسیش نیە بۆ پشتگیریکردنی کوردەکان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.

سەرکردە کوردەکان هەمیشە ئاگاداری مەترسی ئەمە بون، بەڵام هەرگیز رازینەبون ئەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەو مەبەستەش قوربانیان داوە. هەزاران کەس بونەتە قوربانی لەو پێناوەدا و چەندین شوێنی گەورە کە جێی بایەخی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی بوە لە لایەن کوردەکانەوە ئازادکراوەتەوە، بەڵام بۆ هێزە کوردیەکان نەبوە. ئەمانە بۆ رای گشتی کوردەکان زۆر ناخۆشە. پارێزەرێکی کورد کە خەڵکی شاری قامیشلۆیە لە سوریا دەڵێت کوردەکان پێشتر چەندەها شەڕیان کردوە بۆ ئەو ناوچانەی عەرەبنشینن لە کاتێکدا شوێنە سەرەکیەکانی کوردەکان هێشتا بە دەست بێ خزمەتیەوە دەناڵێنن وەک پێداویستی سەرەتایی رێگاوبان و خوێندنگاو کارەبا.

لەوە خراپتر ئەو بەجێهێشتنەی رۆژئاواییەکان و تێکچونی رەوشی سیاسی ناوخۆیی جێی کوردەکانی لە هەمو کات لەقتر کردوە. ساڵی رابوردو کوردەکانی عێراق بە ئاگا نەبون لە ستراتیجی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بە هیوای ئەوەی ئەمەریکا پشتگیریان بکات بۆ ئەوەی داشی خۆیان لە یاریەکەدا ببەنە کۆتایی، بەڵام هەڵەبون. هەروەها بڕیاری خۆیان لە ریفراندۆمێکی کێشەلەسەردا بۆ سەربەخۆیی دوپاتیکردەوە کە ویستی ئەوان بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت بەهێزترە، بەڵام بو بە هۆی نسکۆیەکی مێژویی بۆ ئەوان.

ریفراندۆمەکەی ئەیلولی (2017) دەبو سەرەتای پرۆسەی چنینەوەی دەستکەوتەکانی کورد بێ لە بەرامبەر رۆڵی کوردەکان لە شەڕی داعش. مەسعود بەرزانی پرۆسەی دەنگدانی بردە ناوچە جێناکۆکەکان کە هەردولا بە هی خۆیانی دەزانن لە بەر نەوتەکەی. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی بەغدا ئەم بڕیارەی بە هەند وەرگرت و پێیوابو ئەوە سەرەتای هەنگاونانی کوردەکانە بۆ فراوانکردنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان.

کاردانەوەی حکومەتی عێراق خێراو توندبو. سەرەنجامی ریفراندۆم، عەبادی هێزەکانی حکومەتی عێراقی ناردە ناوچە جێناکۆکەکان و دەستی بەسەردا گرت وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند. عێراق ئەم ناوچانەی لە دەست دابو سێ ساڵ پێشتر بەهۆی شەڕی داعشەوە. لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دوای دەست بەسەردا گرتنی نەوتی کەرکوک عێراق بەردەوام بو لە گرتنەوەی ئەو شوێنانەی لە دەستیدابو لە باکور و رۆژهەڵاتی عێراق زیاتر لەوەی کورد دەستی کەوتبو لە شەڕەکەدا لە ساڵی 2014.

بارزانی یەکسەر هەستی بەوەکرد کە هاوپەیمانەکانی بەجێیانهێشتوە و دوژمنەکانیشی هەمو یەکیان گرتوە لە دژی. ئێران کە هەمیشە دژی دابەش بونی عێراقە گروپە شیعەکانی خۆی کە راهێنراوبون پڕچەکی کردن و لەو شەڕەدا دژی کوردەکان بەکاریهێنا کە لە هێزەکانی عەبادیدا بەشداریان پێکرا. تورکیا کە هاوپەیمانی بارزانیە، پێیانوابو هەستی جیابونەوە رەنگە بگاتە کوردەکانی وڵاتەکەی خۆیان. ئەوانیش هەڕەشەی داخستنی سنورەکانیان دەکرد و لەگەڵ ئێران هاوڕابون کە عێراق پێوسیتە فشار لە کوردەکان بکات.

ئەمەریکییەکان هەمیشە دژی گۆڕانکارییەکان بون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ترسی ئەوەی داڕوخانێکی وەک پولی دۆمینە هەموی بگرێتەوە و هەر جوڵەیەکیش کە وابکات حکومەتی عێراق لاواز بکات، بۆیە بە چەند هەفتەیەک پێش ریفراندۆم بە ئاشکرا بارزانییان راسپارد کە ریفراندۆم نەکات. واشنتۆن هیچی نەکرد کاتێک زانی عەبادی لەگەڵ گروپێکی یەکێتی کە تاڵەبانییەکانن رێککەوتوە لە سەر ئەوەی نەوتی کەرکوک رادەستی عێراق بکەنەوە بە بێ خوێنڕشتن. ئەو رێککەوتنە وادەرکەوت کە لە لایەن ئێرانەوە دروستکرابێت.

دەستبەسەراگرتنی نەوتی کەرکوک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وا دیارە زیاتر کێشەی بۆ رەوشی کوردەکان دروستکردوە بەراورد بە لە دەستدانی شارەکە خۆی. نەوتەکەی گرنگترە بۆ خواستی سەربەخۆیی کوردەکان. داهاتێکی باش دەداتە کوردەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوریان لەگەڵ دراوسێکانیان. لە دەستدانی نەوتەکە مانای وایە دەچنەوە ئەو دۆخەی پێشتر کە پشتیان بە حکومەتی بەغدا دەبەست بۆ داهاتی خۆیان کە ئەوان پشتیان بە کێڵگە گەورەکانی خواروی عێراق بەستوە بۆ داهاتی وڵات. نیازی بەغدا لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەرەوە کە دەستی گرتوە بە سەر کەرکوکدا ئەوەیە کە ئەوانە بگەڕێنێتەوە ژێردەسەڵاتی بەغدا: ئەو ناوچە کوردیانەش ئێستا بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی عێراقدایە.

سەرکردایەتی کورد دو شتی بە هەڵە لێکدایەوە کە بو بە هۆی ئەوەی لەو دۆخە ترسناکەی ئێستادا بن. یەکەمیان چاوەڕوانی بەرزانی کە پێشبینی کردبو ئەمەریکا پشتگیری دەکات ئەگەر بچن بەرەو دروستکردنی دەوڵەت، لە سەر بنەمای ئەوەی کوردەکان هاوسۆز بون لەگەڵ رۆژئاوا و بە هەمان شێوە رۆژئاواش هاوسۆز دەبێت بۆ کورد. سەرکردایەتی کورد باوەڕیان وابو خۆیان سەلماندوە بۆ ئەمەریکا وەک هاوپەیمان و کوردستان وەک بازاڕێکی ناسەربەخۆ دەبێت بۆ فراوانخوازی ئێران.

سەرکردایەتی کورد بۆ ماوەیەکی درێژ پاڵپشتی دیموکراسی بون و دەیانوت کە دەتوانن ببنە مۆدێلێکی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای 2003ەوە. هەمیشە باسی پاراستنی کەمە نەتەوایەتیەکان دەکەن و زیاتر لە ملیۆنێک خەڵک لە باشورەوە ئاوارە بون بۆ کوردستان لە ژێر سایەی هەرێمدا پارێزراون. هەروەها پێیانوایە ویستی ئەوان بۆ بە دەوڵەتبون هیچی کەمتر نیە لەوەی ئەمەریکا لە شەڕی سەربەخۆییدا بەدەستیان هێناوە و هەروەها مافی چارەی خۆنوسین لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپێندراوە.

دوەم خاڵی گرنگی ئەم بابەتە کە نەگەیشتە جێ بەشێکی تری پەیوەندی بە هەڵە لێکدانەوەیەکی تری بارزانییەوە هەیە کە پەیوەندی بە ناوخۆوە هەیە. راستیەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە سەرکردایەتی کورد هەمیشە دەیانەوێت بڵێن کە ئەوان قەڵایەکی گەشەکردوی دیموکراتیان بنیادناوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە راستیدا هەرگیز ئەوە روی نەداوە. لە دوای روخانی سەددام حسێن هەردو حیزبە سەرەکیەکە پارتی دیموکراتی کوردستانی بارزانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی جەلال تاڵەبانی هێزی خۆیان بەکارنەهێنا لە دروست کردنی دامەزراوە و یاساو ئابوریەکی فرەڕەهەنددا، لە بری ئەوە پارەی نەوتیان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و خێزان و کادیرانی هەردو حیزبەکە بەکارهێنا.

ئەو وێرانکاریەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە حوزەیرانی 2014 لە باکوری عێراق رەوشەکەی خراپتر کرد. شەڕی داعش کە نەیارێکی هاوبەشی ئەوان و ئەمەریکایە هەناسەیەکی تری سیاسی دایەوە بە بارزانی، بیانوی دەستکەوت بۆ داخستنی پەرلەمان و چانسێکی تر درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی لەو هەرێمەدا. یاسای شەخسەنەکردن جێگەی حیزبی گرتەوە. هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە کۆنتڕۆڵکراو بو بە پەیوەندیەکی سیاسی و سەربازی و بازرگانی کە پەیوەندی هەبو بە سەرکردە سیاسیەکان و خێزانی هەردو دەسەڵاتەوە.

توشبونی ئەوان بە شەڕەوە لە لایەن دەسەڵاتدارە بەهێزەکانەوە سیستمی سیاسیانی لاواز کردوە. وەزیرەکانی حکومەت لە حیزبی ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتی کەمترە لە وەزیرەکانی پارتی و یەکێتی لە هەمان حکومەتدا کە بوبون بە چاودێری کاروباری حکومەت. مەسرور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی کۆنتڕۆڵی خۆی زیاتر دەکات لە روی ئەمنیەوە سەرەڕای ململانێکانی لەگەڵ ئامۆزاکەی نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکەیە و سەرنژی لە سەر گەشەپێدانی ئابوریە.

پاڵپشتی کردنی سەربازی رۆژئاوا ئەوانی بەهێزتر کرد. ئەمەریکا و وڵاتە ئەوروپیەکان بڕێکی زۆر چەکیان بەخشیوە بە هێزە کوردیەکان. ئەوان بە شێوەیەکی گشتی بەخشیویانە بە حکومەت، بەڵام لە راستیدا پارتی وەریگرتوە. هێزەکانی پارتی و یەکێتی چونە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو شوێنانەی کە کوردی لێ نیشتەجێ نەبو وێرانیان کرد لە شەڕی دژی داعشدا هەروەها نەیاندەهێشت کە جگە لە کوردەکان کەس بگەڕێتەوە مەگەر دڵسۆزی خۆی بۆ هێزەکوردییەکان بسەلماندایە.

لە سەرەتای هێرشەکانی سەر موسڵ لە کۆتایی 2016 بۆ سەر داعش تێکەڵەیەک لە حکومەتی خراپ، جەمسەرگیریی سیاسی و بێزاری بەرچاو زیاتر روی لە هەڵکشان کرد. هەندێک شەڕی کوردەکانی لە دەوروبەری موسڵ وا لێکدایەوە کە بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیانە کە هیچ سودێکی کوردی تیا نیە. پێشمەرگەیەک لە سەرەتای شەڕەکە دەیپرسی “بۆچی ئێمە بۆ ئەم گروپە سیاسیە شەڕ بکەین؟ بۆ بچیین بۆ شەڕ بۆ موسڵ لە کاتێکدا موسڵ بەشێک نیە لە کوردستان؟”.

دابەشبونی سیاسی یەکێتی و پارتی کوردستانی دابەش کردوە لە ناوخۆدا. پارتی کۆنتڕۆڵی هەولێری کردوە و یەکێتیش لە سلێمانی هەروەک ئەوەیە سنورێک ببڕیت لەمەوە بۆ ئەوی تر. روداوەکانی ریفراندۆم و دواتر کێشەکەی قوڵتر کردەوە کە هەردوکیان بۆ مانەوە لە دژی یەکتر ململانێیانە. بۆ پاڵپشتی ریفراندۆم مەسعود بەرزانی توشی کێشە بو لەگەڵ لەگەڵ باڵی تاڵەبانی ناو خودی یەکێتی. ئەمەش وایکرد باڵی ماڵی تاڵەبانی بە نێوەندگیری ئێران هێزەکانیان لە کەرکوک بکشێننەوە و لەگەڵ بەغدا رێکبکەون.

رۆڵی باڵی ماڵی تاڵەبانی قسەی زۆر هەڵەگرت. لە لایەن بارزانییەوە رۆڵی سەرەکیان پێنەدرا لە مەسەلەی ریفراندۆمدا. کاتێ کە بینیان بارزانی رۆڵێکی خراپی هەیە لە ناوچەکە و نێودەوڵەتی، ئەوەیان بە هەل زانی کە رەوشەکە پێچەوانە بکەنەوە بە سەریا. لەگەڵ کشانەوەیان لە کەرکوک هێزەکانی سوپای عێراق بە پشتیوانی ئێران بە ئاسانی چونە ناو کەرکوکەوە.

بارزانی بە پێشکەوتنەکانی کوردستان سەرمەست ببو. باوەڕی وابو کە پاڵپشتی رۆژئاواو پارەی نەوت وایکردوە کە پێوسیتی بە هیچ گفتوگۆیەک نەبێت لەگەڵ ناوەند. حیزبەکەی رێگەی تاک لایەنەی گرتبویەبەر. “ئەگەر سلێمانیشمان لەگەڵ نەبێت دەوڵەتی کوردی لە هەولێر و دهۆک بەشێکی موسڵ رادەگەیەنین” بازرگانێک کە ببو بە پێشمەرگە لە پێش روداوەکانی ئەمدواییە وایدەوت، مەبەستی ئەو ناوچانە بو کە لە ژێر دەستی پارتیدان.

لە ئەنجامی ئەم لەخۆباییبونە، ئێستا گومان هەیە کە بتوانن رۆژێک لە رۆژان دەوڵەت دروستبکەن. ئەو گروپەی لە باکوری سوریا حوکم دەکەن رەنگە رۆژێک روبەڕوی هەمان چارەنوس ببنەوە. ئەوان دەیانەوێت شەڕ بۆ ئەمەریکا بکەن لە بەرامبەر پێدانی چەکی قورس. لەوانەیە ئەمەریکا پشت لەوانیش بکات کە دەوڵەتی ئیسلامی ئەو کاریگەریەی نەمێنێ و واشینتۆن سەرنجی خۆی بخاتە سەر شوێنێکی تر. چی رودەدات لەو دیفاکتۆیەی کە کوردەکان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا دروستیان کردوە؟

هەروەک کوردەکانی عێراق ئەوانیش سودیان لەو هەلە وەرگرتوە کە حکومەتی ناوەند لاواز بوە. لە 2012ەوە بەشار ئەسەد هێزەکانی خۆی لە باکوری سوریا کشاندەوە، ئەمەش بۆشاییەکی دروستکرد بۆ کوردەکان کە لە ژێر کاریگەری پەکەکە دابون. ئەم گروپە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت هەرچەندە سەرکردەکەیان لە لایەن پەکەکەوە راهێنراوە و پەکەکەش لە لایەن ئەمەریکاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

هەروەک عێراق، هێزەکانی یەپەگە بە پاڵپشتی ئەمەریکا شکست لە دوای شکست بە داعشی دەهێنن. ئەم سەرکەوتنانەی یەپەگە ئەنجامی پێچەوانەی هەیە. لە لایەکەوە ویستی ئەوان بۆ ئۆتۆنۆمی لەو ناوچانە دروست دەکات و لە لایەکی ترەوە سەرکردەکانی پەکەکە بەهێز دەکات. ئەم سەرکردانە لە نێوان ویستی بەهێزکردنی پەکەکە بۆ خەباتی دژی تورکیا و بەدەستهێنانی ناوچەیەکی ئازاد لە سوریادا ماونەتەوە.

ئەو تاکڕەوییە سیاسییەی کادیرەکانی پەکەکە کە لە ناو هێزەکانی یەپەگەدان لە باکوری سوریا وای لە بازرگانە کوردەکان کردوە کە سوپاسگوزاری ئاسایشی ناوچەکە بن، بەڵام لە ژێر فشاریشان لە لایەن ئەوانەی قازانج لە شەڕەکە دەکەن. هەروەک دانیشتویەکی مامناوەندی قامیشلۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت “شۆفێری تەکسیەک بوە بە پۆلیسێکی بەهێز و خاوەن دوکانێک مارسیسدی 2017 لێدەخوڕیت چونکە قاچاخی نەوت و چیمەنتۆ دەکەن”. شت لە دەوروبەر زۆر گۆڕاوە و مامۆستا و پارێزەر و دکتۆر کاری بچوک دەکەن تەنها بۆ مانەوە لە ژیاندا.

یەپەگە لە دوڕیانێکدایە. بۆ ئەوەی لە روی سەربازییەوە بەهێزبێت، پێویستە لە پەکەکەوە نزیک بێت، چونکە کادیرە پێشکەوتو فەرماندەکانیان لە لایەن ئەوانەوە راهێنانیان پێکراوە، بەردەوامی ئەمەش رێگرە لەوەی پاڵپشتی خەڵکی ناو سوریا بەدەستبێنن، چونکە ئەوان پێیان وایە پەکەکە بۆ مەسەلەی ناوخۆی سوریا سودمەند نیە. خەڵکی ناوخۆی سوریا بە هەر شێوەیەک لە فکری ئەوان تێبگەن راستەوخۆ تەرجەمەی دەکەنەوە بۆ بەڕێوەبردنی حوکمڕانی لەوناوچەیە. لە لایەکی تریشەوە هاوبەشی ئەوان و پەکەکە راستەوخۆ دەیانکاتە دوژمنی تورکیا، ئەمەش رەوشی ئابوری باکوری سوریا دەخنکێنێ. ئەگەر کوردەکانی سوریا وریا نەبن ئەوا لە لایەن دراوسێکانیانەوە کەنارگیر دەکرێن. ئەنقەرە و دیمەشق لە داهاتودا رەنگە پلان بگێڕن بۆ دەرکردنی یەپەگە و گەڕاندنەوەی حکومەتی ناوەند هەروەک ئەوەی ئەنقەرە گڵۆپی سەوزی بۆ تاران هەڵکرد بۆ گەڕاندنەوەی کوردەکانی باکوری عێراق.

یەپەگە دو رێگەی هەیە بۆ ئەوەی توشی ئەو هەلومەرجە نەبێت، دەستهەڵگرێ لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیە و بیداتە دەست ئەو هێزانەی تر کە لە ناوچەکەدان لە دوای شکستپێهێنانی داعش سەرنج بخاتە سەر بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیەک لە ناوچە کوردیەکان. بۆ ئەوەی ئەمە بکات پێویستە پشت ببەستێ بەو چینە مامناوەندە خوێندەوارەی کوردەکان کە لەگەڵ حیزبەکانی تردان و لەگەڵ پەکەکە لەگەڵ کادیرە سەربازییە مەشق پێکراوەکانی خۆی بە هیوای ئەوەی ئەمەریکا پشتیوانیان لێبکات. ئەمەش لە لایەن تورکیاوە لەوانەیە قبوڵ بکرێت، بە بونی کوردەکان لە سەر سنورەکەی نەک بە دوژمنە هەمیشە نەمرەکەی تورکیا کە پەکەکەیە.

ئەم ستراتیجییە ئاڵۆزە، چونکە هاوپەیمانی ئەمەریکا لەگەڵ کوردەکانی سوریا کەمتر سەقامگیرە وەک لە هاوپەیمانی نێوان واشینتۆن و کوردەکانی باکوری عێراق. لە کۆتایی نۆڤەمبەری ساڵی رابردو سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ وتی کە لەوانەیە یارمەتیە سەربازییەکانی یەپەگە رابگرن. ئەگەر ئەمە نیشانەیەک بێت بۆ پشتگوێخستنی هاوپەیمانەکەیان لە داهاتودا، ئەمە ئەگەری دروستبونی گفتوگۆ دادەنێت لە نێوان یەپەگە و پەکەکەدا- گروپە کوردییەکان هیچ چارێکیان نیە تەنها دابەشکردنی هاوبەشیەکانیان نەبێ بۆ مانەوەی خۆیان لە داهاتودا.

بە پێی ئەم راستییە، سەرکردە کوردەکانی سوریا چاریان نیە جگە لەوەی دامەزراوەو حوکمی خۆیان بکەنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندەوە کە لە ئێستادا توانای نەماوە. یەپەگە لە باکوری سوریا خۆی جێگیر کردوە و حکومەتی ناوەندیش تا ئێستا قبوڵیەتی بە پاڵپشتەکانیشیەوە، هەروەها سەربازەکانیشی لەگەڵ هێزەکانی حکومەت پێکەوەن لە شارەکانی وەک قامیشلی و حەسەکە. پەکەکە مێژویەکی کارکردنیان هەیە لەگەڵ رژێمی سوریا لە ساڵی 1978ەوە کە بارەگایان لە دیمەشق بو کادیرەکانیان لەوێ راهێنانیان دەکرد هەروەها لە دۆڵی بیقاع کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوریادا بو لە لوبنان.

یەپەگە باش دەکات کاتێک سەرنجی خۆیان دەخەنە سەر دروستکردنی حکومەتی کاریگەر و دامەزراوەی بەهێز لەگەڵ کارکردنیان لەگەڵ حیزبەکانی تری ناوچەکە و بانگهێشتکردنەوەی خزمەتگوزاریەکانی وەزارەتەکانی سوریا. ئەمەش وادەکات کە دەرگاکانیان لەگەڵ عێراق بۆ بکرێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی کە سنوریان بە یەکەوەیە، ئێستا لە لایەن عێراقەوە کۆنتڕۆڵکراوە لەگەڵ ئێراندا، چونکە عێراق لە داهاتودا رەنگە پەیوەندیەکانی یەپەگە و سوریا بە ئاسایی ببینێ.

هێشتا رون نیە کە ئەسەد بە هیچ شتێک رازی دەبێت جگە لە کۆنتڕۆڵی تەواوی هەمو سوریا بە ناوچە کوردیەکانیشەوە، بەڵام بە هەمان شێوەش رون نیە ئایا دەتوانێت ئەو ناوچانە وەرگرێتەوە. مۆسکۆ وتویەتی کە ئەوان لەوانەیە دژی ئۆتۆنۆمی نەبن بۆ کوردەکان، زیاتر لەوە لە سەر ئەوە بەندە کە ئایا ئەمەریکا لەگەڵ روسیا رازی دەبن لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی کوردی خۆبەڕێوەبەر کە لە شەڕەکانی سوریاوە سەریهەڵداوە.

بە شکاندنی سنوری نێوان عێراق و سوریا داعش ئەو نەخشە سیاسیەی تێکدا کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هاتەئاراوە. ئەم روداوانە وای لە کوردەکان کرد کە نزیک بنەوە لە خەونی سەربەخۆیی، هەروەها وایکرد وڵاتانی رۆژئاوا دەستێوەردان بکەن بە پشتی کوردەکان و چانسێک بدەن کە سنورەکان بگۆڕدرێ لە بەرژەوەندی کوردەکان. سەرکردایەتی کورد چاوەڕوانی ئەوەبون کە حکومەتی ناوەند هەرەسبهێنێ بەهۆی شەڕی ناوخۆوە و خۆشیان بەهێز بکەن بە هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوا. لە عێراق وا دەرکەوت کە لە سەر شتێکی گرنگتر یارییەکە بکەن. پاڵپشتی رۆژئاوا بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە. بەڵام وا دەرکەوت کە یارییەکەیان دۆڕاند.

رێگەیەکی باشتر هەیە بۆ کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی لە بری پشت بەستن بە هێزەکانی دەرەوە پێویستە کار لە سەر ناوخۆی خۆیان بکەن. تا ساڵێک لەمەوبەر سەرکردایەتی کورد سیاسەتێکی زیرەکانەی هەبو بۆ دروستکردنی دەوڵەت. سەرنجی ئەوان لە سەر نەوت و گاز بو لە ناوخۆی وڵات. زیاتر لە 10 ساڵ سەرمایەیان خستبویە گەڕ لە وەبەرهێنانی نەوت و گاز و بانگهێشتی کۆمپانیاکان، بە گەڕخستنی سەرمایە لە چاڵە نەوتییەکان کە پێشتر نەدۆزرابونەوە. وایکردبو پشتیوانی سیاسییان هەبێت بە هۆی ئەو کۆمپانیایانەوە بە خودی ئەمەریکا و تورکیا و روسیاوە. ئەم رێگەیە ناتگەیەنێتە دروستکردنی دەوڵەت بە ماوەیەکی کەم بەڵام دەبێتە بناغەیەک بۆی.

سەرکردایەتی کورد پێویستە جارێکی تر سەر لە نوێ دەست پێبکاتەوە. بۆ ئەمەش پێوستیان بە دامەزراوەی وا هەیە کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت و مانەوە. پەرلەمانێکی بەهێز و دادگایەکی سەربەخۆی بەهێز دو دامەزراوەی گرنگی ئەو رێگەیەن هەروەها دامەزراوە دژی گەندەڵی و بەهێزکردنی دادگاکانیان.

جەنگی ئەوان بە پاڵپشتی رۆژئاوا دژی داعش وای لە سەرکردایەتی کورد کرد کە کەڵکەڵەی دروستکردنی دەوڵەت بکەوێتە مێشکیان. ئەو لوتبەرزیە سیاسییەی ئەوان بۆ داگیرکردنی شوێنەکانی تر وایکرد کە توشی شکستێکی گەورە ببن و لە لایەن عێراقەوە پاشەکشەیان پێبکرێت. ئەکرێت لە سوریاش ئەوە روبدات. ئەگەر کوردەکان دەیانەوێت بە هەرشێوەیەک بێت داهاتویەکیان هەبێت یا سەربەخۆیی بەدەست بێنن، ئەوە سەرکردایەتی کورد پێویستە پێش هەمو شتێک گرنگی بە چاکسازی ناوخۆ بدات. ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا دوای حەوت ساڵ لە بەهاری عەرەبی رەنگە روبەڕوی بەهاری کوردی ببنەوە لە ناوخۆدا لە لایەن گەنجە توڕە و برسیەکانەوە و بیانەوێت سزایان بدەن لەسەر ئەو رابردوە شکستخواردو خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیەوە کە کردویانە.

 

لەئینگلزییەوە/ روشدی قادر

سەرچاوە/ فۆڕن پۆلسی

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە